ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەلای شوراکانی بێدەنگییەوە وەستاوم،

حیکایەتە ساختەکانی عیشق دەژمێرم

باڵندەیەک هەموو دەریاکانی دڵی،

ڕۆکردبووە ونبوون..

باڵندەیەک هەموو پیاسەی هەورەکانی باڵی،

هەڵچنیبوو لە وەرین..

باڵندەیەک هەموو نوتفەکانی ئومێدی،

خستبووە چاڵی بێ ئومێدی..

لەباڵندەکانا ئافاتی عیشقم بینی،

بۆیە ڕۆچووبوون لەونبوون و وەرین و بێ ئومێدی

عیشق چ کارەساتە تەرمی خۆت،

بەشانتەوە هەڵدەگریت و ناینێژیت

خاچەکەی عیسا لەکۆڵ دەنێیت

و مردن فێری سەرقاڵی دەکەیت..

(با) دەبەسینەوە بەپەیمانی ئەبەدیی و

درۆ دەکەین..

ڕووناکی بەداوێکەوە دەگرین و

بۆ تاریکی دەگەڕێین..

درەخت قیتار قیتار دەنێژین و

بیابان لەدڵمانا چێدەکەین..

برین برین ڕۆدەکەینە دڵ و

بەخەنجەرێکی ژەنگاوییەوە،

داوای لێ بوردن دەکەین..

ئەمە هەموو خەتاکانی عیشقە،

یان گەمژەیی دەنێین بەعیشقەوە؟!