ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زمان، یەکێکە لە ڕەگەزە سەرکییەکانی شیعر. هەروەک مالارمێی شاعیری جیهانییش دەڵێت: (شیعر تەنیا زمانە). بێگومان زمان لێرەدا ڕەهەندێکی دیکەی هەیە، چونکە ئەگەر زمانی شیعری هەمان زمانی ئاسایی دەربڕین بوو، ئەوا جیاوازییەک نامێنێتەوە لە ڕووی فۆڕمی زمانەوە. زمان لە شیعردا، وێنەی هونەری، واتا، شیعرییەت و چێژ و ئیستاتیکایە. ئەوە گرنگ نییە زمانی دەقێک سادەیە یان ئاڵۆز، ڕوونە یان تەمومژاوی، بەڵکو ئەو زمانە چەند دەتوانێت لە خولقاندنی شیعرێکی جواندا، ڕۆڵ ببینێت ئەوە گرنگە. زۆربەی شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، لە ڕووی زمانی شیعرییەوە، هەڵگری وێنە و دەربڕینی سادەن، کە بە ڕادەیەک هەموو خوێنەرێک لێی تێدەگات، وەلێ پەیام و مانای شیعرەکان، وێنە و ئیستاتیکای زمان لای ئەو شاعیرە، بە شێوەیەکە کە ئەگەر بەر شیعرێکی بکەوین ناتوانین لە یادی بکەین. واتا زمانی شیعری ئەو شاعیرە، زمانێکی سەرنجڕاکێشە، زمانێکە کە لە وشە و کەرستە سادەکانی زمان پێکهاتووە. بەو مانایەی هیچ ئاڵۆزییەک نابینین لە ئەزموونی شیعریدا. بێگومان زمان وەک ئامرازێک، بەپێی قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەر دادێت و پێش دەکەوێت. لە شیعری کلاسیکدا، ژمارەیەکی زۆر وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی دەبینین، چونکە ئەو کات زمانی کوردی لە ژێر کاریگەریی ئەو زمانانە دابووە و هێشتا زمانی کوردی نەبۆتە بەشێک لە دنیابینی نووسەران و گوتاری دەقەکان. وەلێ لە دوای ساڵەکانی سەرەتای بیستەکانی ڕابردوو، وردە وردە زمانی کوردیش جۆرێک لە فۆڕمی پەتی بوونی کوردی وەردەگرێت و شێوەیەکی دیکەی ئەزموونی شیعری لەسەر دەستی گۆران دادێت. بەڵام هێشتا وشە و زاراوەی عەرەبی لە بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەش دەبینین کە ئەوکات نووسراون. لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونی ئەزموونی شیعریی و زمانیشدا، دواجار زمانی کوردی دەبێتە زمانی سەرەکی دەقی ئەدەبی و شیعریش بە تایبەتی. لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زمانی شیعری دەقەکان زمانێک بووە، تێکەڵەیەک لە زمانی عەرەبی و کوردی. زۆربەی دەستەواژە و دەربڕینە شیعرییەکان عەرەبین. ئەمەش وەک سیمایەکی ئەدەبی بە شیعری ئەو قۆناغەوە دەبینرێت. شیعری (بەیەکگەیشتنێکی) دڵزاری شاعیری دیاری کورد، یەکێکە لەو شیعرانەی کە جۆڕێک لە پەتیبوون و ڕەسەنیبوونی زمانی کوردی لە ڕووی وێنەی شیعری و دەربڕینەوە تێدایە. ئەم شیعرە لە ساڵی 1946نووسراوە. کاتێ دەیخوێنینەوە (چەند وشەیەکی کەمی لێدەرچێت کە عەرەبین)، وا هەست دەکەین شیعرێکە بە زمانی ئێستا نووسراوە. لەکاتێکدا زمانی کوردی لە سەرەتای چلەکاندا، زمانێکی تێکەڵ لە عەرەبی و کوردی بووە، لە زۆربەی شیعری شاعیرانی ئەو سەردەمەدا، درک بەو خاسیەتەی شیعر دەکەین. وەلێ لەو شیعرەی دڵزاردا، زمانێکی هونەری، جوان، مۆزیکی لە دەربڕین و وێناکردنی تێدایە. ئەم شیعرەی دڵزاری شاعیر، وەک وێنەیەکی سێ ڕەهەندی وایە و لەهەر لایەکەوە بۆی بڕوانی، جوانییەکی تێدا دەبینی. جوانی لەو شیعرەی دڵزاردا، کە بێگومان جوانی ئافرەتە، لە دیمەنی وێنەیەکی فۆتۆگرافی دەچێت، کە بە کامیرای فول ئێجدی چریکابێت. چونکە ئەویش بە شێوەیەک وەسفی یار دەکات لە ژوانێک، کە تیایدا هونەرێکی بەرز لە کاری وەسفکردن بنوێنێت. ئەگەرچی وەسف، ڕەگەزێکی سەرەکی ڕۆمان و چیڕۆکە، بەڵام لەو شیعرەی دڵزاردا، بونیادێکی هونەری دیاری دەقەکەیە. چونکە ئەو بە ئەندازەیەک وەسفی هاتن و ڕۆیشتنی یار دەکات، کە ببێتە جێی تێڕامانی مرۆڤ، بەبێ ئەوەی لە ئاستی دیتن و بەریەککەوتندا ئەو جوانەی هەر بینیبێتیش، بەڵام بزانێت لە بەرانبەر چ جوانێکە. واتە ئێمە جوانێکی دیکە کە بەرمەبنای جوانی ئەو وەسفەی دڵزارە لە شیعرەکەدا دەبینین. لەلایەکی دیکەوە، تەواوکاری مانای شیعری لەو شیعرەی شاعیردا لە ئاستێکدایە، کە لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێت تا دواخاڵ. بەو مانایەی ئێمە لە خوێندنەوەی ئەو شیعرەدا، لە بەردەم نیوە مانا و پارادۆکسی واتای شیعری نین، وەک ئەوەی لای بەشێکی نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین بوونی هەیە. بەڵکو کە شیعرەکە دەخوێنینەوە، وەک ئەوە وایە چیڕۆکێک گوێبیست ببین، یان دیمەنەکانی فیلمێک ببینین، کە هەموویان تەواوکەری یەکترین و بە قرتاندنی دیمەنێکییان، مانای ئەوی تریان نامێنێت. بەڵام لەو شیعرەی دڵزاری شاعیردا، کە شیعرێکی هاوسەروایە و لە سەر شێوەی شیعری کلاسیک نووسراوە، پەیوەندییەکی بابەتی و ئۆرگانیکی لە نێوان وشە و دەربڕینەکان، وەسف و وێنەکان هەیە. شاعیر لەو شیعرەیدا، وەسفی دەرکەوتنی یارمان بۆ دەکات، هەر لە سەرەتاوە تا دەگاتە لای ئەو، دواتریش کە ژوانەکەیان بە لە یەکتری جیابوونەوە کۆتایی دێت. ئەمەش بەشێکە لە تەواوکاری مانای شیعری. وێنە و دەربڕینەکان، دیمەن و گوزارشتکردنەکان، هەموویان یەکتری تەواو دەکەن، تاسەرەنجام لەو شیعرەدا جوانی هەڵبەست دەگاتە ترۆپک. دڵزار لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت:_

نیگاری نازدار بەلار و لەنجە..

هات لەدڵ دەرکا ئێش و ئەشکەنجە.

هەروەکو جاران لە باخ و ڕەزان

لەگەڵ دەستەیەک لە لێو قورمزان..

گەڕا تا گەییە لای من هەر ئێستە..

پێی ڕاگرت وەستا بەو چاوە مەستە..

بێگومان دەسپێکی هەر دەقێک، ئەڵقەی بەیەکەوە گەیاندنی خوێنەر و دەقە، دڵزار لەو شیعرەیدا، هێندە هونەرییانە باسی یارمان بۆ دەکات، کە بە تاسەوە چاوەڕوان بین کە دواتر چی ڕوودەدات. بە دەربڕینێکی تر، دەسپێکی ئەو شیعرە، فۆڕمێکی چیڕۆکئامێزی هەیە کە گێڕانەوە ڕەگەزی سەرەکیەتی. بۆیە کاتێ دەسپێکی شیعرەکە دەخوێنینەوە، وەک ئەوە وایە چیڕۆکێکمان بۆ باس بکرێت، کە لە چاوەڕوانی ئەوە دابین ئاکامەکەی بەچی دەگات. شاعیریش وەسفی هاتنی یارەکەی بە لەنجە و لار دەکات. دەرکەوتنی یار لێرە، هەر تەنیا تاسەی بینینی شاعیر ناشکێنێت، بەڵکو ڕۆڵی حەکیمێکیش دەبینێت، کە ئەو ئێش و ئازارە لەدڵ دەردەکات کە پێی گیرۆدەیە. پێشتریش ئەو، چەند جاری تر دەرکەوتووە، بۆیە بە دابڕانی جارێکی دیکە هەمان ئێش و ئازار لای ئەو نوێدەبێتەوە. هەر وەکو جاران، مانای وایە پێشتریش یار دەرکەوتووە و هەمان ئێش و ئازاری لە دڵ سڕیوەتەوە. هاتنی یار، لەگەڵ پۆلێک لە لێو قورمزان بۆ ناو باغەکان، هاتنێکی تایبەتە. لێو قورمزەکان ئەگەر لەو دەرکەوتنەیان مەبەستێکی گشتییان هەبێت، ئەوا یارەکەی شاعیر لە نێو ئەواندا، دەرکەوتنی بۆ مەبەستێکی دیکەیە، ئەویش شادبوونەوەیە بە یارەکەی. بۆیە ئەو لە هیچ شوێنێک ئۆقڕە ناگرێت تا نەگاتە لای ئەو. ئەمە سەرەتای ئەو ژوانەیە کە شاعیر لە پەراوێزی هاتنەدەرەوی یار لە ماڵ چاوەڕێی دەکات. ئەگەرچی یار لەگەڵ دەستەیەک لە لێو قورمزان دێتە دەرەوە بۆ دەشت و دەر، وەلێ ئەمە بەهانەیەکە بۆ ئەوەی لەو هاتنە دەرەوەیدا چاوی بە خۆشەویستەکەی بکەوێت. کە دەگاتە لای ئەو، ئیدی وەسف لێرەدا لە جوانی سروشتەوە دەگۆڕێت بۆ جوانی یار. وەک چۆن گۆرانی داهێنەریش، تەبیعەت بەبێ ڕووناکی دەبینێت ئەگەر بزەی یاری لەگەڵ نەبێت. دڵزاری شاعیریش، لە وەسفی جوانی یاردا، لە شیعری بەیەکگەیشتندا دەڵێت:_

ئەو خوردە ساڵەی کە بێ دیعایە..

شوعلەی کوڵمانی وەک شەو چرایە..

بۆ سووتانی دڵ چەشنی ئاگرە..

هەرچەند لە پەڕەی گوڵ ناسکترە..

ئێمە لێرەدا لە بەردەم جوانییەکداین، کە ڕەسەن و سروشتییە، جوانییەک نییە دەستکرد و مکیاژی و فریودەر(وەک ئەوەی ئێستا هەیە)، بەڵکو جوانییەکە کە خۆی پیشانی هەمووان دەدات و پێویست بەوە ناکات ڕیکلامی بۆ بکرێت. ئەگەرچی ئەو جوانییە بۆ شاعیر، سەرچاوەی سووتان و ژانە، تینی لە ئاگر بەهێزترە، بەڵام وەک پەڕەی گوڵیش ناسکە. بێگومان یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاعیری جواننوس و داهێنەر، خوڵقاندنی وێنەیەکی هونەری جوانە بە زمان، دڵزار لێرەدا، دوو هاودژی کۆکردۆتەوە و وێنەیەکی باڵای هونەری شیعری لێ دروست کردوون. هەرچەندە کوڵمەکانی شوعلەیان تێدایە، بەڵام لە پەڕەی گوڵیش ناسکترن. بەمەش شاعیر نەک هەرهەست بە هیچ ئازارێک ناکات لە کاتی بینینی جوانی یار، بگرە واهەست دەکات پەڕەیەکی گوڵ دەبینێت کە ناسک و جوانە و تازە شکۆفەی کردووە. شاعیر وەک ئەوەی کەڤاڵێکی جوان بنەخشێنێ، بەردەوام دەبێت لە وەسفی ئەو خوردە، ئیدی هەموو ئەدگارەکانی وەسف دەکات. بەڵام وەزیفەی دیتن لێرەدا کۆتایی نایەت، بە دەربڕینێکی تر، شاعیر هەر تەنیا لە پێناو جوانیدا وەسفی ئەو خوردە باڵابەرزە کە ئەگەر ئاوریشم بگرێت پەنجەکانی دەگوێن، ناکات، بەڵکو مەبەستێکی دیکەی هەیە کە دەشێ تەنیا بە هێمای چاوەکان بیگەیەنێت. ئەویش ژوان و بەیەکگەیشتنی نێوانیانە. بۆیە ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:_

منیش چاوێکم بڕیە چاوانی....

بە زمانی عەشق زۆر بە ڕەوانی..

بێگومان زمانی گۆڕینەوەی ڕاز و عەشقی نێوان ئەو دوو کەسە، زمانی گوزارشتکردن نییە، بەڵکو زمانی هێما، چاو، ڕازەکانە، واتا تەنیا بە ڕوانین یار دەزانێت مەبەستی ئەو سەیرکردنە چییە، ڕوانینێکی ڕاگوزەرە، یاخود بینینێکی قووڵە کە ڕاز و مەبەستی دیکەی لە پشتە کە ئەویش خۆشەویستی و ژوانی بە یەکگەیشتنە. شاعیر لە بری زمان، بەچاو ئەوە ئاماژەیە بۆ یار دەگەیەنێت کە خۆشی دەوێت. وەڵامی یار لێرەدا، وەڵامی گفتوگۆ و قسەکردن نییە، بەڵکو ئاماژەکانی چاون. دوای ئەوەی شاعیر بە چاو مەبەستەکەی بە یار دەگەیەنێت، یاریش دەزانێت ئەو ڕوانینە بێ مەبەست نییە، بۆیە هەر بە ئاماژەی چاوەکانی، وەڵامی تەماشاکردنەکەی شاعیر دەداتەوە کاتێ دەڵێت:_

نهێنی دڵم لە دیدەکانی

یەک یەک خوێندەوە سەرپاکیم زانی.

زانیم کە ئەویش ئەو گۆنا گوڵە..

وەک من گیرۆدەی ئازاری دڵە..

ئەو گۆڕینەوەی ڕازو نیازەی نێوانیان، سەرەنجام ئەو ئاماژەی بۆ هەردووکییان گەیاند، کە وەک یەک گیرۆدەی خۆشەویستی نێوانیانن. هەردووکیییان یەکتریان خۆشدەوێت و لە ڕازی دڵی یەکتری ئاگادارن. دوای ئەوەی هەردووکیشیان گەیشتنە ئەو ڕاستییەی کە ئاشقی یەکترین، ئیدی ئەو ژوانە کۆتایی دێت و هەریەکەیان دەگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی. لە پاش ئەو دیدارەی هاوشێوەی بروسکەیەک بە خێرایی هات و نەما، ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:_

لە پاش دیدەنی و ئەو گفتوگۆیە..

هەریەک بەلایەک چووینەوە کۆیە...

ئەو لەگەڵ دەستەی دەستە خوشکانی..

منیش لەگەڵ دڵەی زام و بریانی..

ژوان و یەکتر بینینی ئەوان لێرەدا تەواو دەبێت، وەلێ کۆتایی نایەت، چونکە مەبەستەکە گەیشت. لەو دوودێڕەی دواییدا، خوێنەر هەست بە هوشیاریی و ئاستی توانای نووسینی شیعری دڵزار دەکات، لە سەرەتاوە. چونکە ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین شاعیر دەڵێت هەریەکەمان بەلایەکەوە چووینەوە کۆیە. واتا نەیویستووە کەس بەو خۆشەویستییەی نێوانیان بزانێت. چونکە ئەو سەردەمە، سەردەمێکی دواکەوتوو میللی بووە. خۆشەویستی نەبووە، تەنانەت دژ بە نەریتەکانی کۆمەڵگەش بووە. بۆیە شاعیر بۆ ئەوەی یارەکەی لە هەموو پلار و شکاندنەوەیەک بە دووربگرێت، بە شێوەیەک وەسفی دابڕانەکەیان دەکات، وەک ئەوەی هەر یەکترییان نەبینیبێت. ئەم شیعرەی دڵزار، ئاستی تەواوکاری مانای تیادا بە شێوەیەکە، وەک ئەوەی ئێمە سەرەتا، ناوەڕۆک و کۆتایی چیڕۆکێک ببینین و بخوێنینەوە. ئەمیش شیعرەکەی بە هاتنە دەرەوەیەک، دواتر گۆڕینەوەی ڕاز و نیاز، پاشان لە یەکتری دابڕان، دەست پێدەکات و کۆتایی پێ دێنێت. شیعرێک کە هەفتا و سێ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، وەلێ وەک ئەوەی خوێنەر شیعرێک بخوێنێتەوە لە ئێستا نووسرابێت وایە. ئەمەش دەریدەخات کە دەقی جوان، نەمرە و هەمیشەش بە نەمری دەمێنێتەوە...

*ئەم شیعرە لە کتێبی(بژاردەیەک لە شیعرەکانی دڵزار) لەساڵی 2018 بڵاوکراوەتەوە...