ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دیسان دیسان

جارێکی دی مەنجەنیقی دۆزەخ ئاسا

نەوە دڕندەکانی جەنگیزخان

ئەردۆغانی تازە سوڵتان

لە بۆ ئێمەیان داگیرسان

چەندی سەر دێنم و دەبەم

لە توونی بابای تاریک و

ئەنگوستەچاوی مێژوودا

تێدەپەڕم و گوزەر دەکەم

دەڵێم لەوەتی خۆم ناسیوە

خۆم دەبینم قوربانیم داوە و

بۆ خەڵکی دی بووم بە قۆچی قوربانی و

هەرئەمن سەرم بڕاوە

هەرچی یاساو شەرعی دنیا هەیە

بۆ کوشتنی من دەنگی داناوە

هەر دەڵێی بۆ من دانراوە

جارێکیان بەناوی ئایین

سورەتی نەسر دەخوێنن

یەکێکیان سورەتی ئەنفال

ئەمڕۆش لە نۆ هەزار مزگەوت

لە وڵاتی سوڵتان ئەردۆغان

سورەتی فتح دەخوێنن

بۆ قڕکردنی ژن و منداڵ

مەلای تورکی لەخوا نەترسی ڕدێن بزن

دەڵێ هەقتان نەبێ , مار و دووپشک مەکوژن

لە هەرکوێیەک دەستتان کەوتن

هەرکوردی کافر بکوژن

دەستیان هیچ لێ مەپارێزن

کوڕ بن , کچ بن پیاو بن یاخود ژن

جارێ بە ناوێکی دیکە کە لای خۆیان هەیە و باوە

خوایە وا دیسان ئاگربارانە

خەڵکی بێ چەک بێ دەرەتان

نازانین ڕوو لە کام لا کەین

هانا و داد لە بۆ کێ ببەین

خوایە لەسەر زەوی و لە ئاسمان

جێیەکم نییە بۆ ژیان

لە ئاسمانێ , بۆمبام بەسەر دادەبارێ

لەسەر زەویش گوللە تۆپە

هەر وەک بارانی بەهارێ

لە هەموو لا بەسەرمدا دێتە خوارێ

ئای خوایە گیان , نازانم داد بۆ کێ بەرم

هەر کەسێ هانای بۆ دەبەم

ئەوەی وا لە دەور و بەرم

تینووە بە خوێنی سەرم

زەوی بەو گە ورەییەی خۆی

لێم بۆتە چەرمی چۆلەکە

دەڵێن جێی تۆی تیا نابێتەوە

دەڵێن دەبێ ئاسمانی تۆ

هەر ئاوا تاریکستان بێ

وڵاتی تۆ دەبێ دیلستان بێ

دەڵێن دەبێ کەللەی سەرتان

هەموو دەمێک گۆی مەیدان بێ

دەڵێن دەبێ دار و درەخت

بۆ ئێوە ببنە سێدارە

دەڵێن لەهەر کووچەو کۆڵانێکدا

بۆتان هەڵدەخرێ قەنارە

دەڵێن دەبێ کانی

چاوی کوێر بێ , دابخرێ بیلبیلەکانی

دەبێ سۆمای هەردوو چاوی دابێ

دەڵێن نابێ درەخت هەبێ , نابێ , نابێ

دەڵێن هەرچی چیاتان هەیە

تەختی دەکەین , نابێ شاخێک هەبێ

کەوا بە پێوە وەستابێ

دەڵێن نابێ خەڵقندەیەک هەبێ

ناوی کوردی لێ نرابێ

خوایە ئینجا ئەمن چی بکەم

لەسەر ئەم ڕووی زەمینە

کە تۆ لە قورئانی پیرۆز

ناوت بردووە و هێناوە

بستێک لەسەر ئەم خاکەدا

جێی منی تێدا نەماوە

بۆ هەر لایەک هەنگاو دەنێم , شەقاو داوێم

تا چاو بڕ کا سەیر دەکەم

لە چوار لا ڕێم لێ گیراوە

گشت لایەکم لێ تەنراوە

خوایە ئەمنیش بەندەی تۆم وەکو خەڵک

هەر پەروەرێنی منی و دەتپەرستم

قورئانەکەی تۆ دەخوێنم

لەلای تۆیە هۆش و هەستم

لە پێناو یەکتایی تۆدا

قوربانیم دا بە هەزاران

ماڵوێران بووم لە زێدی خۆم

دەریان کردم لە هەواران

نازانم بۆ ؟ تێدا ماوم

وڕ و گێژ و سەرسوڕماوم

هانا هەر لە بۆ تۆ دێنن

ژن و کچ و پیر و لاوم

خوایە گیان ئێستا کە ئەمن

کەسم نییە و خۆم بە تەنیام

شوێنێ نییە کە ڕووی تێ کەم

هەموو کەسێک خودای هەیە

لێم بە کوفر مەگرە خوایە

ئەگەر بڵێم وا دیارە ئەمن بێ خوام

خوایە لەم سەر زەوییە

گشت ڕێیەکمان لێ گیراوە

پەروەرێنم هەر بە تەنیا

رێگاکەی لای تۆمان ماوە

بۆچی هێچ کەس لایەکمان لێ ناکاتەوە ؟

ئاخر بۆچی کەسێک نییە

ئاوڕێکمان لێ بداتەوە؟

دڕندەکان تێم بەربوون

ڕێگەم نادەن دەنگم بگاتە ئاسمان

ناهێڵن هانات بۆ بێنم تاکە یەزدان

ئەدی منیش بەندەی تۆ نیم ؟

خۆ ئەگەرمن جنۆکەش بم

ئەی منیش دەسکردەی تۆ نیم ؟

ئێمە هەمو قوڕئان خوێنین

هەموو بەندەی پەروەرێنین

خوایە نازانم بۆ کاتێ

ئێمەی ئایینداری کورد

دەگەین بە سورەتی ئەنفال

بێ دەنگ و کز دادەمێنین

گیان دەدەین دەم دادەچەقێنین ؟