ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیڤان شێرزاد

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر بۆ فیلمی کوردی، دوای بەڕێوەچوونی 4 خوولی یەک لە دوای یەک لە ساڵانی ڕابردوودا، بڕیارە لە 1ـی شوبات پێنجەمین خوولی ئەو فێستیڤاڵە بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێر سازبکرێت.

ئەو فێستیڤاڵە ساڵانە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە میوانانی شارەکانی کوردستان و خوارووی عێراق و بەشێک لە وڵاتانی جیھان بەڕێوەدەچێت، ئامانجیش لە سازدانی فێستیڤاڵەکە گەیاندنی پەیامی ئاشتیە و سڕینەوەی وشەی تیرۆرە لە ھەرێمی کورستان وەک ناوچەیەکی ھاوپەیمان لەگەڵ وڵاتانی جیھان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

(پشتیوان عەبدوڵا) ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە ڕایدەگەیەنێت: پەیامی ئێمەی ھونەرمەند و فیلمساز داکۆکیی کردنە لەو کەشە سەقامگیرییەی کە لە ھەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و ھاوشان لەگەڵ وڵاتە ھاوپەیمانەکانی کورد ساڵانە ئەو فێستیڤاڵە ساز دەکەین، کە سەرجەم فیلمە بەشداربووەکانی ئەو فێستیڤاڵە باس لە نەھامەتی و ڕووی ناشیرینی تیرۆر دەکەن، کە ئێستا ڕووبەڕووی بەشێک لە وڵاتان بووەتەوە، ئێمەش دەمانەوێت لە ڕێگەی فیلمەکانەوە ئاڵای ئاشتی ھەڵکەین و بە جیھان بڵێین ئێمەش وەک گەلانی دنیا تامەزرۆیی ئەو سەقامگیرییەین، کە لە ھەرێمی کوردستان ھاتووەتە ئاراوەو بە فیلمیش بەرەنگاری تیرۆر دەبینەوە.

گوتیشی: فێستیڤاڵەکە 4 ڕۆژ لە پایتەختی کوردستان بە ئامادەبوونی میوانانی بیانی و عەرەب و شارەکانی دیکەی کوردستان و پارچەکانی وەک ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا و باکوور و باشوور بەردەوامی دەبێت، پاشان لە ڕێگەی لێژنەیەکی پسپۆڕ لە بواری فیلمسازی و لێژنەی دادوەری خەڵات دەبەخشرێتە بەشداربووان، ھاوکات ڕێز لە توانا و بەخششی ئەو ھونەرمەندانەش دەگیرێت، کە ساڵانێکی زۆری تەمەنیان بە ھونەری فیلمسازی بەخشیووە و ئێمەش لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ئەو فێستیڤاڵە ھونەرییە ڕێزیان لێدەگرین.