ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بە یەكەوە بچینەوە ناو تەڕاییەكانی ئاسوودەیی

بچین

خەڵوەتی شێتبوونی گۆرانیەكان هەڵبژێرین و لە بانیژەی ماچێكدا بەربینەوە

بەربینەوە بۆ ساڕێژبوونی ماڵئاویی

بۆ نوسینەوەی ئەو برینانەی لە گیانی گوڵەكان جێماون

بچین 

ئەو قسانەی لای باران جێمانهێشتن و لە سەردەمی شۆڕشەكانەوە هەر تینوون

بچینەوە بۆ خڕكردنەوەی ئەو ژوانانەی بەدزی دایكمانەوە گۆرانیمان بۆ دەگوت

بۆ

ئەو قەرارانەی پێش ماچكردن 

بۆ ئەو باوەشانەی لەتەڕبوونی ڕوح دا دەچوونەوە بۆ ئاسمان

من

لە كاتی دەركەوتنی خۆرو

لە ئاوابوونی ئێوارەو

لە گەرمەی دەستگوشین و

لە لەت لەتبوونی دڵیشمدا دێم

لە كەوتنی پەنجەكانیشمدا دێم

لە بەجێمانی ئەوسەرابانەی دوای شۆڕش بەس دەتوانم بگریم

بەس دەتوانم

ئەو ئەدگارانە جێبهێڵم و تازە بەلایاندا نەچمەوە

تۆ لەگەڵم بە

چیرۆكێكی پڕ لە ئومێد دەنوسمەوە

دێی بچین سكاڵای ڕوحمان ببینەوە بۆ چیاكان

من 

دێم....

بەكرئاڵەیی 

٣٠/٤/٢٠٢٠