ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

نووسینى : شێخ سدیق

شەپۆلى سەرشێتى زەریاکە بەلەمەوانەکەى بە خەبەر هێنایەوە، سەرى لە بەلەمەکەدا بەرز کردەوە و گوتى: ئاراستەى لەنگەرى بەلەمەکە زۆر بە باشى ڕێگەى گرتۆتەبەر. چاوەکانى هەڵگڵۆفى و سەیرێکى ئەمسەر و ئەوسەرى زەریاکەى کرد و گوتى: من لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکمدا، سوارى پشتى ئەم بەلەمانە بوومە، شارەزاییەکى باشم لەڕێگاى زەریادا، هەیە ئەگەر بە باشى ڕێگاى ڕۆشتنەکان نەگرێتەبەر لەناو فراوانى ئەم زەریایەدا ون دەبیت و هەرگیز ناتوانێت ڕێگا ڕاستەکان بۆ دەربازبوون بدۆزێتەوە.

باپیرم دەیگوت: هەزار ساڵ دەبێت ئەم کارە دەکەین و ناوبانگمان لە ناوچەکەدا دەرکردووە. من ناوم یاقووتى بەلەمەوانە، کەس نییە نەمناسێت لەناو قاچاخچییەکانى ناو ئەم زەریایەدا.

شەپۆلى سەرشێت هەڵى کردبوو، لەنگەرى بەلەمەکە تێک چوو، شەپۆلەکان لەگەڵ خۆیاندا دەیانبرد بە ئاسماندا و دەهاتەوە ناو زەریا، یاقووتى بەلەمەوان هاوارى دەکرد و دەیگوت: مەترسە توند خۆت بگرە...

بارام ترس جەستەى داگیر کردبوو، توند بە دەستەکانى بەلەمەکەى گرتبوو. لەگەڵ هەموو ترسەکانى ناخیدا ئەو گوێى ڕادەگرت لە ئاواز و مۆسیقاى توڕەى شەپۆل و ڕەشەبا خەیاڵى بۆ دنیاى پڕ کەشى مۆسیقا دەچوو. 

شەپۆلەکان نیشتنەوە. بەلەمەکە لەنگەرى گرتەوە لە سەر پشتى زەریاکە بە هێواشى بایەکە لەگەڵ خۆیدا دەیبرد.

بارام گوتى: کارى ئێوە تەنیا گواستنەوەى خەڵکە؟

یاقووتى بەلەمەوان گوتى: ساڵانێکى زۆرە ئەم کارە دەکەین، سەربازەکانى ئیسلام هاتن بۆ ئەم ناوچەیە، کەوتنە کوشتنى زەردەشتییەکان و ئەوانیش هەڵدەهاتن. ئێمەش لەوکاتەوە بۆ پاراستنى گیانى زەردەشتییەکان ئەم کارە دەکەین. ئەوانیش کۆچیان دەکرد بۆ چیاى مارزان. ئێستا ئەوبەرى زەریا نیشتمانى زەردەشتییەکانە. ئیسلام کەوتنە قڕکردنیان، بۆیە بە ناچارى لەوبەرى زەریا بەسەر لوتکەى چیاکانەوە دەژین.

ئیستاش زەردەشتییەکان بەهاران دەچنە چیاى مارزان بۆ ئەوەى لەبەهاردا ڕۆحى زەردەشت ببین و خۆیان لەگوناحەکانیان پاک بکەنەوە. دیارە تۆش دەچیت خۆت لە گوناحەکانت پاک بکەیتەوە.

بارام گوتى: من تاوانبارنیم و باوەڕم بە هیچ ئاینێک نییە و بڕوادارى ئاینى نیم و ڕێز لە هەموو ئاینەکان دەگرم و هەموویان مرۆڤن و منیش مرۆڤم کەواتە مرۆڤانە لە هەموویان دەڕوانم.

یاقووتى بەلەمەوان گوتى: منیش بڕوادارى هیچ ئاینێک نیم، باپیرم دەیگوت: مرۆڤەکان خۆیان ئاینیان دروست کردووە.

دواى یەک مانگى ڕەبەق بەیانییەکى زوو گەیشتنە لێوارى کۆتایى زەریایى ئاڵتوونى.

بارامى تەقوایى گوتى: لێرەوە چۆن دەچم بۆ چیاى (مارزانى سپى)؟.

بەلەمەوانەکە گوتى: هەموو ڕۆژانى یەکشەمەیەک بەر لە داگیرساندنى ئاگرى پیرۆزى زەردەشتییەکان لەسەر لوتکەى چیاى (مارزانى سپى)، بەر لە ژەنینى دەفەکان گالیسکەیەک کاتژمیر 1ى پاشنیوەڕۆ دەگاتە ئێرە، کوپەیەک شەرابى پێیە، گالیسکەوانەکە تەمەنى 200 ساڵ دەبێت، تەنیا کوپە شەرابەکان بۆ ڕۆژى پیرۆز دەگوازێتەوە بۆ سەر لوتکەى چیا بڵندەکان، ئەوەى بچێت بۆ سەر لوتکەى چیاکان لە پشتى گالیسکەوە سوارى دەکات.

بارامى تەقوایى گوتى: پور خورشیدى دەفژەن شەوى ئاگرکردنەوەى ئاتەشگەکان بەسەر لوتکەى چیاى (مارزانى سپى) دەردەکەوێت.

بەلەمەوانەکە گوتى: بەسەر بەرزترین لوتکەى چیاکەوە دەف دەژەنێت، باپیرە گەورەى لەئاتەشگەکەدا بەدار بەڕووەکان ئاگر جۆش دەدات. داپیرە گەورەشى چیرۆکى ڕۆژگارى ڕووداوەکان لەسەر ڕەفەى ئاتەشگاکە ڕێک دەخات بەرلەوەى بچیتە لاى پوور خورشید دەبێت چیرۆکەکەت لەسەر ڕەفەکان ڕێک بخەیت .

بەلەوانەکە پاڵێکى بە بەلەمەکەیەوەنا و بەرەو ناوەڕاستى زەریاکە کەوتە سەوڵ لێدان.

بارامى تەقوایى کەوتە ڕوانین لە لوتکەى چیا بڵندەکە، ئاوڕى دایەوە بەلەمەکە دڕى بە ئاوى زەریاکە دەدا. بەرەو ناوەڕاستى زەریاکە دەڕۆیشت. سەیرى کاتژمێرەکەى دەستى کرد: هەشتى سەرلەبەیانى ڕێککەوتى 15/3/1990بوو.