ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نووسینى: شێخ سدیق   

 مەرجى ئەوەشم هەیە تاکوو دەگەینە لیوارى زەریاکە دەبێت مەقامم بۆ بخوێنیت .

××××××××××××××××××××

ڕەحیمى نیشانشکێن بوو بووە پاکترین پیاوى دنیا و خەڵک بە دزیەوە بەزەوییە یاساغکراوەکاندا، دەچوون سەردانیان دەکرد و نەخوشیان بۆ دەبرد و شەل و شێتى سەرپاى وڵاتیان دەبردە خزمەتى. هیچى نەدەگوت، تەنیا سەیرى ئاسمانى دەکرد و دەیگوت: فەرزیباتان نەبینوە. هەرکاتێ خەڵکەکە گوێیان لەم قسەیە دەبوو، هەڵدەسانە سەرپێ و دەیانگوت ئەوە ناوى مەلایکەتانە و بانگیان دەکات. هەموویان دەستیان ماچ دەکرد و باوەشیان لێدەدا و ڕەحیمى نیشانشکێن بۆنى سەگى تۆپیوى لێدەهات. لە دوورى 10 مەترەوە بۆگەنى گێژى دەکردى. مرۆڤەکان بە وێنەى مێگەل لە چواردەورى کۆدەبوونەوە هەندێک جار لە خوا گەورەتر سەیریان دەکرد و دڵنیابوون کە خودا ناردوویەتى بۆ سەر زەوى تۆڵەى ڕژێمە دیکتاتۆرەکە لە گەلەکەیان دەکاتەوە، ئەمانە بڕوابوون. ڕەحیمى نیشانشکێن جگە لەوەى شێت بوو هیچى ترى نەدەزانى .

هەواڵ گەیشتە پیاوانى دەوڵەت و ترسێک لە دڵى ڕژێم دا دروست بوو بوو. هەواڵەکان کەوتنە سەرشاشەى تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ فەرمییەکانى دەوڵەت .

تەنانەت سەرۆک کۆمارى لێ ئاگادار کرایەوە . بڕیاڕێکى کۆمارى بۆ دەرکرا، بە زووترین کات هێزە سەربازییەکان ئەو پیاوە خواپەرست و لە خواترسە بگەیەننە کۆشکى کۆمارى لەبەرئەوەى دەتوانێ هەموو پیلان و ئاژاوەگێڕییانەى دەرهەق بە دەوڵەت و سەرۆک دەکرێن ئەو پێشوەخت پێیان دەڵێت ژیانێکى خۆش و کامەرانى پێ دەبەخشین. بەرەبەیانى زستانێکى سارد کۆپتەر و زریپۆش، سەربازى پیادە بەرەو دەشتایى لوتکەى شاخەکانیان کێوماڵ کرد، کاتژمیر 7ى بەیانى ڕەحیمى نیشانشکێن لەسەر تاشەبەردێک بە ڕووتى پاڵ کەوت بوو، سەربازەکان بە ترس و لەرزەوە لێى نزیک بوونەوە، لە دەنگى پۆستاڵ و گرمەى کۆپتەرەکان بە ئاگا هاتەوە، هیچ خۆى تێک نەدا و سەیرى ئاسمانى کرد و دەیگوت: فەرزیباتان نەبینیوە، سەربازەکان قۆڵبەستیان کرد و خستیانە ناو کۆپتەرێکەوە بە لوتکەى شاخ و دۆڵەکاندا بردیان بەرەو بەغدا، دەوروبەرى 12ى نیوەڕۆ گەیاندییانە ناو کۆشکى کۆمارى.

دەستەوتاقمى سەرۆکایەتى کۆمار بردیانە حەمام و پاک شۆردیان تەراشیان بۆ کرد و جل و بەرگیکى جوانیان لەبەرکرد و کاتژمێر 8ى شەو بردیانە بەردەم سەرۆک کۆمار، سەرۆک کۆمار هاتە ژوورەوە هیچ خۆى تێک نەدا و بەرەو ڕووى چوو پێى گوت: فەرزبایت نەدیوە .... هەرچەندە پرسیاریان لێکرد ئەو تەنیا دەیگوت فەرزیباتان نەبینیوە، سەرۆک کۆمار بۆى دەرکەوت ئەمە تەنیا شێتە و هیچى تر نییە، بۆیە توڕە بوو لە دەست و پێوەندەکانیان سەد جنێوى ناشیرینى پێگوتن .

بۆ بەیانى کاتژمیر 5ی سەرلەبەیانى لەسەر ڕووبارى دیجلە دایانە بەر دەستڕێژى گوللە و کوشتیان.

×××××××××××××××××

ڕەوانگەرى مەقامخوێن و فەرزیباى لەسەر لوتکەى چیاکەوە بەرەو هەورەکان ڕۆیشتن و بەدەم خوێندنەوەى مەقامەوە دۆڵ و دەشتایى و چیاکان و هەورەکان دەنگى پر سۆزى مەقام بوو...

بە ناو هەورەکاندا دەڕۆیشتن بەرەو زەریاى ئاڵتوونى، فەرزیباى گوتى: ژیان ئاڵوودەبوونە، تۆ مێژوویەکى دوورودریژتان بە ناو هەورەکان و لوتکەى چیاکان و دۆڵ و دەشتایى ژیانى باڵداران و مرۆڤەکان بەڕێ کردووە. ئەم ناوچەیە پڕە لە دەف ژەنین و خویندنى مەقام. من دایکم بۆى باسکردووم میژووى ئەم چیایانە بە سروشتى خۆى مرۆڤەکان مەقامخوێن دەردەچن و بۆیە دەیگوت: مەقام لەم خاکەدا لە پاڵ خوڕەى ئاو قەڵبەزە و تەمەنى داربەڕووەکاندا مەقام و ئاواز خوێندن بەرهەم هاتووە، مرۆڤ لێرە بە سروشتى خۆى دەکەوێتە ژیر کاریگەرى ئاوازى سروشت.

ڕەوانگەى مەقامخوێن گوتى: باش شارەزاى میژووى مەقام و دەف ژەنین بوو لەم ناوچەیەدا ....

میژووى 400 ساڵەى تەمەنی من پڕیەتى لە کەشکۆڵى ئەم ناوچانە لە ڕووى مەقام و ئاواز خوێندنەوە، باپیرە گەورەم 300 ساڵ لەمەوبەر بۆى گێڕامەوە کە میژووى مەقام و ئاواز لە ناوچەى هەولێر و ناوچە شاخاوییەکانى دیاربەکر و قامیشلۆ و لوڕستان و کرماشان و بەر لە سەرهەڵدانى ئاینى زەردەشتى ئایینى میترانییەکان هەبوو کە لە نەتەوەکانى فارس و ئەفغانى کوردستانى بڕوایان بەم ئاینە هەبوو، دواى ئاینى زەردەشتى پەیدا بوو. لە ناو ئایینى میترانییەکانیش سروشى ئاینى جۆراوجۆریان ئەنجام دەدا.

ئاینى زەردەشتى کۆنترین ئاینە لە ناوچەکەدا، یەکەمین ئامێرى دەف ژەنین لە پەرستگاى زەردەشتییەکاندا، بەکارهاتووە لە ناوچە و شوێنەوارەکانى کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە، ئوستادى گەورەى دەف ژەنین و خوێندنى مەقامات بوونیان هەبووە، بۆیە مەقام خوێنەکان لەم ناوچەیەدا زۆر کۆنە و تەنانەت گەلى فارس و تورک و ئەفغان و عەرەب فێرى مەقام خوێندن و دەف ژەنین بوونە، لە کوردیان دزیوە و کردوویانە بە موڵکى خۆیان یان هەندێک گۆرانیان تیادا کردووە .

بە ناو هەورەکاندا دەڕۆیشتن و لەگەڵ پەڵەى هەور و باراندا تێپەڕ دەبوون چیاى بەرز و نشێو و دۆڵى ناوچەکەیان بە جێدەهێشت. ئێوارەیەکى ساردى زستان گەیشتە لێوارى (زەریاى ئاڵتوونى) لە لێوارى زەویەکەوە وەستان و لە شەپۆڵى زەریاکەیان دەڕوانى گڤەى با و ڕەشەباى توندى ئێوارە تێکەڵ بە هاژە و شەپۆڵى زەریاکە بوون ترسێکى قوڵیان لە ناخى فەرزیباى دروست کردبوو.

 ڕەوانگەرى مەقامخوێن گوتى: کچم هیچ کاممان ناتوانین بەسەر ئەم زەریایەدا بچینە ئاسمان و تێپەڕین، دەبێت لێرەدا چاوەڕوان بکەین تاکوو بەلەمەوانەکانى قاچاغ دەگەنە ئێرە و لەگەڵ خۆیان دەتبەنە ئەوبەرى زەریاکە و دەچینە سنورى چیاى (مارزان) براکانت لەوێ چاوەڕوانى گالیسکەى بەهار دەکەن تۆش بەر لە گەیشتنى گالیسکەوانەکە دەگەیتە ئەوبەرى زەریاکە.

ڕوانگەرى مەقامخوێن بەرەو ئاسمان هەڵکشا و تێکەڵ بە هەورەکان بوو. بە دورایى نێوان خۆیى و فەرزیباى دەیگوت: فەرزیباى مەقام خوێندن لە بیر نەکەیت کاتێ گەڕایتەوە وڵاتەکەى خۆت منداڵان فێرى مەقام خوێندن بکە، قوتابخانەکان جارێکى تر بکەنەوە، ئەم نیشتمانە میژووى مەقاماتى میژووى مانەوەیەتى...