ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

نووسینی| ئەحمەد كامەران

ناوم زیلانە تەمەنم حەڤدە ساڵە, خەڵكی (حەلەبم) هاوڕێكانم و خێزانەكەم بە كچە شێوەكارەكەی حەلەب منیان بانگ دەكرد , باوكم ناوی( ئاریانە) و دایكیشم ناوی (مریم)ە وە برا بچووكەكەم ناوی ( عیسایە) ئەو تەمەنی تەنها دە ساڵە بەڵام كوڕێكی زۆر زانە كە هەموو شتێكی دەزانی,لەگەڵ ئەوەشدا هەردووكمان تاقانە بووین وە یەكتریمان زۆر خۆش دەویست, برا بچووكەكەم بە بەردەوامی بەو تەمەنە بچووكەیەوە هاندەری كارەكانی منی دەكرد, چوونكە من لە تەمەنی منداڵیەوە ئارەزووی هونەری وێنەكیشانم هەبوو , وە خەونم ئەوەبوو كە لە داهاتوودا ببمە نیگار كێشێكی بەناوبانگ ,بەڵام هەرچەندەش كە پێداویستیەكی زۆری وێنەكیشانم لە بەردەستدا نەبوو بەهۆی ئەوەی بارودۆخی دارایی خێزانەكەمان دیاری كراو, بەڵام من هیچ كاتێك بێ هیوایی بەرۆكی منی نەگرتبوو,سەركردەی ماڵەكەمان كە بە پیاوە ماندوەكە ناسرابوو ئەویش ئاریانیباوكمە ئەوپیاوێكی زۆر ڕووخسار ماندوو بوو ,چوونكەئەو بەبەردەوامی لەسەر دووكانێكی بچووك دا كاری دەكرد بۆ ئەوەی بژێوی ئێمە پێ دابین بكات,لە پاڵ ئەوەیشدا ماڵەكەمان و دووكانەكەمان هەردووكیان كرێ بوو بۆیە دەبوایە سەرە مانگان كرێ هەردووكیان بدەین كە ئەمەش وای لە باوكم كردبوو كە زۆرترین كات كار بكات بەڵام ئەم هەموو شتانە كاری لەسەر بەختەوەری خێزانەكەمان نەكردبوو,هەر كاتێك كە باوكم دەهاتەوە بۆ ماڵەوە ئێمە هەموومان لە سەر مێزێكی بچووكی نان خواردن دا كۆبووینەوە, وە زۆربەی كاتەكان كە لەسەر سەعی كردن بوومایە سەعیەكەم بە جێ دەهێشت و هەموومان لەسەر یەك سفرەدا بە خەندەو پێكەنینەوە كۆ دەبووینەوە هەرچەندە ئەم ساڵ من كۆتا قۆناغی خوێندنمە دەبێت سەعیەكی باش بكەم بۆ ئەوەی بتوانم بڕۆمە بەشی شێوەكاری بخوێنم كە ئیتر لەوێوە درێژە بە خەونەكانی خۆم دەدەم,

مریەمی دایكم كە بە شاژنی ماڵەوەمان ناسرابوو , بەردەوام خواردنی زۆر خۆش بەچێژی بۆمان ئامادە دەكرد, لەپاڵ ئەوشدا دایكم شان بەشانی باوكم كاری دوورمانی دەكرد بۆ ئافرەت و منداڵانی گەڕەك ,كە دوورمانێكی زۆرلێهاتوو بوو دایكە تاقانەكەی من.

بۆ بەیانیەكەی دووبارەڕۆژێكی نوێتر هەڵگیسرایەوە وەمنیش لەگەڵی دا هەستامەوە وە برا بچووكە كەیشم هەستابوو , دایكم لە چێشتخانەكە بوو خەریكی درووست كردنی خواردن بوو بۆمان, بەڵام باوكم لەماڵەوە نەبوو بەیانیەكەی زوو ڕۆیشتبوو بۆ سەر دووكانەكەی, ئیتر خواردنەكە ئامادەبوو لەگەڵ نانێكی گەرم دا, كە دایكم بەیانیەكە زوو هەستابوو لە نانەواخانەكەی پشت ماڵمان نانێكی گەرمی هێنابوو بۆمان ئیمەش خواردنەكەمان خواردوو خۆمان گۆڕی جانتاكەمان كردە سەرشانمان و, وە دایكم پرچەكانمی بۆم ڕێكخست و ماچێكی هەردووكمانی كردوو و پارەی ڕۆژانەكەیشمان وەرگرت بەبێ ئەوەی جیاوازی لەنێوانمان دا بكات دایكم وەكو یەك پارەی پێمان دەدا, لەگەڵ ئەوەشدادایكم بەبەردەوامی پێش ئەوەی بڕۆین بۆ قوتابخانە دەیگوت : ئاگاتان لە خۆتان بێت ڕۆلەكانم لە ڕێگاو باندا.

ئێمەش كەوتینە ڕێ بەرەو قووتابخانە وە قووتابخانەكەی من براكەم زۆر لێك نزیك بوو ,بەڵام براكەم لە نیوەی ڕێگا لەمن دابڕاو خۆی بەتەنیا ڕۆیشت , بەڵام پێش ئەوەی لێكداببڕێن , ماچێكی برا ئەزیزەكەی خۆم كردو وە پێشم وت: ئاگاداری خۆت بە تاقانەكەی دادە.

بەو شێوەیە ئیتر ئەو چەند كاتژمێرەی قووتابخانەمان بەڕێ كرد و وە لە كۆتایدازەنگی لێدانی ماڵەوەی لێدرا, كەچی بەشێكی قوتابیەكان بە گوێبیستی ئەم زەنگە زۆر دڵخۆش بوون, منیش بەڕێكەوتم بەرەو لای قووتابخانەی براكەم كە لەوێ چاوەڕێی ئەوم دەكرد تاوەكو بێتە دەرەوە, ئەوانیش لەكۆتایی دا زەنگی كۆتاییان لێدا بۆ ماڵەوە, منیش دەستی براكەم گرت و كەوتینە ڕێی بۆ ماڵەوەو بەڵام دەبوایە براكەم پێش ئەوەی بڕواتەوە بۆ ماڵەوە لە خواردنگەكەی لای قوتابخانەكەی خواردنێكی بخواردبایە كە زۆر حەزی لێ بوو بەڵام من ناوەیەكم هەر نەدەزانی چوونكە حەزم لێی نەبوو وە بۆنێكی زۆر ناخۆشی لێ دەهات , ئیتر بەم شێوەیە ئەو چەندانەیەكی لێی خواردو وەمنیشی زۆر تووڕە كرد, پێم گوت: كوڕە ئێستا دایكم لە ماڵەوە خواردنی بۆمان ئامادەكردووە تۆ بۆچی ئەوەندە دەخۆیت,كەچی ئەویش گوتی: وازم لێ بێنە دادە زۆر خۆشە ئەم خواردنە منیش ناچار بووم كە بێدەنگ بم هەتاوەكو خواردنەكەی تەواو دەكات, ئیتر پاش تەواكردنی خواردنەكەی من و براكەم كەوتینە ڕێ بۆ ماڵەوە بەڵام كاتێك كە لە ڕێگادا بووین بۆ ماڵەوە , تووشی كەسێكی خراپ بووینەوە كە ویستی پارەكانمان ببات و ئازارمان بدات, بۆیە ڕاستەوخۆ چەقۆیەكی بچووكی دەرهێنا و ویستی پەلامارمان بدات , بەڵام براكەم جانتاكەی سەرشانی زۆر قوورس بوو ,راستەوخۆ بۆی فڕێ داو چەقۆكەی دەستی كەوتە سەر زەوی و ئێمەش ڕامان كرد وخۆمان لە كۆڵانێك شاردەوە تاوەكو چەتەكە وازمان لێ بێنێت, وە كاتیش زۆر درەنگ بوو نزیكە 12:55 بوو, ئیتر بینیمان كەس دیار نیە ئێمەش ڕامان كرد بۆ ماڵەوە...

بەم شێوەیە من و براكەم بە ڕاكردن گەیشتینە لای ماڵی خۆمان و بە تووندی لە دەرگای ماڵەوەمان دا , دایكیشم بە ڕاكردن بەرەو دەرگاگە ڕای كردو دەرگاكەی لە ئێمە كردەوە و ئێمەی بینی كە ڕەنگی دەموچاومان زەرد هەڵگەڕابوو, وەدایكیشم دەستی كرد بە گریان و دەیگوت:من دڵنیان شتێكتان بەسەر هاتووە , ڕاستەوخۆ هەوڵیدا تەلەفۆن بۆ باوكم بكات, بەڵام من نەمهێشت تەلەفۆن بۆ باوكم بكات ,وتم: دایكە هیچ شتێكی مەترسیدار ڕووینەداوە تكایە با باوكیشم تووشی دڵە ڕاوكێ نەكەین و وە لە ئەنجامیشدا ئەو ڕێگا دوورو درێژە با نە بڕێت و بێتەوە بۆ لای ئێمە,چوونكە دووكانەكەی ئێمە لە نێو بازاڕ بوو زۆر دوور بوو لە ماڵەوەمان , وە باوكم بە پایسكیلە كۆنەكەی هاتووچۆی دەكرد بۆ سەر كارەكەی, كەزۆرجاران لەرێگادا پایسكیلەكەی باوكم گرفتی بۆ درووست دەكرد, بەهەر شێوەیەك ڕووداوەكەم بۆ دایكم باسكردوو دایكم دەستی بەگریان و كردوو ئێمەی لە باوەش گرت وتی: سووپاس بۆ تۆ خوایە گیان كە هەردوو جگەر گۆشەكەم بە منت بەخشیەوە,تەواو دایكە گیان پێویست بە گریان ناكات ئێمە زۆر باشین, وە تكایە ئەم ڕووداوە بۆ باوكم باس مەكە با ئەو لەتاو ماندووبوونەكەیدا با خەم و ئازار بۆ ئێمەش نەكێشێت, دایكیشم وتی: باشە كچەكەم, پێی ناڵێم بەس ئێوەش ئاگەداری خۆتان بن, من و باوكت بەبێ ئێوە ناتوانین بژین چوونكە ئێوە گەورەترین سامانی ئێمەن لەم ژیانەدا.

بەم شێوەیە ڕووداوەكە بۆ دایكم باسكردو ئیتر من چوومە ژوورەكەی خۆم و تەلەفۆنم بۆ هاوڕێكەم كرد كە ناوی (میرال) بوو, لە هەمان كاتدا دراوسێیشمان بوو كە ساڵانێكی زۆر پەیوەندیمان لەگەڵیان دروست كردبوو, ئەویش بەپەلە گەیشتە لای من و ڕووداوەكەم بۆی باسكرد چوونكە من ئەو هاوڕێیەی خۆم زۆر خۆش دەویست ,وە جگە لەوە كەسێكی زۆر ڕاستگۆ بوو, وە زۆربەی نهێنیەكانمان بۆ یەكتری باس دەكرد بەڵام ئەو لە قووتابخانە نەیدەخوێند چوونكە باوكی و دووبراكەی ڕێگریان لێ دەكرد كە بڕواتە قووتابخانەو خوێندنەكەی خۆی تەواو بكات ,وە هەرچەندەش میرالی هاوڕێم كچێكی زۆر زیرەك و ژیر بوو بەبەردەوامی ئارەزووی لەزانست و زانیاری هەبوو, وە هەمیشە لەلای من دەیوت: زۆر بە ئاواتم كە لە داهاتوودا ببمە كچێكی شانۆكار بەڵام باوكم و براكانم ئەو خەونەی منیان بە زیندوویی لە نێو گۆر زیندە بەچاڵ كرد,ئیتر منیش باوەشێك بە هاوڕێكەی خۆم دا كرد و وتم ئازیزەكەم هەرگیز بێ هیوا مەبە لە خەونەكانت ڕەنگە لە داهاتوودا تۆ بگەیتە باوەشی خەون و ئاواتەكانت, 

بەم شێوەیە من دەستم كرد بە كێشانی وێنەیەكی ئاسایی ئەو ڕووداوە ناخۆشەی كە بەسەر من براكەم داهات لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە, كە ڕەنگە ئەوەچارەنووس بوبێت من و براكەمی لەوێ ڕزگار كرد لە دەستی ئەو مڕۆڤە دڕندەیە, بەهەر شێوەیەك وێنەكەم كێشاو كەچی هەرچەندەش وێنەكە لەو ئاستەدا نەبوو بەهۆی نەبوونی پێداویستیەكانی وێنەكێشانم, 

شەودا هات و ئاسمانی بەرەو تاریكی ڕۆیشت ئیتر میرالی هاوڕێكەم ماڵئاوایی لێ كردم, ئەو پێی وتم: هەردەم لە خۆشی دابیت هاوڕێكەم , منیش بە ئازارەوە ماڵئاوایم لێی كردو هیوای بەختەوەری و ئاسوودەیم بۆی دەخواست, باوكیشم لە ڕێگادا بوو بۆ هاتنەوەی منیش هەتاوەكو پێش ئەوەی باوكم بێتەوە سەعیەكەم تەواو كردو ڕاستەخۆ چوومە لای دایكم بۆ ئەوەی یارمەتی بدەم لە ئامادەكردنی سفرەی نان خواردن,وەهەروەها براكەیشم لە دەرەوە خەریكی یاری تۆپێ بوو لەگەڵ منداڵانی گەڕەك هەركە باوكم هاتەوە لەگەڵ خۆیدا براكەشمی هێنایە ماڵەوە هەموومان دووبارە وەكو هەموو ڕۆژانێكی تر كۆبووینەوە لەسەر سفرەكەمان ,هەرچەندە ئێمە وەكو زۆربەی خەڵك مێزی نان خواردنمان نەبوو تاوەكو لەسەری دابنیشین نانی لەسەر بخۆین تەنیا لەسەر سەر زەوی نانمان دەخوارد كە هەندێ لە هاوڕێ دواكەوتووەكانم گاڵتەیان بەمن دەكرد بەهۆی ئەوەی كە ئێمە نان لەسەر زەوی دەخۆین بەڵام هیچ كاتێك گوێم بۆ قسەی پووچ ڕانەدەگرت.

هەموو خەڵكی ناوچەی حەلەب لە چاوەڕوانی ساڵێكی نوێ دان,وە ئێمەش هاوشێوەی هەموو خەڵكی لە چاوەڕوانی ساڵێكی نوێ دا بووین بەڵام بۆ من جیاوازتر بوو, چوونكە جگە لەوەی دەڕۆینە نێو ساڵێكی نوێ , وە منیش پێ دەخەمە نێو تەمەنێكی نوێوە , واتە لە زیلانی تەمەن حەڤدە ساڵەوە بەرەو زیلانی تەمەن هەژدە ساڵ هەنگاو دەنێم,ئیتر بەم شێوەیە ئامادەكاریەكانی نێو ماڵی ئێمە جیاواز بوو, دایكم بە دەستە كابانیەكەی كێك و شیرنەمەنیە زۆر خۆشەكانی بۆمان درووست كرد , باوكیشم ئەو ڕۆژە زوو لە دووكانەكەی هاتەوە و ڕۆیشت پێداویستیەكانی ڕۆژی لەدایكبوونی بۆمن كڕی , بەڵام كەچی بۆ میرالی هاوڕێم ساڵی نوێ بووە ساڵێكی پڕ لە ناخۆشی و زیندە بەچاڵكردنی تەواوی ئاواتەكانی چوونكە لە تەمەنێكی بچووكەوە , ئەویان خستە نێو ژیانی هاوسەرگیری ,میرالی هاوڕێم تەمەنی تەنها شازدە ساڵ بوو , ئەو هێشتا زۆر بچووك بوو بۆ پێك هێنانی ژیانی هاوسەرگیری, میرالی هاوڕێم خاوەنی چەندین خەون و ئاواتی زۆر گەورە بوو بۆ داهاتووی خۆی , بەڵام باوك و دوو برا ستەمكارەكەی , هەموو ئاوەتەكانی ئەویان كووشت, ئیتر بۆ كۆتا شەو هات بۆ لای من و ماڵئاوایی لێكردم بەڵام ماڵئاواییەكی پڕ لە گریان و فرمێسك ڕژێن بوو,دوا قسەی میرالی هاوڕیم بۆ من ئەوە بوو كە گوتی: هاوڕێ تاقانەكەم زیلان گیان من ئەم 

شەو بۆ كۆتا جار هەناسەیەكهەڵدەمژم لە حەلەب , بەیانی دەڕۆم بۆ شوێنێكی زۆر دوور كە ئیتر جارێكی تر ناتوانم بتبینمەوە , زیلانی هاوڕێم من جارێ پێوستم بە هاوژین و درووستكردنی خێزان نیە , وە هەروەها یەكەم جارمە كە ئەو كوڕە دەبینم,وە دەڵێن كوڕێكی زۆر خراپە پێشتر تاوانێكی ئەنجام داوە, كەچی دەیانەوێ ئێستا ژنی بۆ بهێنن , ئەو ژنەش منم, كە بەو منداڵیەوە ژیانی منیان شێواند, ئێستا من چی بكەم زیلانی هاوڕێم, بەڕاستی منیش لە تاو قسە ئازار بەخشەكانی دا نەم دەزانی چی پێ بڵێم, بۆیە تەنها لە باوەشم گرت و پێم وت:خوا ئاگەدارت بێت هاوڕێ ئەزیزەكەم, خۆزگە شتێكم بەدەست بهاتبایە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدەم , بەڵام هیچ شتێكم پێ ناكرێت بۆیە بم بەخشە هاوڕێ تاقانەكەم, ئەویش دوا قسەی خۆی بۆمن كردوو وتی: تەنها تۆ ئاسوودە بە و لەگەڵ سەرجەم ئاواتەكان و خەونەكانت بۆ خۆت بژی , ئیترمن هیچ شتێكم لە تۆ ناوێ (زیلانی) هاورێم, ئەوە دواین قسەی بوو بۆ من و ئیتر ئەو گەڕایەوە بۆ ماڵ بە چاوە پڕ لە فرمێسكاویەكەی, منیش زۆر دڵگران بووم بەو ڕووداوە, هەرچەندە تەنها كاتژمێرێك ماوە بۆ چوونە نێو ساڵێكی نوێ و لەگەڵ چوونە نێو تەمەنێكی نوێوەمەوە , بەهەموو شێوازێك ئامادەكاریەكانمان كرد و لەگەڵ مۆمەكانی تەمەنیشم ئامەدەكرد و هەر لەگەڵ لێدانی زەنگی كاتژمێرەكە و چوونە نێو ساڵی تازەدا منیش مۆمەكانی تەمەنیخۆم كووژاندەوە,وە لەگەڵ كووژانەوەی مۆمەكانی تەمەنم ئاواتێكم بۆ خۆم خواست , كە لە داهاتوودا ببمە شێوەكارێكی سەركەوتوو وە هەروەها داوام كرد كە هەردەم خێزانەكەمان لە بەختەوەری دابێت ئیتر بەم شێوەیە من بوومە كچێكی هەژدە ساڵان و وە ساڵی تازەش بووە (2011).

هەستانەوەم لەخەودا لە بەیانیەكی زوودا بەڵام لە ساڵێكی نوێدا, لەگەڵ ئەوەشدا پەنجەرەی ژوورەكەم كردەوە تەماشای ئاسمانم دەكرد هەر لەگەڵ تەماشاكردنی ئاسمانداوێنەیەكی ئاسمانم كێشا.

وە هەروەها لە نێو دڵی خۆمەوە گوتم: خۆ تەنها ژمارەیەك لە بەروارەكانی ڕۆژ گۆڕاوە, خۆ هیچ شتێكی تر نەگۆڕاوە هەموو شتێك لەجێگای خۆیەتی,ئیتر ئەو ڕۆژە قوتابخانەمان نەبوو ,بۆیە لەگەڵ براكەم چووینە ناو بازار بۆ خۆمان پیاسەیەكمان كردو,وە هەندێك پێداویستیمان بۆ ماڵەوە كڕی, كەچی بینیم هەموو شتێك لە جێگای خۆیەتی,بەتایبەتی سەیری ئەو پیاوە هەژارەكەم دەكرد كە بەبەردەوامی لەناو بازاڕ كەوتبوو , كەچی ئێستاش هەر لە هەمان شوێنی خۆی دا بوو وە هیچ گۆڕانێكی لە ژیانی دا نەكرابوو, منیش زۆر تووشی سەڕسورمان بووم, لەدڵی خۆمەوە وتم: باشە ئێمە بۆچی تەنها یادی ژمارەیەك دەكەینەوە, با بۆ جارێكیش یادێك بۆ ویژدانی خۆمان بكەینەوە, وە یارمەتی ئەم جۆرە كەسانە بدەین,ئەوە بۆ ئێمە دەبێتە ساڵێكی نوێ , وە جگە لەوەش زۆر بیری میرالی هاوڕیشم دەكرد , دڵم زۆر لەلای بوو ئاخۆ ئەو كچە دەبێت چی بكات ئێستا لە تەنیایەدا,

گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە و باوكیشم نەڕۆیشتبوو بۆ سەر كارەكەی, بۆ خۆی لە ماڵەوە دانیشتبوو بەڵام ئێمەی كۆكردەوە و وتی: ئەمڕۆ ئەڕۆین بۆ چێشتخانە نانێكی دەرەوە دەخۆین و وە لەهەمان كاتیشدا پیاسەیەكی خێزانیش دەكەین, من و براكەم بەوقسەی باوكمان زۆر دڵخۆش بووین چوونكە ماوەیەكی زۆرە دەرچوونی خێزانیمان ئەنجام نەداوە...

پاش ئەوەی كە لە چێشتخانە خواردنێكی خۆشمان خوارد, بەڵام نەدەگەیشتە ئەو خواردنە خۆشانەی دایكم كە لەماڵەوەبۆمانی ئامادەی دەكات, بەڵام بەهەر حاڵ خواردنەكەمان خوارد, وە لەوێ بە پێ كەوتینە ڕێ بۆ خۆمان بە پیاسەكردن بۆ ماڵەوە,هەرچەندە بەهۆی ئەو داراییە كەمەوە كەدەستی باوكم دەكەوت نەمان توانی ئۆتۆمبیلێكی بچووكیش پێی بكڕین, بەڵام باوكیشم بە ئاواتی ئەوەبوو كە ئۆتۆمبێلێكی بچووك بكڕێت بۆمان بۆ ئەوەی بمان باتە شوێنی جوانتر, بەڵام هەرگیز نەبوونی ئۆتۆمبێل خێزانە سادەكەی ئێمەی نیگەران نەكردبوو,وە یاخود هیچ كاتێك پێوەی دڵتەنگ نەدەبووین, كاتێكیش من و براكەم دەچووینە قووتابخانە, هاوڕێكانی قووتابخانەمان بینی كە زۆربەیان بە ئۆتۆمبیل لە پێش دەرگای قوتابخانە هاتنە خوارەوە, ئێمەش بە پێیەكانی خۆمان گەیشتینە قوتابخانەكەمان, یاخود لەكاتی باران بارین دا زۆربەی جارەكانمان بە جلێكی تەڕاوییەوە دەهاتینەوە بۆ ماڵەوە, بەڵام هیچ كاتێك ئەم ڕووداوانە كاریگەری لەسەر دەروونی من یاخود براكەم درووست نەكردوە, بەڵكو كاتێك كە باران باریوە ئێمە بەدەم ڕێگاوە بە پێكەنینەوە بەرەو قوتابخانەكەمان بەڕێكەوتووینە وە یاخود هاتووینەتەوە بۆ ماڵەوە بە جلێكی باراناوییەوە دڵیشمان زۆر خۆش بووە, بەڵام ڕۆژێكیان كەلە ماڵەوە بەرەو قوتابخانە بەڕێ كەوتم, بارانێكی زۆر دەباری ئەو ڕۆژە براكەم لە ماڵەوە بوو نەدەڕۆیشت بۆ قووتابخانە, من خۆم بەتەنیا دەڕۆیشتم بۆ قوتابخانە كە ئەو كات تەمنم پازدە ساڵ بوو ڕۆژێكی زۆر ناخۆش بوو بۆ من, چوونكە لە كاتی ڕاكردنم بۆ قووتابخانە وە خۆ ڕزگاركردن لەم بارانە زۆرەدا, كەچی بەربوومەوە ناو جۆگەیەكی پر لە ئاو و قوراو دا, هەتاوەكو بڵێی جلەكانم زۆر پیس بوون, بەڵام هەرگیز نەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە, بەڕێ كەوتم بۆ قووتابخانە و گەیشتمە قووتابخانەكەم, بەڵام هاوڕێكانم زۆر گاڵتەیان پێكردم, منیش هیچ خۆم تێك نەداو ئەو ڕۆژەی قووتابخانەم زۆر بە شێوەیەكی ئاسایی توانیم بەڕێ بكەم,هەرچەندەشكە بەڕێوبەری قووتابخانەكەمان منی بانگهێشت كردو وتی: زیلان كچم تۆ ئەمڕۆ مۆڵەتی بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە خۆت خاوێن بكەوە, منیش وتم هیچ كێشەیەكم نیە جەنابی بەڕێوبەر من وانەكانم لە دەستی خۆم نادەم, چوونكە ئەمە تەنیا جلێكە بە ئاوێك خاوێنی دەكەمەوە لە ماڵەوە, بەڵام كە وانەكانم لێ بڕوات هەرگیز ناتوانم جارێكی تر بیگەڕێنمەوە, بەڕێوبەر وتی: خۆت باشتر دەزانی كچم , منیش توانیم ئەو ڕۆژە وانەكانی خۆم بەبێ كێشە بەڕێ بكەم, هەرچەندە گاڵتەیەكی زۆرم پێكرا لەلایەن هاوڕێكانمەوە,بەتایبەتی كچێكی هاوپۆلمان هەبوو خۆی زۆر بەگەورە دەزانی لەسەر زۆربەی هاوڕێكانیدا, كە پێ وتم: بۆ باوكە هەژارەكەت ئۆتۆمبیلێكتان بۆ ناكڕێت ئەی داماوەكان, منیش وتم: باوكم پیاوێكی زۆر ماندووە بەڕۆژ وشەو كاردەكات ئەو داهاتەی دەستی دەكەوێت تەنها بەشی بژێوی ژیانی خۆمان دەكات , ناتوانین شتێكی تری پێ بكڕین, ئێمەش خۆ ئارەزوومان هەیە كە ئۆتۆمبێلێكمان هەبێت, بەڵام هەرگیزیش بێ هیوا نەبووینە لە نەبوونی ئۆتۆمبیلێكدا, بەم شێوەیە كچە خۆ بەگەورە زانەكە هیچی بۆ نەدەوتراو شوێنەكەی بەجێ هێشت, بەڕاستی من كەسی خۆ بەگەورە زانم خۆش ناوێت, چوونكە ئێمە هەموومان یەك مڕۆڤین, نابێت تەنها بە ئۆتۆمبیلێك یاخود بە سامانێك و بە ماڵێك , مڕۆڤەكان لێك جوودا بكرێنەوە و ئەوی تریان خۆی بسەپێنێت بەسەر یەكێكی تر بۆیە من ئەو جۆرە كەسانەم بە نا مڕۆڤ دایان دەنێم,ئیتر بەو شێوەیە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و دایكم جلەكانی بۆمن بە دەستە خامەكانی خاوێن كردەوە و , منیش چوومە ژوورەكەی خۆم و پێداویستیە سادەكانی وێنەكێشانم هێناو وێنەی كچێكم كرد كە دەكەوێتەوە نێو گۆمێكی ئاوەوە كە ئەو كچەش من بووم (زیلان).

ئەمە ژیانی ڕۆژانەی منە كە بەشێوەیەكی زۆر سادە بەڕێی دەكەم لەگەڵ براكەم و دایكم و باوكم, بەڵام بەڕێكردنێك كە هەرهەنگاوێكی بۆمن یادەوەری و خۆشیەك بەمن دەبەخشێت.

بەڵام ئەم خۆشیەی ژیانمان هەتا كۆتایی بەردەوام نەبوو چوونكە باوكم كاتی خۆیشتێكی بۆ باس كردم كە دەیگوت ئێمە لەنێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داین كە گۆڕەپانێكە بەبەردەوامی وەكو بوركان دەكولێت چوونكە ئەم گۆڕەپانە پڕیەتی لەسەركردەو فەرمانڕەوای خراپ, ئیتر قسەكەی باوكم ڕاست دەرچوو ,چوونكە من ڕووداوێكم بینی بە چاوی خۆم كە ڕووداوەكە ناوی (بەهاری عەرەبی) بوو ئەو ڕووداوە بە تەقینەوەی گەل ناسرا لە دژی هەژاری وبرسیەتی.

ئەو ڕووداوە بارودۆخی ژیانی هەموو خەڵكی گۆڕی ئارامی و پشێوی لە ناوچەكەدا بڵابوو وە هەروەها هەتا دەهات بارودۆخەكە بەرەو نا ئارامی دەڕۆیشت, ئێمەش هاوشێوەی خەڵك ژیانمان و بارودۆخی داراییمان بەرەو خراپی دەڕۆیشت, بۆیە ئێمە ناچار بووین كە سەرجەم كەل و پەلەكانی نێو ماڵەكەمان بفرۆشین لەگەڵ بڕێك پارەی پاشەكەوت كراومان هەبوو كە ئەو پارەیەمان دانابوو بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلێكی بچووك بەڵام تەواوی خەونەكانمان گۆڕا , باوكم گوتی هەمووتان خۆتان كۆ بكەنەوەو دەڕۆین بەرەو دیمەشق بۆ ماڵی مامتان , مامم ناوی دانیالە ئەو كەسێكی سەڵت بوو بۆخۆی, ئیتر ئێمەش ناچار بووین كە بڕۆین بەرەو لای ماممان كە لەوێ بژین لەگەڵ ئەوەشدا هەر لەوێ من براكەم درێژە بە خوێندنەكەمان دەدا منیش دەستم بە خوێندنی شێوەكاریەكەم كرد كە ئەوە خەونەكەی منداڵیم بوو, مامیشم گەورەترین دیاری بۆمنی كڕی بەبۆنەی دەسپێكردنم بە خوێندنی شێوەكاری دیاریەكە زۆر جوان و ناوازەبوو كە ساڵانێكی زۆر بە ئاواتیەوە بوو ئەویش سەرجەم پێداویستیە گرانبەهاكانی وێنەكێشان بوو كە ئیتر توانیم بەشێوەی زۆر جوان دەست بكەم بە كێشانی وێنەی زۆر جوان و سەرنج ڕاكیش لەگەلیشیدا لە بەشەكەی خۆم دا بەردەوام سەركەوتنم بەدەست دەهێنا وە هەروەها مامۆستاكان منیان زۆر خۆش دەویست كە پێیان گوتم: تۆ كچێكی زۆر لێهاتوویت و وە ئیتر منیش بەبەردەوامی وێنەی زۆر سەرنج ڕاكێشم دەكرد بە تایبەتی وێنەو ئەو جەنگ و ئاڵۆزیەی وڵاتەكەم دەكێشا كە ڕووبەڕووی بۆتەوە, ڕۆژیكیان هەموومان دانیشتبووین مامم دەیگوت: من سەیرم بەم ستەمكارانە دێت كە وا لەم نەتەوەیە دەكەن نازانم بۆچی ناهێلن بۆخۆیان دەوڵەتێك درووست بكەن بۆخۆیان تێدا بحەسێنەوە ,بەڕاستی جێگای داخە كە ئەم نەتەوە گەورەیە ماوەی 100ساڵە كراوەتە سووتەمەنی لە ژێر دەستی ئەم وڵاتانە.

منیش بە مامم بە گوت: مامە تۆ لەگەڵ كوردەكانی دراوسێمانتە؟ بەڵێ كچی خۆم كوردەكان ئەو نەتەوە ئازاو قارەمانەن كە زیاتر لەسەدەیەكە خەباتی خۆیان دەكەن لە پێناو ئازادكردنی خاكەكەیان دا وە یەكگرتنەوەی خاكەكەیان كە تاوەكو ئێستا دابەش كراوە بۆ چوار پارچە بەردەوام بەچەندین ڕۆلەی قارەمانیان لێ دەكوژرێت و دەچێتە ژێر ئەم خاكە بەڵام ئەوانە بەو ئاواتەوە دەچنە ژێر خاكەكەیان كە ڕۆژێك بێت سەر خاكەكەیان ئازاد بكرێت , بەڕاستی هیچ كاتێك چۆكیان نەداوە بە درێژایی مێژوودا بەڵام من دڵیان ئەم نەتەوە چەوسێنراوەی مێژوو ڕۆژێك دێت كە دەبێتە گەورەترین دەوڵەتی نێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .

من لەكاتی خۆیدا لە قووتابخانە زۆرترین هاوڕێی كوردم هەبوو كە خۆشەویسترین هاوڕێی من بوون چوونكە زۆر سادەو ناخ پاك بوون بەڵام بەداخەوە كە وا دەچەوسێنرێنەوە,نەتەوەیەك لەم جۆرە شایەنی ئەم هەموو چەوساندنەوەیە نیە .

ڕۆژێكیان لە بەشەكەمان تێمێكی بیانی هاتن بۆ لامان كە لە بەریتانیاوە هاتبوون بۆ مەبەستی بینینی جوانترین وێنەكان , ئیتر سەیری وێنەكانی منیان كردو زۆر بەلایەنەوە سەرنج ڕاكێش بوو , ئیتر لە نێوان خۆیان دا بە زمانی بیانی قسەیان دەكرد من زۆر لێیان تێنەدەگەیشتم بە هەرحاڵ بۆ بەیانیەكەی سەرۆكی بەشەكەمان منی بانگی ژوورەكەی خۆی كردو پێی گوتم: پیرۆزە زیلان تیمەكە وێنەكانی تۆیان بەدڵ بووە هەربۆیە بڕیاریان داوە كە تۆ لەگەڵ خێزانەكەتدا بڕۆن بۆ بەریتانیاو لەوێ درێژە بە خوێندنی شێوەكاریەكەت بدەیتهیوای سەركەوتنت بۆ دەخوازم زیلان گیان تۆ شایەنی هەموو سەركەوتنێكیت.

منیش لە خۆشیە نەم دەزانی چی بە بەڕێوبەرەكەمان بڵێم هەربۆیە ڕاستەوخۆ بە پێكەنینەوە چوومە دەرەوە لە ژووری بەڕێوبەر و بەرەو ماڵەوە بەڕێ كەوتم بەڵام لە پاش ئەو بەڕێكەوتنەم بۆ ماڵەوە ئیتر ئەوەبوو كە منی لە پاش هەفتەیەك لە ژووری نەخۆشخانە بینیەوە كە بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی ئەو بەڕێكەوتنەم بۆ ماڵەوە تووشی ڕووداوی هاتووچۆ ببووم كە هەردوو قاچەكانی خۆمم لەدەست دابوو , كە دكتۆرەكان بە منیان گوت: دەبێت بۆماوە چوار ساڵ تۆ لەسەر جێگا بیت بۆ ئەوەی قاچەكانت وەكو جارانی لێ بێتەوەو منیش زۆر دڵگران بووم بەم قسەیەی دكتۆر بەڵام هیچ كاتێك بێ هیوایی نەبووم وە خەونەكانی خۆم لە دەست نەدا چوونكە گوتم: ئەمە ئیتر ژیانە دەبێت پێش بینینی سەركەوتنەكانم دەبێت ئەم ناخۆشیەش بە چاوی خۆم ببینم ,بۆیە بڕیار دەدەم هەتاوەكو ئەم چوارساڵە من بەردەوامدەبم لەسەر خەونەكانم و كاری زیاتری بۆ دەكەم هەتاوەكو ئەو ڕۆژەی چاك دەبمەوەو هەڵدەستمەوە سەر پێیەكانی خۆم.