ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  ناساندنێک بۆ شەش بەرهەمی گوڵزاری حەیدەریزادان

مەغدید حاجی

 ئەوە جاری یەکەم نییە کاک مومتاز حەیدەری (جەژنی کتێب) لە هەولێر سازدەکات و نووسەر و ڕۆشنبییران دڵشاد دەکات.

ڕۆژی ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠ لەسەر داوەتی حەیدەریزادە، هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی سەڵاحەدین کورسی بەتاڵ نەمابوو ئەو خەڵکە بەڕێزە لەسەری دابنیشێت، بەشێک بە پێوە وەستابوون.

لە لایەن ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆ و نووسەرانی بەڕێز خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو شەش کتێبە نوێیە کران کە بەرهەمی بنەماڵە ڕۆشنفکر و تێکۆشەرەکەی حەیدەری و ژمارەیەک نووسەری بەتوانان و لە لایەن کاک مومتازەوە چاپکراون و لە کۆتایی مەڕاسیمەکەشدا بە دیاری پێشکەش بە تەواوی ئامادەبووان کران.

منیش لێرەدا بە پێویستی دەزانم ناساندنێک بۆ ئەم شەش بەرهەمەی گوڵزاری حەیدەریزادان بکەم.

۱- گوڵچنینێک لە یاداشتەکانی ساڵح حەیدەری:

ئەم کتێبە ٤۷۲ لاپەڕەیە، بریتییە لە یاداشت و تیلە چاوێک بە جوڵانەوەی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی لە باشووری کوردستان و عێراقدا. ئەوەی سەرنجڕاکێشە ٤۸ لاپەڕەی بەرایی بۆ فەرهەنگی کەسایەتییە نەمرەکانی کورد تەرخانکراوە. لە دوای ئەم ئەلبوومە وتاری (ماڵباتی حەیدەری گەنجینەیەک لە مەرجان) لە نووسینی مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم، دانراوە.

یاداشتەکانی کاک ساڵح حەیدەری لە بنچینەدا بە عەرەبی نووسراون، دووجار چاپکراوە، ئەمجارە کاک حەیدەر عەبدوڵا کردوونی بە کوردی و لە دووتوێی ئەم بەرگە کتێبەدا بڵاوکراونەتەوە. ئەم یاداشتانە لە ۳۰ ساڵی ڕابردوودا بوونەتە سەرچاوە بۆ هەموو ئەو توێژەرە ئەکادیمییانەی لە مێژووی هاوچەرخی سیاسی عێراق و کوردستانیان کۆڵیوەتەوە.

کاک مومتاز لە پەیڤێکی بەراییدا دەڵێ؛ "ئەمە تەواوی یاداشتەکانی ڕەوانشاد نییە بەشێوەیەکی کامل و تێروتەسەل، بەڵکو چەندان بەش و بەند و بابەتی دیکە هەن چاوەڕوانی هاتنی سەردەمێک دەکەن دیموکراسی ڕاستینە ڕەگ و ڕیشاڵی خۆی داکوتێت و ڕای بەرانبەر وەربگیرێت".

۲- دوو کتێب لە بەرگێکدا

ئەم بەرگە بریتییە لە دوو کتێب، بە هەردو زمانی عەرەبی و کوردی، ناوەڕۆکەکەشی کۆمەڵێک وتاری گرنگی بڵاونەکراوەی مامۆستا ساڵح حەیدەرییە، وتارەکان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە عەرەبی نووسراون و بڵاونەکراونەتەوە، مامۆستا خالد بەکر ئەیوب پێداچوونەوەی لە ڕووی زمانەوانی عەرەبی بۆ کردوون و پ.د. ئازاد عوبێدیش کردوونی بە کوردی و کاک بەختیار ساڵح حەیدەریش پێشەکی نووسیوە و لە بەرگێکدا لە دووتوێی ٦۱٥ لاپەڕەی قەوارە گەورەی بە نرخدا چاپکراوە.

منیش لەگەل کاک مومتاز حەیدەری دەخوازم "ئەم کتێبە بەڵگەنامەییە ڕەسەنە، شوێنی خۆی لە مەیدانی نووسینەوەی لێکۆڵینەوەی مێژووی هاوچەرخی کورد بە تایبەتی و لە هەردوو کتێبخانەی کوردی و عەرەبی بە گشتی بکاتەوە".

۳- ساڵح حەیدەری ۱۹۲۲-۲۰۰۱ ڕۆڵی سیاسی و ڕووناکبیری.

ئەم کتێبە توێژینەوەیەکی مێژوویی ئەکادیمییە، نامەی ماستەری مامۆستا بورهان حاتەم گۆمەتاڵییە.

ئامانجی توێژەریش لە نووسینی نامەکەیدا "خستنە ڕووی کەسێتی سیاسی و ڕووناکبیری (ساڵح حەیدەری)یە بە هەردوو لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەوە، هەروەها دەستنیشانکردنی پێگە و ڕۆڵییەتی لە خەباتی سیاسی و ڕووناکبیری لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق دا" .

٤- جەمال حەیدەری۱۹۲٦-۱۹٦۳ ڕۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیری.

ئەم کتێبەش لە بنچینەدا ماستەرنامەی مامۆستا بارزان محەمەد عەلی یە، کە پێشکەش بە بەشی مێژووی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین کراوە.

توێژەر لە پێشەکی توێژینەوەکەیدا بەم جۆرە شەهید جەمال حەیدەری دەناسێنێت: "جەمال حەیدەری یەکێک بووە لەو کەسایەتییە سیاسییانەی کورد لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو بووەتە هەڵگری هزری مارکسی و لەو ڕێگەیەوە ڕۆڵێکی دیاری گێڕاوە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی لە عێراقدا، ئەو ڕۆڵەش لە چوارچیوەی ئەو چالاکییە سیاسی و ڕۆشنبیرییانە دەردەکەوێت کە ئەنجامی داون و کاریگەرییان هەبووە لەسەر زیاتر پەرەسەندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیدا"...

وەکو پاشکۆ لەگەڵ ئەم کتێبەدا هەردوو دەقی عەرەبی و کوردی ئەم لێکۆڵینەوە گرنگەی شەهید جەمال حەیدەری دەربارەی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی کورد، بڵاوکراوەتەوە، کە لە ساڵی۱۹٦۱ نووسیویەتی و کاک شەفیق حاجی خدر بۆ ئەم کتێبە کردوویەتی بە کوردی.

٥- مومتاز حەیدەری لە باخچەیەکی ڕەنگین لە کەلتووری کوردیدا، نووسینی بارزان محەمەد عەلی.

ئەم کتێبە لە دووتوێی ٤۹٥ لاپەڕەدا، لە ڕەچەلەک و ژیان و ڕۆڵی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی و بەرهەمەکانی کاک مومتاز حەیدەری دەکۆڵێتەوە.

ئەم کتێبە لە شەش بەش پێکهاتووە، هەر بەشێکیش دابەشکراوە بۆ چەند تەوەرێک.

بەشەکان ئەم باسانە لەخۆدەگرن؛ (ژیاننامە و پێگەیشتنی، ڕۆڵی لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا، حەیدەری و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، گۆڤاری K24 و لەیلا قاسم لەیلا زانا، بەرهەم و نووسینەکانی، مشتێک لە وتار و دیدارەکانی مومتاز حەیدەری).

٦- کەشکۆڵێکی کەلتووری

ئەم کتێبەش لە دووتوێی ۳۳٦ لاپەڕەی قەوارە گەورەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

- گۆڤاری K21 وەک سەرچاوەی مێژووی ڕۆژنامەوانی کوردی لە هەولێر، نووسینی پ.د ئازاد عوبێد.

ـ بیبلۆگرافیای دوانزە ژمارەی گۆڤاری K21 ، ئامادەکردنی د. شوان سلێمان و بەختیار ڕەسوڵ.

ـ نازەنین حەیدەری ۱۹٤۲-۲۰۱٤ توێژینەوەیەکی مێژووییە لە ژیان و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی، نووسینی، خالید جوبرائیل و شیمال محەمەد.

ـ نامەیەک بەدەم باوە دەفڕێ و ڕۆژێک دەگاتە جێ نامەیەک بۆ پیرە هەڵۆ، سەعید عەبدوڵڵا.

ـ مومتاز حەیدەری ... رۆڵی لە کەلتووری کوردیدا، نووسینی کەژاڵ ساڵح.

ـ عەبدولرەحمان بێلاف ...لە باوەشی سۆفیگەریدا، نووسنی مومتاز حەیدەری.

ـ پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ..قەڵەمێکی حەفت ڕەنگ.

کۆی ئەم کتێبەش لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کاک مومتاز حەیدەرییە.

لە کۆتاییدا دەڵێم دەست و هەست و دڵسۆزیت خۆشبێت کاک مومتاز حەیدەری و تەمەن درێژبیت بە تەندروستی باش. تا ژوانێکی دیکەی جەژنی کتێب ماڵت ئاوا...

تێبینی: وێنەی ئەو نووسەرانەی کتێبەکانیان هەڵگرتووە و لە هۆڵەکە دەردەچن، بە کامیرای هاوڕێ عومەر خدر کاکیل گیراون.