ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 عەبدولکەریم شێخانی/  خەمستان

خؤشەویستم , هەناسەکەم

هەست و نەستم , ئەى گوڵە جوان و خاسەکەم 

سەرگەردان و وێڵی ڕێگام 

بێ پەناگە و شوێن و جێگام

سەر لێ شێواو و بێ ئاگام 

خۆشم نازانم چۆن دەڕۆم 

چاوم بە فرمێسکم دەشۆم 

فرمێسکم هەردەم بەخوڕ دێت 

هەر وەکو زەریا و دەریایە 

وا لەناویدا دەخنکێم 

بۆ هەر چوار لا بەبێ هوودە پەل دەهاوێم 

خەمی فرمێسکڕژێنى من 

ئەوەند زۆرە لەبن نایە 

پڕ بە پڕی گشت دنیایە 

بڵێم چى قەدەری خۆمە 

دەست بۆ هەر بنچکێک دەبەم 

لەگەڵ دەستم دێ و دەپچڕێ 

وەک نەمەنى خۆم ڕزیوە 

ئەویش خێر لەخۆ نەدیوە 

لافاوی فرمێسک دەمبا

بێ ڕەحمانە ڕامدەماڵێ

داخوا کەنگین وەک هەموو کەس

ڕۆژێک بێ بمخاتە چاڵێ

ئاخر لە خەمخانەى ژینا

من پێشەنگی خەمبارانم 

ناهێڵم کە خەم بێ کەس بێ 

ئەمن کەسی گشت خەمانم 

لە هەر کوێیەکى خەم هەبێ 

خەمت نەبێ منیش لەوێم 

لەوێش هاوخەمی یارانم 

ئەگەر خەمیشی لێ نەبێ

من بۆ خۆمی پەیدا دەکەم

هەر بۆ شانازی خۆڕانان

لە سینگ و بەرۆکمى دەدەم

ژیانى من ئەشک و خەمە 

خەمی هەموو دنیا لەکۆڵ دەکەم 

هەموویان هەر بۆ خۆم دەبەم

بۆیە هەردەم وەک دەمبینى 

ئەشکبارانم , خەمبارانم

تاریستانێکە بێ سنوور 

لە چاوم دێ فرمیسکى سوور 

ئەم ژینەى من 

بڕوا بکە سەرتاسەرى هەور و تەمە

هیچ خۆشییەکى تێدا نییە 

زەردەخەنەى لێ بڕاوە 

ئەگەر هەشبێ ئێجگار کەمە 

دڵم خۆشە کەسێکی دى بەدی ناکەم 

هاوتاى من بێ 

ئەویش گیانە وەکو من خەمی لێ بڕژێ

خەڵکی دیکە بە مەى مەستن 

منیش بە خەم 

ئەمە سەرگوزەشتەى ژینمە

من و خەم دەست لەملانێی یەکین 

لەوەتى هەم 

دنیاى خەڵکی مەیستان بێ 

دنیاکەى من خەمستانە 

دڵم سەرتۆپی گشت سەرمەستانە 

سەردەستەى مریدانى خەمم 

لەو مەیدانە بەرینەدا

ئەمن شاسوارى یەکەمم 

من و خەم پیر و مریدین 

بێ وەفا نیم پەیڕەوکارم 

بەشی خۆمە و نایدەمە کەس

بۆ کەسیشی هەڵناڕێژم 

بە فرمێسک ئاوى دەدەم 

نەمامەکەى خۆم دەینێژم 

تاکو خەم بێنێتە بەرهەم

من عاشق و ئەو دولبەرم 

دەیکەمە سایەو سێبەرم 

هەر هەناسەیەکى خەمپژێن 

لەوەوە بێ وەکو نامە و تانجی پاشا 

دەیخەمە بان چاو و سەرم 

عەبدولکەریم شێخانی

سلێمانى | ٢٠١٤/٥/٤