ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگاى کوردستان

ئەحمەد مستەفا محەمەد ئاغای حەوێزی، ناسراو بە (دڵزار)، لە ٨ی کانوونی دووەمی ساڵى ١٩٢٠ لە ‌شاری کۆیە لە ‌دایک بووە. ئەحمەد دڵزار لە ‌تەمەنی حەوت ساڵیدا چووەتە حوجرەی مزگەوت بۆ ماوەی دوو ساڵ لەوێ خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٢٩ چووەتە قوتابخانە و لە ساڵی ١٩٤١ کۆتایی بە قۆناغى ناوەندی هێناوە و پاشان دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە. لە دواى ئەو قۆناغەوە دەستی کردووە بە نووسینى شیعر و نازناوی (دڵزار)ی بۆ خۆى هەڵبژاردووە. ‌ساڵی‌ ١٩٤٦ لە کاتی‌ خزمەتی‌ سەربازیدا پەیوەندی‌ بە حزبی‌ شیوعی‌ عێراقەوە کردووە، ‌دوای ماوەیەکی کەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی‌ دەسەڵاتی‌ ئەو کاتەی‌ عێراق دەستگیر کراوە، بەڵام ئازادکراوە، دواى دوو ساڵی دیکە و لە ‌ناوەڕاستی ساڵی ١٩٤٨ جارێکى دیکە دەستگیر کراوەتەوە. دڵزار لە ‌دوای کودەتای ٨ی شوباتی ساڵى ١٩٦٣ چووەتە گوندی کلکەسماق و پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى حزبی شیوعییەوە کردووە. دڵزاری شاعیر و تێکۆشەر ئێستا تەمەنى 100 ساڵە و لە بارودۆخێکى جێگیردایە، وەک بەشێک لە هاوڕێ و دۆستانى ئاماژەى بۆ دەکەن، ئەو مرۆڤێکە پڕاوپڕ لە خۆڕاگرى و کۆڵنەدان، شاعیرێکە لە ناسکى و جوانى کە بەدرێژایی ژیانى و تا ئێستاش لە هەوڵ و هیواکانى بۆ گەلێکی بەختیار و نیشتمانێکی ئازاد بەردەوامە.

کەریم دەشتى شاعیر لە وەسفى دڵزاردا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دڵزاری شاعیر یەکێکە لەو مرۆڤە مەزنانەی کە بە درێژایی ژیانی خۆیان، لەخەبات و تێکۆشانێکی مەزن و بەردەوامە، ئەو شاعیرە لە پێناوی خاک و مرۆڤ و نیشتماندا، خەباتی کردووە و شیعری نوسیووە، کەریم دەشتى هێما بۆ ئەوەش دەکات کە دڵزارى شاعیر، لەپاڵ ئەوەی کە شاعیرێکی مەزنە، خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەریشە، کاری لەناو کایەکانی حزبدا بەئامانجی بەدیهێنانی گەلێکی بەختیار و نیشمانێکی ئازاددا کردووە، هەر لەو پێناوەش بەشدارییەکی بەهێزی لەخەباتی چەکداری و خەباتی قەڵەم کردووە. دەشتى لە وەسفى دڵزار بەردەوام دەبێت و هێما بۆ ئەوە دەکات کە نووسینی شیعر لای دڵزاری شاعیر هۆیەکە بۆ گوزارشتکردن لە ڕۆحی نەتەوە و مرۆڤ، ئەو باوەڕی بە خەباتی کرێکاری هەبوو بۆ هێنانەدی ئاوات و ئامانجی مرۆڤایەتی. لە کۆتایی لێدوانەکەیدا کەریم دەشتى سڵاو بۆ خەبات و تێکۆشانی دڵزاری شاعیر دەنێرێت.

ئیسماعیل بەرزنجى نووسەر کە باس لە دڵزار دەکات، بە دووانەى سیاسەت و ئەدەب ناوى دەهێنێت و لەم بارەیەوە دەڵێت کە باس لە مامۆستا دڵزار دەکرێت دووانەى سیاسەت و ئەدەب، ناکرێ لە یەکتر جیابکرێتەوە، ئەو نووسەرە خەباتگێرە لە سەرەتاى ژیانییەوە کە هاتووەتە ناو دنیاى نووسین، لە هەمان کاتیشدا خەریکى کارى سیاسەت بووە و یەکێک بووە لە پێشەنگەکانى بیرى مارکسیەت و شیوعییەت لە کوردستان دا، بەرزنجى باس لەوەش دەکات کە ئەگەر چاوخشاندنێکى خێرا بە ژیانى مامۆستا ئەحمەد دڵزار بکەین دەگەینە ئەو ڕاستییەى کە ئەو پیاوە سیاسەت هەموو ژیانى داگیرکردبوو، بەڵام وێراى ئەوەش لە دنیاى ئەدەب دوورنەکەوتووەتەوە، ئیسماعیل بەرزنجى باس لە خاڵێکى دیکەى نێو ژیانى مامۆستا دڵزار دەکات کە ئەویش زمانە و لەم بارەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە خاڵێکى دیکە لە ژیانى مامۆستا جگە لە شیعر و سیاسەت هەیە کە تا ئێستا زۆر بە جددی باسی لێ نەکراوە، لە ژیانى ئەدەبی مامۆستا دڵزاردا ئەویش زمانە، "زمانى پاراوى کوردى، مامۆستا دڵزار لەو ڕووەوە ڕۆڵێکى گرنگى بینیوە، ئەو چەند شتەى لەبارەى زمان و ڕێنووسی کوردییەوە نووسیویەتى دەبێت بە هەند وەربگیرێن". ئیسماعیل بەرزنجى نووسەر و هاوڕێى مامۆستا ئەحمەد دڵزار لە بارەى شیعرەکانى مامۆستاوە هێما بۆ ئەوە دەکات کە شیعرەکانى دڵزار، پەرشن بەسەر بیرى کوردایەتى و هاندانى بیرى پێشکەوتنخواز و هاندانى لاوانى کورد بۆ خوێندن و گڕدان لە شەوى تاریکى و دوورکەوتنەوە لە بیر و باوەڕى کۆنەپەرستانە و جۆرەها بوارى دیکە، بەڵام لە هەمووى گرنگتریان ئەوەیە کە ئەو پیاوە تۆپەڵێکە لە خۆڕاگرى و هەڵوێست دوور لە تەماع و ڕیا و پلە و پایە و مادە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئیسماعیل بەرزنجى هیواى ئەوە دەخوازێت کە مامۆستا دڵزار تەمەن درێژ و لەش ساغ بێت، دەشڵێت: مرۆڤى ئەدیب ئیلتیزامى بە کێشەى ڕەواى میللەتەکەیی و کێشەى ڕەوای چینى چەوساوە هەبێت، دەکرێت هەم سیاسی بێت و هەمیش نووسەر بێت.

مامۆستا دڵزار لە تەمەنیی لاوییەوە چووەتە ناو حزبی شیوعى عێراق، هەستى نیشتمانى و هەستى چینایەتى لاى پەرەى سەندووە، مامۆستا مەغدید حاجی، نووسەر و مێژوونووس کە هاوڕێى مامۆستا دڵزار بووە و چەند قۆناغێکى تەمەنى ئاشناى بووە، لەبارەى دڵزارەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دڵزار جگەلەوەى چووەتە ڕیزى ئەو حزبەوە وەکو شاعیرێک لە زووەوە هەست و داهێنان و تواناى شیعرى لە گەشەسەندندا بووە لەبەرئەوە مامۆستا شیعر و سیاسەتى پێکەوە گرێداوە، ئەمەش وایکردووە کە هەمیشە هۆنراوە بۆ کورد و کوردستان، بەڵام لەگەڵ پرسی چینایەتی بنووسێت. مەغدید حاجی باس لەوەش دەکات کە دڵزار هیچ کاتیک هەم لە شیعر و هەمیش لە سیاسەت پرسی چینایەتى فەرامۆش نەکردووە و لەمبارەوە باس لە گوتەیەکى دڵزار دەکات کە دەڵێت: کوردستانى جوان چی لێبکەم ئەگەر میللەتەکەى ڕەش و ڕووت بێت، مافخوراو و چەوساوە بن. مەغدید حاجی لەسەر گێڕانەوەى هەڵوێستەکانى دڵزار لە بارەى چینایەتییەوە بەردەوام دەبێت و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مامۆستا دڵزار چەند هەستى نەتەوەیی و نیشتمانى بەهێز بووە ئەوەندەش هەستى چینایەتى بەهێز بووە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبووە کە هەر لە زووەوە چووەتە ناو ڕیزەکانى حزبی شیوعى و وەکو خەباتکارێک گۆشکراوە بە پەروەردە و بییر و باوەڕى مارکسی و لینینى، باوەڕى نێونەتەوەیی، هەربۆیە دەبینین لە هۆنراوەکانیدا پرسی نیشتمان و چینایەتى داکۆکیان لێدەکرێت، مەغدید لەبارەى شیعرەکانى مامۆستا دڵزارەوە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە مامۆستا دڵزار هەستێکى ناسکى هەبووە لە نووسینى شیعرى ناسک و جوان لەسەر کوردستان، ژن و دڵدارى کۆمەڵێک هۆنراوەى جوانى نووسیوە. لەبارەى تێکەڵکردنى سیاسەت و ئەدەب و دەربڕینى لە شیعردا و هاندانى گەنجان لەڕێگەى شیعرەوە بۆ خەبات و تێکۆشان دژى چەوساندنەوە و ژێردەستى، هەوڵدان بۆ ژیانێکى شایستە و خەبات کردن لەو پێناوەدا. مەغدید حاجی ڕونی دەکاتەوە کە مامۆستا دڵزار لەو ڕووەوە ڕۆڵى ئیجگار گرنگى گێڕاوە و لەم بارەیەوە نموونەی یەکێک لە شیعرەکانى دەهێنێتەوە و دەڵێت: مامۆستا دڵزار لە گرتووخانەى کوت بووە، هۆنراوەى (ئێمە شاگردانى فەهدى قارەمانین)ی نووسیوە کە دواتر بووە بە سرودێکى بەناوبانگ و لاوانى کۆمەنیست لە عێراق و بەتایبەتى لە کوردستان لەبەریان کردووە، مەغدید باس لەوەش دەکات کە ئەو هۆنراوەیە هاندەرێکى بەهێز بووە بۆ لاوەکانمان کە بە چاونەترسی کۆڵنەدەن و خەبات بکەن، دەشڵێت: هۆنراوە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى مامۆستا دڵزار هاندەر و ڕێنیشاندەر بوون بۆ گەنجان بەتایبەتى بۆ کۆمەنیستەکان تاکو لە خەبات بەردەوام بن و تێبکۆشن، زۆرێک لە لاوان کاتى خۆى هۆنراوەکانى مامۆستا دڵزاریان لەبەر دەکرد.

 

ئەدەب وهونەر