ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئومێد نەجم

 هونەرمەند و مەقامبێژ و مۆسیقاژەنەكان، بەم شێوەیە باسی مامۆستا میقداد هونەرمەند و مەقامزانی ناوداری شاری كەركوك دەكەن. لای مەقامبێژان وەك مامۆستایەكی مەقام تەماشا دەكرا. پێیان وایە خزمەتێكی زۆری بە هونەری مەقامات كردووە و جێی دەستی لەوبوارە دیارە. هونەرمەندانی كەركوك بەبێ جیاوازی لە نێوان نەتەوەكان زۆربەیان سوودیان لە تواناكانی وەرگرتوە و وانەی مەقام لەمەقامبێژ مامۆستا میقداد فێربوون. مامۆستا میقداد نەوەی دوای هونەرمەند عەلی مەردان بوو، بە درێژایی تەمەنی، دەیان هونەرمەند و مەقامبێژی پەروردە كردووە.

  هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی مۆسیقاژەن :

" مامۆستا میقداد یەكێكە لە مەقامبێژە هەرە باشەكان لەدوای عەلی مەردان ".

  ئێمە گەر باسی مەقامە كوردییەكان بكەین، دەبێت ناوچەی گەرمیان و كەركوكمان بیرنەچێت، كە لانەی مەقامەكانن. چەند كەسێك لەكەركوكدا هەن بەتایبەتی لەو مەقامزانانەن. من ژمارەیەك لەو مەقامبێژانەم دیوە كە لەشاری كەركوكی خۆشەویست دیومن و بەخزمەتیان گەیشتوم. یەكێك لەوانە خوالێخۆشبوو مامۆستا میقدادبوو ، كە لەبواری مەقامەكان شارەزاییەكی زۆر باشی هەبوو، بەتایبەتی لە مەقاماتی بەغدادی، هەتا لە مەقامە كوردییەكانیش شارەزاییەكی باشی هەبوو.

چەند جار حەزم دەكرد لەنزیكەوە زیاتر لەگەڵی ئاشنابم و لەڕووی زانستیەوە باسی ئەو مەقامانەی لەگەڵ بكەم. بەڵأم بەداخەوە دەرفەتی ئەوە نەبوو لەگەڵی دانیشم و قسەی لەگەڵدا بكەم. ئەو بە گوێبیستی لەگەڵ مەقامەكان دەژیا نەك بە شێوەی ئەكادیمی و نۆتەی مۆسیقی. زیاتر گوێم لێ دەگرت كە ئەو مەقامانەی دەوتەوە، بە تەفاسیل، زۆر جوان ئەدای دەكرد.

مامۆستا میقداد یەكێك بوو لەو مەقامبێژە شارەزایانەی كەوا لەناو شاری كەركوكدا من دەستنیشانی دەكەم، یەكێكە لە هەرە مەقامبێژە باشەكان لەدوای عەلی مەردان.

بەڵام بەداخەوە لەو سەردەمانەی خۆیدا ئەو دۆخەی بۆ هەڵنەكەوتوە شتەكانی تۆمار بكات لەگەڵ گروپێكی موسیقی جوان. مامۆستا میقداد، دەبوایە ئەرشیفێكی گەورەی تۆماركراوی لە تەلەفزیۆنی كەركوك یان ڕادیۆی بەغداد هەبوایە ، بەڵام ئایا خەتای خۆیەتی یان خەتای سیستەم و رژێمەكە بووە نەیهێشتووە، یان خەتای هونەرمەندە مۆسیقیەكان بووەو یارمەتیان نەداوە. زۆر هۆكار هەبوونە كە ئێمە سەیری بكەین، بڵێین بۆیە وەك پێویست نەهاتۆتە پێشەوە و نەكەوتۆتە پێش و نەناسراوە.

  محەمەد ڕەئوف هونەرمەند و مەقامبێژی توركمان:

" كاك میقداد گەنجەكانی تەشجیع دەكرد و حەسود نەبوو"

  كاك میقداد خوا عەفوی بكات جێی جەنەتە، بە حەقیقەت پیاوێ باش بوو. شەخسیەتەكەی قورس بوو، گەنجەكانی تەشجیع ئەكرد و حەسود نەبوو. هەموو كەس لێی ڕازی بوو، خواش ئینشالله لێی رازی دەبێت. دامەزرێنەر و دانەری بەیت ولمەقام (بیت المقام)ی كەركوك بوو. 

من لەساڵی 1994 بەهۆی بیت المقام كاك میقداد دەناسم. چەندین جار بەیەكەوە بۆ بەشداری میهرەجان چووینە بۆ بەغداد و مەقاممان خوێندووە.

كاك میقداد لە بەیتولمەقام دەرسی مەقامی دەوتەوە، چەندین قوتابی پێگەیاندبوو و لەوەوە فێری مەقام ببوون، لەوانە: (وەلید بەیرەقدار، ئەحمەد نەجیب) زۆر كەسی تر، قوتابی زۆر بوون، حەقیقەتەن پیاوێكی باشبوو. لەدوای كەسەوە قسەی ناكرد، لەبەردەم خۆی قسەی دەكرد. ئەم سیفەتانە لەهەركەسێكدابێت ئەوا هیچ نامرێ و چراكەی ناكوژێتەوە.

  هونەرمەند عەباس محەمەد:

" یوسف عومەر مەقامبێژی بەناوبانگی عەرەب هاوڕێی بووە و سودیان لەیەكتر وەرگرتوە"

  مامۆستا میقداد لەساڵی 1960ەوە هاوڕێمە، پەیوەندیمان زۆر بەهێز بوو. كاك میقداد كەسی عاجز ناكرد، پیاوێك بوو كۆڕی خۆش بوو، قسەی خۆش بوو. تابڵێی جوان و بەرەوشت بوو. خەڵكی خۆش ئەویست، حەسادەتی نەبوو، حەزی دەكرد ئەو زانیارییەی هەیەتی، بیبەخشێت. مەقامزانێكی شارەزابوو، لەوبوارە جێی دەستی دیارە. چی مەقامە عەرەبیەكان، چ مەقامە كوردییەكان، وە وردەكاری مەقامەكانیی دەزانی. مەقامە عەرەبیەكانی زۆر جوان لەسەر شێواز و ئسلوبی كەركوكیانە دەوتەوە. مامۆستا میقداد هاوڕێی هونەرمەندانی كورد و توركمان و عەرەب بوو.

ماوەیەك لەماڵەكەی یوسف عومەر مەقامبێژی بەناوبانگی عەرەب لەبەغداد ژیاوە، یوسف عومەر كەس نیە شان لەشانی بدات لەدوای مامۆستاكەی كە قوبانچی بوو. مامۆستا میقداد سودی لەیوسف عومەر دەربارەی شێوازی مەقامی عەرەبی و مەقاماتی بەغدادی وەرگرتوە. یوسف عومەریش سودی لە مامۆستا میقداد لەشێوازی مەقاماتی كەركوكی وەرگرتووە. چونكە مامۆستا میقداد شێوازی مەقامخوێندنی كەركوكیانە بوو، یوسف عومەریش مەقامەكانی بەئسلوبی بەغدادی دەخوێنی. وە مامۆستا میقداد زۆر سودی لە مامۆستا عەلی مەردان وەرگرتووە، خزمایەتیشی لەگەڵیدا هەبووەو هەردووكیان پەروەردەی بەرتەكیە بوون. 

مامۆستا میقداد شارەزای هەموو مەقامە كوردییەكان بوو، بەڵام وەكو وتنی ئەو مەقامانە ئەرشیفی نییە، خۆی گرنگی نەدابوو بەوەی كە گۆرانیبێژە، وەكو مامۆستایەك حەزی دەكرد خزمەتی هونەرەكەی بكات. چەندین قوتابی پێگەیاند. من خۆم زۆر سودم لەو وەرگرتووە. لەسەر مەقام هەر پرسیارێكم هەبوایە یەكسەر لە كاك میقدادم دەپرسی. هەر لەبەرئەوەش لە رادیۆ و تەلەفزیۆن بەرهەمی نییە یا كەمە، چونكە ئەو خۆی بە گۆرانیبێژ دانەئەنا، بەڵكو خۆی بە مامۆستایەكی مەقام دەزانی. 

كاك میقداد كەمتەرخەم نەبوو بەرامبەر بە هونەر و میللەتەكەی، دەتوانم بڵێم سەد قوتابی پێگەیاندووە. هەر ئەوەندەی پێ دەكرێت، كابرایەك لەسەر ئەرك و ماندووبونی خۆی خەڵكی فێری مەقام دەكرد و زۆر كەس سودی لێی وەرگرت. بەداخەوە هیچ خزمەتێكی مامۆستا نەكرا.....

  هونەرمەند حەسەن غەریب

" چەندین مەقامبێژی پێگەیاندووە بەڵام بەداخەوە وەكو پێویست خزمەتی ئەو پیاوە نەكرا"

 

بەڕاستی ئەو پیاوە جێگای پەنجەی دیارە. ئاگادارم چەند قوتابیەكی هەیە لە بەیتولمەقام و ناوەندی عەلی مەردان، زۆریان بەشانازییەوە باسی مامۆستا میقداد دەكەن، وەكو كاك دانا و كاكە ئەحمەد و كۆمەڵێك هونەرمەندی تر.

ئەو پیاوە لەبواری مەقام: مەقامناس و مەقامزان بوو. ئێمە گرنگە ئەو شتە بزانین مەقامناس و مەقامزانمان هەیە و مەقامبێژیشمان هەیە. ئەو سێ شتە دەبێت لەیەكتر جیا بكەینەوە.

مەقامناس كەسێكە هیچ پەیوەندی بەدەنگ خۆشی و بواری مۆسیقا نییە، بەڵام ئەمەندە گوێڕایەڵی مەقام و ئەو شتانە بووە كە مەقامێك بڵێی ئەیناسێتەوە، دەڵێ ئەمە مەقام بەیاتە، ئەوە راستە، ئەوە حیجازە، مەقامبێژ ئەدای دەكات. مەقامزان ئەبێ لەبواری مۆسیقا شارەزایی هەبێ، دوایی دەنگێكی باشی هەبێت و ئەدای بكات، بەمە دەڵێن: مەقامزان.

مامۆستا میقداد مەقامناس بوو و دەنگی لەباربوو بۆ خوێندنی مەقامات، بەتایبەت مەقامە شەرقییەكان و مەقامە كوردییەكان، هەمووی بەجوانی زانیوە، بەڵام بەداخەوە ئەرشیفی كەمی هەیە. هەرچەندە وەكو پێویست خزمەتی ئەو پیاوە نەكرا بەڵام مەقامزانێكی گەورە بوو. ئەو پیاوە ئەوەی لەتوانایدا بوو پێشكەشی كردو و چەندین هونەرمەندی مەقامبێژی پێگەیاند.