ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیڤان شێرزاد

دوای ئەنجامدانی چەندین خوولی فیستیڤاڵی کوردستان – ھەولێر، بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر، بۆ یەکەم جار لە ھەرێمی کوردستان دیداری نێودەوڵەتی فیلمی ئەنیمێشنی لە ھەولێری پایتەخت ساز کرد، لەو دیدارەشدا 50 فیلم لە پێشبڕکێی بردنەوەی خەڵات بوون و لە نێویشیاندا 4 بەرھەم خەڵاتەکانی باشترین فیلم و باشترین بیرۆکە و دەرھێنانیان پێبەخشرا.

دیدارەکە 3 ڕۆژی خایاند و بوو بە یەکەمین ئەزموونی سینەمای ھەولێر لەو بوارەدا، کە لە پێشووتردا لە ھیچ پارێزگایەکی دیکەی کوردستان و عێراقیش ئەنجام نەدراوە، کە بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی بەڕێوەبچێت و لە ماوەی ئەو 3 ڕۆژەشدا پایتەخت کەشێکی ھونەری بەخۆیەوە بینی و بینەری فیلمەکانیش ئاماژەیان بۆ بەرەوپێشچوونی بواری سینەما دەکرد، کە ھەمیشە ھەنگاودەنێت بۆ باڵابوونی ئەو ھونەرە لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەزموونێکی نوێ بۆ سینەمای ھەولێر

ئەوەی کە پێشکەش کرا، تەنیا دیدارێکی سینەمایی نەبوو، بەڵکو کارکردن بوو بۆ ھەنگاونان بەرەو ھونەرێکی تازە لە بواری سینەمادا، کە ئەویش (ئەنیماتۆر- ئەنیمێشن)ـە، کە لە عەقڵی بینەری کوردی دا شتێکی نوێیە و تا ئێستایش دەرھێنەرانی کورد خۆیان لەو بوارە نەدیتبۆوە، مەگەر لەم چەند ساڵەی ڕابردوو نەبێ، کە دەرھێنەرانی کورد بە عەشقەوە ڕوویان لەو ھونەرە کردووە، سینەمای ھەولێریش، بۆ یەکەم جار کاروانی پڕۆژە ھونەرییەکانی لە فیستیڤاڵ و بەرھەم ھێنانی فیلمی کورت و درێژی سینەمایی ھەنگاوی نا بەرەو سازکردنی دیدارێکی نێودەوڵەتی بۆ فیلمی ئەنیمێشن، کە تا ھەنووکە لە ئاستی کوردستان و عێراقیش نەکراوە و یەکەمین دیداربوو لە ھەولێر ئەنجام درا و بووە یەکەمین ئەزموونی سینەمای ھەولێر، کە (شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری ھونەری سینەمای ھەولێر، بە ھاوکاری (پشتیوان عەبدوڵا) ڕەخنەگری بواری سینەما لەگەڵ دەستەیەک لە لێژنەیەکی باڵای ئەو دیدارە ئەنجامیان دا، کە بوو بە دەسپێکێکی جوان لە نێو کاری ئەنیمێشندا، ھاوکات میوانداری کردنی چەند وڵاتێکی جیاواز گەیاندنی ئەو پەیامەیە، کە سەقامگیری کوردستان ڕێگە خۆشکەرە بۆ پێکەوە کارکردن بۆ ھەنگاونان بەرەو پێشبردنی زمانی سینەما لە جیھاندا.

قوربانیەکانی پێشمەرگە لە نێو ئەنیمێشنی کوردی دا

یەکێک لە بەرھەمە ھەرە دیار و سەرنج ڕاکێشەکانی ئەو دیدارەدا پێشکەش کردنی ترایلەرێک بوو، کە ناوەڕۆکەکەی باسی لە قوربانیدانی پێشمەرگە دەکرد، کە چۆن بەرھەنگاری تیرۆرستانی داعش بووەتەوە، ئەو بەرھەمەش لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر بەرھەم ھێنراوە و لە ساڵی 2020ـش کۆتایی بە کارە ھونەرییەکانی دێت، کاتێک کە ترایلەری ئەو بەرھەمەش نیشان درا، جۆرێک لە حەماسەتی بە بینەری فیلم دەبەخشی، بەتایبەت لەگەڵ قوربانیدانی پێشمەرگە، کە چەند بوێرانە ڕووبەڕووی ھێزێکی ترسناک بووەتەوە و نەک خوێنی بەخشی بێت بە کوردستان، بەڵکو پارێزگاری لە مانەوەی گەلانی جیھانیش کردووە بەوەی کە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێکشکێندراوە، ھاوکات بە ڕوونی بە بینەر دەڵێت: پێشمەرگە لە ھەر کوێ بێت، ئەو ناوچەیە ئارامە و ڕووەو ئاوەدانی ھەنگاو دەنێت.

میوانە ڕووحسووکەکانی ھەولێر کێ بوون؟

لە میانی بەڕێوەچوونی ئەو دیدارەدا، 3 ڕۆژی بەردەوام نەوەیەکی ھونەرمەندی گەورە (فەرید ئەتڕەش)، کە ناوی (موزانە ئەتڕەش) بوو، وەک میدیاکارێکی لە ھۆڵە سینەماییەکان بە جلی کوردییەوە دەبینرا، لە پاڵ ئەویشدا چەندین کەسایەتی دیار و بەرچاو لە ژاپۆن و خوارووی عێراق و سووریا و وڵاتانی دیکە میوان بوون و ئاماژەیان بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە ھونەرییەکە دەکرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەوەی دەربڕی کە ئامادەن ھاوکاربن لە بەردەم کارە ھونەرییەکانی سینەمای ھەولێر بۆ ساڵی داھاتوو.

پەیامێک لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ فیلمسازان

لە دوا ساتەکانی کۆتایی ئەو دیدارە، (زیرەک کەمال) نوێنەری سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، پەیامی سەرۆکایەتی ھەرێمی وەک نوێنەری (نێچیرڤان بارزانی) خوێندەوە و تێیدا ئاماژەی بۆ سەرکەوتنی دیدارە کرد و بەخێرھاتنی گەرمی میوانانی ئەو دیدارەی کرد و پشتیوانی شەخسی سەرۆکی ھەرێمیشی بۆ کارە ھونەرییەکان دووپاتکردەوە، ھاوکات ڕاشیگەیاند، کە دەبێت ئەو دیدارە بە پڕۆگرامێک ساڵانە بەڕێوەبچێت، پاشان خەڵاتی ڕێزلێنانی ئەو دیدارەی پێشکەشی ڕێکخەرانی دیدارەکە کرد.

دیداری ئەنیمێشن بە خەڵات کۆتایی ھات

کۆتا ڕۆژی دیدارەکە، مەڕاسیمێک سازکرا، کە بریتی بوو لە دیاریکردنی باشترینەکانی ئەو دیدارە، کە لەسەر دەستی لێژنەیەکی پسپۆڕ و باڵا بۆ ھەڵسەنگاندنی فیلم دانرا بوو، ئەوانیش بریتی بوون لە (سامان عومەر، مەھدی عەباس، نەجاح ئیبراھیم)، لە نێویشیاندا خەڵاتی باشترین بیرۆکەی فیلم بە دەرھێنەر (سامی کاکە) بەخشرا و باشترین فیلمیش بە (ئەنەس موسەوی) بەخشرا و لە پاڵ ئەوانیشدا دوو دەرھێنەری دیکە بوونە خەڵات. 

بەمەش یەکەم دیداری نێودەوڵەتی ئەنیمێشن بە کۆتا ھات و چاوەڕوانیش دەکرێت لە ساڵی داھاتوودا بەشێوەیەکی فراوانتر لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خوولی دووەمی بەڕێوەبچێت.