ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جەلال دەباغ کردوویە بەکوردی

(نامەی هەشتاویەک تا نەوەد )(٨١-٩٠)

  

(٨١)

دوای ئەوەی رۆما سوتا

تۆش لەگەڵیدا سوتای..

چاوڕوانی من نەکەی..

شیعرێکی لاوانەوەت بۆ بنووسم

ڕانەهاتوم..

بۆ چۆلەکە مردووەکان شیوەن بکەم..

لە دوا نامەتدا نووسیوتە:

"جەنگم لەگەڵ تۆدا دۆڕاند".

جا دۆستەکەم، کەی تۆ چوویتە ناو جەنگەوە،

تا ئێستاکە بیدۆڕێنیت

جەنگەکەی تۆ لەسەر شێوەی دۆنکیشۆتبوو..

لەکاتیکدا..

لەسەر جێگەی نووستنەکە خۆت ڕاکێشا..

هێرشت بردەسەر ئاشەکان..

شەڕت لەگەڵ بایەکەکرد..

تاقە نینۆکێکت نەکەوت..

لەو نینۆکانەی بۆیەتکردوون..

تاقە تاڵێک..

لەپرچە درێژەکەت هەڵنەوەری..

یەک دڵۆپ خوێن نەکەوتەسەر.. 

کراسە سپیەکەی بەرت..

*

تۆ باسی کام جەنگە دەکەیت؟

لەگەڵ پیاوێکی راستیدا..

تۆ نەچوویتە یەک جەنگەوە..

دەستت لە باڵیی نەداوە..

بۆنی سنگیت نەکردووە..

بە ئارەقەی.. خۆت نەشوشتووە..

بەڵکو تۆ..

پیاوانت لە کاخەز دادەهێنا..

سوارەکانیش هەر لە کاخەز..

ئەسپەکانیش هەر لە کاخەز..

خۆشتدەویست.. ئاشقدەبووی..لەسەر کاخەز..

*

جا ئەی دۆنکیشۆتی گچکە..

لە خەو هەستە،

دەم و چاوەکانت بشۆ،

کوپی شیری بەیانیانت بخۆرەوە..

دوای ئەوە خۆت باشدەزانیت..

ئەو پیاوانەی ئاشقیانبوویت..

لە کاخەزبوون..

(٨٣)

جا ئایا تۆ..

چارێکت بۆ..

مەسەلەکەی ئێمەت هەیە؟

بۆ ئەم کەشتییە کونبووە چارت هەیە

کە ناتوانێ سەرئاوکەوێ

ناشتوانێ نوقومببێ..

*

من وەکو خۆم..

گشت چارەکردنەکانی تۆم..

لا پەسەندە..

هێندەی بەسبێ..

سوێراوی دەریام نۆشیوە..

هێندەی بەسبێ..

خۆرەکان پێستیان برژاندووم..

هێندەی بەسبێ..

ماسییە دڕندەکان گۆشتیان خواردووم..

*

من وەکو خۆم..

لە کۆچبەریی زۆر بێزاربووم..

لە بێزاریی زۆر بێزاربووم

جا ئاخۆ تۆ.. 

چارێکت بۆ..

ئەم شمشێرە لەدەستدایە..

کە پیاماندا رۆدەچێت و ..نامانکوژێت؟

ئایا چارێکت لاهەیە؟

بۆ ئەم بەنگەی چەند دەیکێشین..

بێ هۆش نابین..

*

من خۆم..دەمەوێ..

پشوو بدەم..

لەسەر هەر بەردێ..

هەر شانێ

پشوو بدەم.. 

لەو کەشتییانەی بێ چارۆکەن..

لەو شۆستانەی بەبێ شۆستەن..

زۆر ماندوبووم.

چارکردنەکانت پیشکەشکە خانمەکەم!

وەرە لەپێش بینینیاندا بۆت ئیمزاکەم..

ئیتر لێمگەڕی بابنووم خانمەکەم..

(٨٤)

دوای نیوەڕۆ دەنگت دەهات

کڵپەی گرتبوو وەک قاڵبێ زێڕ

من ژنێکم هەبوو..

لەنێوان دوو مەمکۆڵەیدا..

قسەم لەگەڵیدا دەکرد..

بەسەر لاشەکەیدا..

بازم بۆ لای تۆدا..

بەسەر لەشی گشت ژناندا..

بازدەدەم و دێم بۆ لای تۆ..

لە سێبەردا جێیاندێڵم..

تەنیا لەگەڵ تۆدا دەڕۆم..

*

ئەوەی روویدا زۆرخراپبوو..

ترسناک و چارەگرانبوو..

ناشرینبوو.. دڵداریت لەگەڵ بکەم..

لەسەر دوو مەمکۆڵەی رووت وەستاوم..

بەڵام کردم..

بەڵام کردم..

با ڕووبەڕووتبووەستمەوە..

بە زۆری ئەو ژنانەی دەیانناسم..

با رزگاربم لە پەنجەمۆرەکانت لەسەر رۆژانم..

*

بەڵام کاتێک دەنگتم بیست بە تەلەفۆن..

کڵپەیدەدا وەک قاڵبە زێڕ..

ژنەکانمم لەبیرکرد،

باشترو پەسەندترم.. لەسە جێگە

بەدووتکەوتم..

ئەی داگیرکەری وردەکانی تەمەنم..

بۆ چرکەیەک دەستهەڵگرە.. لەئارەزوو حەزەکانم..

نازانم..

چۆن جەستەی خۆم بەکاربێنم..

(٨٥)

بەژمێرە خۆشتویستم..

بە هۆنراوە خۆشمویستی..

سەرم خستە سەر سەرینێک لە بەرد..

سەرت خستە سەر سەرینێک لە هۆنراوە..

تۆ ماسییەکت پێدام..من دەریاکە..

دڵۆپە زەیتێکی چرای زەیتیت پێدام..

من چراکەم بە تۆ بەخشی..

تۆ دەنکە گەنمێکت پێدام..

هەموو خەرمانەکەم بۆ تۆ پێچایەوە..

منتبردە ناو ئەو شارەی سەرماوسۆڵەی نیشتەجێیە..

منیش تۆمبرد بۆ ئەو شارەی..

سەرسامیی تیا نیشتەجێیە..

تۆ بەڕێزو شکۆمەندبووی.. وەک مامۆستای قوتابخانە..

زۆر بەنرخ و بەجێبووی وەک ئامێری ژماردن..

پەناتبردە بەر سنگی من..

چونکە سنگی من گەرمبوو..تۆش لەسەرماندا مردبووی

تۆ قایلبووی کە خۆراکی هەنجیرو مێوژ بدەمە

مەمکەکانت

چونکە هەردوکیان چەند سەدەیە..

هیچیان نەخواردووە..

لێوەکانی خۆت دا بەمن، بەڵام لە هەڵامەت دەترسایت

دەستت گوشیم لەکاتێکدا..

دەستکێشی دانتێلت لەدەستبوو..

بەڵام من خۆم..

نیوەی دەمم لەناو دەمی تۆدا 

جێهێشت..

نیوەی پەنجەکانی خۆمم..لەناودەستی تۆدا 

جێهێشت..

(٨٦)

فنجانە قاوەکەت بخۆرەوە..

بەهێمنی گوێ لە وشەکانی من بگرە..

لەوانەیە..

جارێکیتر پێکەوە قاوە نەخۆینەوە..

لەوانەیە بوارم نەبێ جارێکیتر قسەبکەم..

*

باسی تۆ ناکەم..

باسی خۆشم ناکەم

ئێمە دوو سفرین لای چەپی خۆشەویستی..

دوو دێڕین بە قەڵەمی ڕەش لەپەڕاوێزدا نووسراوین..

بەڵا م من باسی ئەوە دەکەم..

کە لەتۆ گەورەترەو..لە منیش گەورەترە..

لە تۆ پاک و تەمیزترەو..لە من پاک و تەمیزترە..

دێمە سەرباسی خۆشەویستی..

باسی ئەو پەپۆلە سەرسوڕهێنەرە..

کە لەسەر شانمان نیشتەوەو دەرمانکرد..

باسی ئەو ماسییە زێڕینە..

کە لە قوڵایی دەریاوە بۆمان دەرکەوت..

وردوخاشمانکرد..

باسی ئەو ئەستێرە شینەی

کە دەستی بۆمان درێژکردو رەتمانکرد..

*

مەسەلەکە ئەوە نییە ..

جانتاکەت هەڵگریت و بڕؤیت.

هەموو ژنان..

لە چرکە ساتی توڕەییدا..

جانتاکانیان دەبەن و دەڕۆن..

مەسەلەکە ئەوە نییە..

بەتوڕەیی بەرماخەکەم بە قوماشی کورسییەکاندا بکوژێنمەوە..

هەموو پیاوان لەکاتی توڕەبوونیاندا..

قوماشی سەر کورسییەکان دەسوتێنن..

مەسەلەکە ئاوابەسانایی نیە..

نەپەیوەندیی بە تۆوەیە.. نەپەیوەندیی بەمنەوە

ئێمە دوو سفرین لەسەر چەپی خۆشەویستی..

دوو دێڕیشین بەقەڵەمی ڕەش.. لەسەر پەڕاوێز نووسراوین..

مەسەلەکە هی ئەم ماسییە زێڕینەیە..

کە رۆژێکیان دەریا بۆی فڕێداین و..

لەنێوانی پەنجەکاندا وردوخاشمانکرد..

(٨٧)

من بە دەسەڵاتی پاشایی گوناهبارکراوم..

لەدۆستەکانم و.. لە دوژمنەکانمەوە..

گوناهبارکراون بە دەسەڵاتی پاشایی.

کە ژنان کۆدەکەمەوە..

هەر وەکو چۆن پوولی پۆستە..

قاوغە شقارتەی بەتاڵ..

کۆدەکەمەوەو بە دەرزی بەسەر دیوارەکانی ژوورەکەمدا..

هەڵیاندەواسم..

بیر لەوە ناکەمەوە.. لەکەس داوای لێبوردن بکەم..

نیازیشم نییە پارێزەرێک بکەم بە برێکاری خۆم..

تا سەرم لەپەتی خنکان رزگاربکات.

هەزارانجار..

لە سیدارەدراوم..

تەنانەت ملم لەسەر خنکان ڕاهاتووە..

جەستەم لەسەر..سواربوونی ئامبوڵانسی.. 

فریاکەوتن ڕاهاتووە..

*

نیازم نییە داوای لێبوردن لەکەس بکەم..

لە کەسیشم ناوێ..فەرمانی بێتاوانیم..

بۆ دەر بکرێت..

بەڵام من.. دەمەوێ بەتۆ بڵێم .. بڵێم..

تەنیا بەتۆ، خۆشەویستم..

لە دانیشتنێکی ئاشکرادا.

لەپێش هەموو ئەوانەدا.. کە دادگایی مندەکەن..

بەتاوانی بوونی زیاتر لەیەک ژن..

مۆنۆپۆلکردنی بۆنەکان، موستیلەکان و، شانەکان

لەسەردەمی شەڕدا..

دەمەوێ بڵێم:

من بەتەنیا تۆم خۆشدەوێت..

دەورتدەدەم..

هەروەکو چۆن توێکڵە هەنار دەوری دەنکەکانی دەدات..

یان فرمێسک لە چاودا..

چەقۆ لە بریندا..

دەمەوێ بڵێم..

ئەگەرچی بۆ جاریکیشبێ

من قوتابیی شاهەنشانیم

هەرگیز حەزی کۆمەڵکوژیم نەکردەوە.. نەکردووە

ژنم لە ترشەلۆکی کبریتدا نەتواندۆتەوە.

بەڵام شاعیرێکم..

بەدەنگی بەرز دەنووسێت..

بە دەنگی بەرز ئاشقدەبێت..

منداڵێکی چاوشین ..

بەبەردەرگای شارەکەدا هەڵواسراوە..

منداڵێتی نازانێت..

(٨٨)

بۆچی خەبەرمدەدەیتێ.. خانمەکەم؟

بۆچی بەم شێوازە شارستانییە دەستدرێژیم دەکەیتەسەر؟

لەبەر ئەوەی زەمانی بەزەیی مردووە.

وەرزی بەیلەسان مردووە.

بۆچی..دەنگت رادەسپێریت..

جارێکیتر تێرۆرمکات؟

من پیاوێکی مردووم.

مردوش دووجار نامرێت.

دەنگت نینۆکی هەیە..

گۆشتم، وەک چەرچەفی شامیی چنراوە، بەلێدان..

پەتێک لە یاسەمین.. لەنێوانی من و تۆدا درێژبووە

ئێستاش بۆتە پەتی سێدارە..

تەلەفۆنەکەی تۆ..

نوێنێکی ئاوریشمبوو لەسەری ڕادەکشام..

بووە خاچێک لە دڕک لەسەری خوێنم بەردەبێت..

بەدەنگی تۆ دڵخۆش دەبووم..

کە لە بیستەری تەلەفۆنەکەوە دەردەچوو..

وەک چۆلەکەیەکی سەوز..

قاوەکەم لەگەڵی دەخۆمەوە..

جگەرەی لەگەڵ دەکێشم..

لەگەڵیدا..

بۆ هەموو ئاسۆیەکان دەفڕم..

سەرچاوەیەک، چەترێک و، پانکەیەکبوو..

خۆشی و، بۆنی دەشتودەری بۆ هەڵدەگرتم..

وەک زەنگەکانی رۆژی هەینیی خەمگینی لێهاتبوو

بەبارانی لێقەومانێکی بە ئازار من دەشوات و دەشواتەوە..

*

ئەم کوشتوبڕە ڕاگرە خانمەکەم

گشت خوێنبەرەکانم پچڕاون..

دەمارەکانم هەموویان پچڕاون..

لەوانەیە..

وەکوجاران..

دەنگت هێشتا وەنەوشەیی، مۆربێت

-بەڵام من- بە داخەوە

نایبینم..نایبینم..

من تووشی نابینایی رەنگەکانبووم..

(٨٩)

ئایا بە خۆشەویستیمان گەیشتینە خاڵی نەگەڕانەوە؟

گەڕانەوە ناچێتە ناو چوارچێوەی خەمەکانم.

رۆیشتن لەگەڵت.. بەرەوتۆ.. بۆتۆ

بنچینەی بیرکردنەوەی منە.

ئەو رۆیشتنەی ناگەڕێتەوە

بلیتی گەڕانەوەی پێنییە

*

من تۆمخۆشدەوێت..

لە دژی مردن بەهۆی ئەشقەوە

داوای بەڵگەنامەی بیمەت لێناکەم.

بەڵکو بەپێچەوانەوە – داواتلێدەکەم -

کە یارمەتیم بدەیت بۆ مردن بە سوتاندن

لەسەر شێوازی بودییەکان..

ژنێکی وەک تۆ

توێکڵی گەردوون لەتدەکات

زەوی دەبێتە قاوغە شقارتەیەک لە دەستی منداڵێکدا..

*

تۆ شێتی ئەگەر.. وابیربکەیتەوە

من لای تۆ بەدوای دڵنیابووندا دەگەڕێم..

یان من وابیردەکەمەوە 

جارێکیتر بگەڕێمەوە بۆ وشکانی.

من هەموو مێژوی وشکانیی خۆمم ..

لەبیرچۆتەوە

شەقامەکان، شۆستەکان، درەختەکانی سەرو

هەموو ئەو شتانەشم لەبیرچۆتەوە

کە دەتوانن ئەدرەسەکانیان بگۆڕن..

من تۆم خۆشدەوێت..

حەبی خەوم ناوێت بۆ تاسەو بۆ حەزەکانم..

حەبم ناوێت بۆ بەرگری لە گێژبوون

من ئاوا باشم

من ئاوا باشم

من لە باشترین بارودۆخمدا دەبم

کاتێ تووشبوونی وڕێنە هێرشم دەکاتەسەر..

مێژوی روخساری خۆم لەبیردەچێت

پانتایی جەستەم لەبیردەچێت

لەژێر خۆری مەمکۆڵەکانتدا..دەپلیشێمەوە

وەک چۆن شارێک لە مۆم تەختدەبێ..

من لای تۆ بەدوای دڵنیاییدا دەگەڕێم..

یان من بیردەکەمەوە 

کە جارێکیتر بگەڕێمەوە وشکانی.

من هەموو مێژوی وشکانیی خۆم لەبیرچۆتەوە

شەقامەکان،شۆستەکان،درەختەکانیسەرو

هەمووئەو شتانەم لەبیرچۆتەوە کە ناتوانن ئەدرەسەکانیان بگۆڕن..

من تۆم خۆشدەوێت..

حەبی خەوم ناوێت بۆ تاسەو حەزەکانم..

حەبیشم ناوێت بۆ بەرگریی سەرگێژبوون

من ئاوا باشم..

من ئاوا باشم..

من لا باشترن بارودۆخمدا دەبم

کاتێک توشبوونی وڕێنە هێرشم بۆ دێنێت..

مێژوی روخساری خۆم لە بیر دەچێتەوە..

پانتایی جەستەم لەبیردەچێتەوە

لەژێر خۆری مەمکۆڵەکانتدا..لەناودەچم

وەک شارێکی لە مۆم کراو لەناودەچێت..

(٩٠)

نامەکانت، لە سندوقی پۆستەکەمدا،

گوڵە یاسەمینێکی گەشە

کۆترێکی ماڵییە..

چاوەڕوانم دەکات کە لە ناو دەستمدا بنوێت

سوپاس بۆ تۆ ئەی دەستبڵاو..

سوپاس بۆ وەرزی یاسەمین..

*

دەپرسیت:

کەتۆ لێرەنەبوویت چیمکردووە؟

لێرەنەبوونت رووینەداوە.

گەشتەکەت نەکراوە.

خۆت و جانتایەکانت..

لەسەرشۆستەی بیرکردنەوەم مابوونەوە

پاسپۆرتەکەت لەلای من بوو

بلیتی فڕۆکەکەش لەگیرفانمدابوو..

*

سەفەر بۆ تۆ قەدەغەیە..

تەنیا لەناو سنووری هەرێمگیریی دڵمانەبێت..

سەفەربۆتۆقەدەغەیە..

لەدەرەوەی نەخشەی سۆزەکانم و بایەخدانی من بەتۆ..

تۆ منداڵێکی نازانێت 

خۆی بەتەنیا سەفەربکات..

بەسەر شۆستەی شارەکانی خۆشەویستیدا..

خۆی بەتەنیا بڕوات..

لە ئوتێلەکانی خەوندا..خۆی بەتەنیا دابەزێت.

یا لەگەڵ من سەفەردەکەیت..

یان سەفەرناکەیت..

لەگەڵ مندا نانی بەیانیانت دەخۆیت..

لە شەقامە قەڵەباڵغەکاندا

خۆتبەسەرشانمدادەدەیت.

یان هەر برسی دەمێنیەوە..

هەر لە ونبووندا دەبیت..

نامەکەت لە سندوقی پۆستەکەمدا

دورگەیەکی یاقوتە..

لەبارەی بەیروتەوە دەپرسیت..

شەقامەکانی بەیروت، گۆڕەپانەکانی، چایخانەکانی،

چێشتخانەکانی، بەندەرەکانی..کەشتیگەلەکانی..

هەموویان دەرژێنە ناو چاوەکانت

رۆژێک چاوەکانت دەنوقێنیت..

بەیروت وندەبێت..

لەمەوبەر وامنەدەبینی..

ئافرەتێک بتوانێت شارێک ئاوەدانبکاتەوە..

شارێک دابهێنێت..

رۆژو، دەریاو، شارستانیەکەی..

بدا بە شارێک..

جا بۆچی باسی شارو نیشتیمانەکان بکەم؟

تۆ نیشتیمانی منیت..

روخسارت نیشتیمانمە..

دەنگت نیشتیمانمە..

بۆشایی دەستە گچکەکانت نیشتیمانمە..

لەم نیشتیماندا لەدایکبووم..

هەرلەم نیشتیمانەدا..

دەمەوێ بمرم..

*

نامەکەت لە سندوقی پۆستەکەمدا

خۆرێکی ئەفریقاییە..

من خۆشمدەوێیت

لەسەر ئاستێکی دڕندانە خۆشمدەوێیت..

لەسەر ئاستی ئاگرو بوومەلەرزە خۆشمدەوێیت..

لەسەر ئاستی تاو شەیدابوون..خۆشمدەوێیت..

جارێکیتر سەفەرمەکە..

چونکە لەوکاتەوەی کۆچتکردووە-

خودا دەستی بەگریانێکی پڕتوڕەبوون کردووە..

مانی لە خواردن گرتووە..

نامەکەت لە سندوقی پۆستەکەمدا..

کەڵەشێرێکی سەربڕدراوە..

خۆی سەربڕیوە.. منیشی سەربڕیوە..

دەمەوێ خۆشەویستی من بۆ تۆ لەئاستی سەربڕیندا بێت

لە ئاستی خوێن بەربوون و شەهیدبووندا بێت..

دەمەوێ هەمیشە لەگەڵ تۆدا

بڕۆم بەسەر لاتیژی خەنجەردا..

لەگەل تۆدا دەهەزار ساڵ تلۆر ببمەوە

پێش ئەوەی لەسەر رووی زەوی وردوخاشبین.

ئامۆژگارییەکانی ماو دەخوێنیەوە..

هەموو پەڕاوەکانی شۆڕشی رۆشنبری دەخوێنیەوە..

لە رێڕەوی درێژدا دەڕۆیت

دروشمی ئازادی بەرزدەکەیتەوە

داوادەکەیت

خوێنکاران حوکمی دنیا بکەن

دیوارەکانی دنیای کۆن تێکبشکێنن..

بەڵام کاتێک خۆشەویستی..

وەک دڕندەیەکی ددانشین..

هێرش وپەلامارتدەدا..

وەک مشکێکی تۆقیو لەبەردەمیا هەڵدەلەرزێیت..

وێنەکەی ماو فڕێدەدەیتە سەرزەوی

لەگەڵیدا، هەموو دروشمەکانی ئازادی

کە خۆت و برادەرانت.. بەرزتانکردونەوە..

بە گریانەوە پەنادەبەیتەبەر..

سنگی نەنکت

لەسەر شێوازی داپیرەت..

هاوسەرگیری دەکەیت..