ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 ئامادەکردنی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

گەورە نووسەر و بیرمەند و ڕەخنەگری مارکسیستی ڕووسیی جۆرج ڤاڵانتینۆڤیج بلیخانۆف کە بە باوکی مارکسیزمی ڕووسی و  بە دامەزرێنەری بزووتنەوەی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا دادەنرێت،  لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٨٥٦ لە خێزانیکی تەتەر لە سان پترسبۆرگ لەدایک بووە. کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی بەهێز و ناوداری هەبووە. بلیخانۆف یەکێک بووە لە کاریگەرترین کەسایەتی نووسەری مارکسیستی ڕووسیی کە توانی ڕۆڵێکی مەزن بگێڕێت لە بنیادنانی  بزووتنەوەی سیاسیی و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لە کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست. ساڵی ١٨٧٣ دەچێتە قوتابخانەی ساین پترسبۆرگ سەربازیی. لە قوتابخانە هەم زیرەک و هەمیش خۆشەویستی مامۆستاکانی و هاوپۆلەکانی بووە. دوای دوو ساڵ واز لە خوێندن دەهێنێ و ئیتر خۆی تەرخان دەکات بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی خەڵکگەرایی. بلیخانۆف خاوەنی هیچ بڕوانامەیەکی خوێندن نەبوو، بەڵام بێئەندازە زیرەک و بلیمەت بووە و توانیویەتی نەک هەر لە سەردەمەکەی دوانەکەوێت، بەڵکو ببێتە پێشەنگی کۆمەڵگەی ڕووسیی. ئەم ڕەخنەگرە مارکسیستە بە حوکمی مارکسیست بوونەکەی توانی نزیکایەتی لەگەڵ کرێکارانی ڕووسیا و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو چینە پەیدا بکات. کاتێکیش لە ساڵی ١٨٧٧دا دەبێتە بەرپرسی یەکەمی ڕێکخراوی ئازادی و خاک، بلیخانۆف بەناچاری دەکەوێتە دۆخی خەباتی ژێرزەمینیی. ئەم نووسەرە مارکسیستە لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ ڕۆزاڵییە بۆگارد بلیخانۆڤا هاوسەرگیریی دەکات کە ئەوکات ڕۆزەلییا قوتابی کۆلێجی پزیشکیی و یەکێک بوو لە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی پۆپۆلیزم. ئەوەبوو پاش بەلاڕێداچوونی ئەو ڕێکخراوە، بلیخانۆف لەترسی دەستگیرکردن، لە ساڵی ١٨٨٨دا دەچێتە دەرەوەی وڵات و تا ساڵی ١٩١٧ ناگەڕێتەوە. لە تاراوگەش بلیخانۆف لە جنێڤ دەگیرسێتەوە و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی تریدا یەکەمین ڕێکخراوی مارکسیستی شۆڕشگێر دروست دەکەن و پاشان لە ساڵی ١٨٩٨ ئەم گرووپە لەگەڵ چەندین ڕێکخراو و گرووپی مارکسیستی تردا حزبی سۆشیال دیموکراتی کرێکارانی ڕووسیا دادەمەزرێنن. بلیخانۆف دژ بە پۆپۆلیزم دەکۆشێت و دەنووسێ و پاشان زنجیرە نووسینێک بۆ بەرگیری لە سۆشیالیزم لەڕوانگەی مارکسیزمی ئەرسەدۆکسەوە بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٠٠ لەگەڵ لینین ڕۆژنامەی (تروسکە) دەردەکەن و ساڵی ١٩٠٣ ئەو حزبە لێک دەترازێ و بلیخانۆف لایەنگری مەنشەفیکەکان دەکات و لەدژی لینین دەوەستێتەوە. بلیخانۆف ساڵی ١٩١٧ دەگەڕێتەوە ڕووسیا و لەگەڵ بەڵشەفیکەکان هەر ناکۆک دەمێنێتەوە. دواجار بلیخانۆف ئەم نووسەرە مارکسیستە مەزنە کە تا لە ژیاندا بوو گەورەترین خزمەتی بە مارکسیزم و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی کردووە، لە تەمەنی ٦١ ساڵی و بە نەخۆشی سیل لە تریجۆکی لە فینلەند لە ٣٠ی ئایاری ١٩١٨ بۆ هەمیشە چاوی لێک دەنێ. دوای مردنی بلیخانۆف بە فەرمانی لینین لە مانگی ئابی ساڵی ١٩١٨ سەرجەم بەرهەمەکانی بە زمانی ڕووسیی چاپ دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە و دواتریش بۆ هەژدە زمانی زیندووی جیهانیی تەرجەمە دەکرێن. لە ساڵی ١٩٢٥ ڕۆزەلی بلیخانۆف بڕیاریدا ئەرشیف و نامە و دەستنووس و کتێبخانەکەی بلیخانۆف بسپێرێ بە دەسەڵاتی ئەوکاتی یەکێتیی سۆڤییەت. ئێستا خانووەکەی بلیخانۆف بۆتە یەکێک لە گەورەترین نامەخانەکانی ڕووسیا کە ئەرشیفی ٢٠٠ ساڵ واتە لە ساڵی ١٧٩٩ تا ساڵی ١٩٩٩ لەخۆ دەگرێت.

بەشێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی؛ (کتیب و نووسینەکانی) بیلخانۆف بریتیین لە: سۆشیالیزم و خەباتی سیاسی ١٨٨٣، جیاوازییەکانمان ١٨٨٥، شۆڕشی بۆرژوازی ١٨٩٠ – ١٨٩١، لە یادی شەست ساڵەی مەرگی هیگڵ ١٨٩١، ئەنارشیزم و سۆشیالیزم ١٨٩٥، تێڕوانینی ئیستاتیکیی تشرنیفسکی ١٨٩٧، سۆسیالیزمی زانستی و ئایین ١٩٠٤، بزووتنەوەی پرۆلیتاریا و هونەری بۆرژوازی ١٩٠٥، هێنریک ئەبسن ١٩٠٦،  بەرەو سایکۆلۆژی بزووتنەوەی کرێکاران ١٩٠٧، گەشەی تێڕوانینی تاکلایەنە بۆ مێژوو ١٨٩٥،  چەند نووسینێک دەربارەی مێژووی ماتریاڵیزم ١٨٩٦، ڕۆڵی تاک لە مێژوودا  ١٨٩٨، کارڵ مارکس و لیڤی تۆڵستۆی ١٩٠٧،  هونەر و ژیانی کۆمەڵایەتی ١٩١٢ – ١٩١٣ و زۆر بەرهەمی تر کە بلیخانۆف بەو بەرهەمانەی توانی کەلەپووری مارکسیزم لە ڕووسیا و جیهان بەهێز بکات و بەرەو ڕێرەوی بەرگریکردن لە سۆشیالیزم ئاراستە بکات. بلیخانۆف بە دامەزرێنەی زانستی ئیستاتیکای مارکسیزم دادەنرێت. ئەو ئەگەرچی کتێبێکی تایبەتی نییە بەو ناوەوە، بەڵام هەندێک لە نووسین و وتارەکانی بناغەی ئەو زانستەیان دامەزراندووە. خەباتی ئەدەبیی بلیخانۆف لەو سەردەمەی کە ڕووسیا دەرگیریی و ئاریشەی پۆپۆلیزم بووبوو، دەست پێدەکات و توانی گرفتەکانی زانستی ئیستاتیکا و بە باوەڕی سۆشیالیزمی زانستی ببەستێتەوە و لێرەشەوە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە ئەدەب و هونەر ئەو بوارانەن کە ڕۆڵێکی پەروەردەیی بەرچاو و گرنگ دەگێڕن لە کۆمەڵگە. بلیخانۆف پێی وا بوو هونەر وێنای ژیان دەکات و هەروەها ئەدەب و هونەر ئاوێنەی ژیانی کۆمەڵایەتی ئینسانەکانن لە کۆمەڵگە.

 

  تێبینی : بۆ نووسینی ئەم بابەتە سەیری ئەم سەرچاوانەی لای خوارەوە کراون.

 الفن و علم الجمال المارکسی   فواد الکنجی موقح الحوار المتمدن ٦-٥-٢٠١٧ 1-

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=557715&r=0

2-الفن و التێور المادی للتاریخ  جۆرڤ بلیخانوف ترجمە جورج گرابیشی دار الگلیعە للگباعە و النشر  بیروت الگبعە الاولی ١٩٧٧.

3-https://en.wikipedia.org/wiki/Georgi_Plekhanov

4-https://en.wikipedia.org/wiki/Georgi_Plekhanov

5-https://www.hetwebsite.net/het/profiles/plekhanov.htm

6-https://biography.yourdictionary.com/georgi-valentinovich-plekhanov

7-http://nlr.ru/eng/coll/manuscripts/plekhanov/

8-https://www.britannica.com/biography/Georgy-Valentinovich-Plekhanov