ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 چەند چڵە نێرگزە شیعرێک بە بۆنەی ٨ ⁄ی ئادار ڕۆژ جەژنی جیھانی خانمان

موحسین ئاوارە

 

( ١ )

کە دەرچوو لە ئارایشگا

پرچ و پەرچەمی تێکدا

گوتی داوای لێبوردنیشم لێ ناکا

ڕەشەبا

( ٢ )

ئەى ژن

کە شەقێک لە تۆ دەدرێ گوڵدانێک بە سەر دەمدا دەکەوێ

گوڵ دەوەرێ

ئەوەتا ئاسمانیش چاوى لێت بوو

جوانیت بروسکەى دا

بە سەر هەڵبڕینێک و تیلەى چاوێک

هەور گۆزەکەى لە دەست بەربۆوە و شکا

بارانێکى بە خوڕ داڕژا

( ٣ )

تۆ سەرەتای و

هیچ سەرەتایەکیش بێ کۆتایى نابێ

ئەگەر یەکێکمان بۆ بەهەشت دانڕا

ئەوەیترمان بۆ دۆزەخ

نە تۆ بێ من ڕێ دەکەى بۆ بەهەشت

نە من بێ تۆ

گەر نەلوا .. هەر ئەوەین

دۆزەخیش بەهەشتە

مادامەکێ پێکەوەین

( ٤ )

ئەمەیان وەک داڵێکى پیر لە ئاست گولێکى پشکووتوو

نینۆک تیژ

ئەویان لە پارچە مەرجانێک و مانگێکى کەوانەیی

تیشکى قەرز کردووە

ئەمەیان دەست بە خوێن

ئەویان دەست بە خەنە

ئەمەیان سمێڵى بادا و دەمارى گرژ کرد

ئەویان قژى زێڕینى بەرداوە و

خەندەى دڵڕفێنى پەخش کرد

ئەمەیان بە دەنگێکى بەرزەوە

دوو بەردى توڕەیی لێکدا

ئەویان هیور بوونەوەیەکى شینى خستە دڵى سروشتەوە

ئەمەیان پیاو بوو شەهریار

ئەویان ژن بوو شەهرەزادى نەوبەهار

( ٥ )

ژن .. تەڕێتیى ئەو کەونەى هەڵمژتووە

ژن لە سەر ئەم هەسارەیەدا

جوانییەکانى زەوت کردووە

بویە منى پیاو لەو وشکەڵانیەدا

بە خەیاڵى تەڕ لە دەریاى قووڵدا

لە بەلەمى سەرەڕۆیدا سەوڵ لێدەدەم

بێ ئەوەى لە ئەلف و بێى ئەو نهێنییە تێبگەم

( ٦ )

ئەى ژن

پڕم کە لە خۆشەویستى

پڕم کە لە وەفا و گوڵپەرستى

پڕم کە لە بەیدەستى

پڕم کە .. لێوان لێو لێم بڕژێتەوە

تا ئەو ئاژەڵە دڕندەیەى لە ناخمایە

جیم بهێڵێ

لەم یارییە دوو جەمسەرەیەدا

نەیباتەوە و بیدۆڕێنێ

( ٧ )

کوڵمەکانت سوێرن

وا دیارە فرمێسکت بە سەردا باراندووە

یا لە دەریادا مەلەت کردووە

خۆت لەو کانییە شیرینەى ئێمەدا نەشۆردووە

دەگەڕێمەوە سەر چاوانى تۆ

من لەو ئاوە شیرینەى کانى و

فرمێسکە سوێرەى تۆ سەرم سوڕمایە

ئاخۆ ئاوى دەریا فرمێسک بێ

یا چاوى تۆ دەریایە ؟!!

( ٨ )

بە سەر جەستە و بە نێو گیانمەوە تێپەڕە

خەمەکان دەبن بە ھەڵم

ترفیکلایتەکانیش سەوز دەبن

تا دەگەیتەوە ناو دڵم

( ٩ )

سێ بەرد بۆ فڕێدان

سێ بەرد بۆ تەڵاقدان

بەردەکان بچووکن

بۆ جیابوونەوە و لێکترازان

بە قەد بەردەکەی سەر شانی ( سیزیف )ە

سێ چیای گەورەیە

بارتەقای ئە چیایەش

ئێش و ئازاری پێوەیە

( ١٠ )

ھەر جارەی ئەمدی

بە پۆشاکێکی جوان و قەشەنگ

شێوەی تاوسێکی ڕەنگاورەنگ

ئەمجارەیان دیمەوە

وەک ئەوەی لە نێو پێستی ئەسپێکی ڕەش ڕەنگ

ژنە شەھیدێک

( ١١ )

بە لامەوە ھیچ سەیر نییە

لەم شەوە نووتەکە ڕەشداگەڕاوەدا

لەم تاریکستانیەدا

کە چاو ھەڵدەبڕێ

نەک ھەر چاوی خۆی ئەستێرەیە

بگرە ئەستێرەشم بۆ دادەگرێ