ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ک. چیڕۆک......... (هەرزەلین)٭

دوای سێ ڕۆژ لە چوونیان بۆ خانووە تازە دوو نهۆمەکەیان، بە بۆیەکی سوور لە دیواری پێشەوەی خانووەکەی، نووسی: 

"ئەم خانووە بۆ فڕۆشتنە."

چەند لە باوکیان پاڕانەوە، پەشیمان بێتەوە، بێسوود بوو. هەر دەیگووت:

"ئەم خانووە بێ ودمە و دەیفڕۆشم."

.....

لە یەکەم ڕۆژدا، لە کاتی شووشتنی ماڵە تازەکە، ژنەکەی سۆندەی لەدەسته و دێ و دەچێ.. لە ناکاو لە کاشییە تەڕ و بەکەفەکە، قاچی هەر دەزەلی. لەگەڵ زیڕەیەک، ئاوزێکی خەمهێنەر بەماڵەکە بڵاودەبێتەوە.

بەلەز، گەیاندیانە نەخۆشخانە. دوای ئەنجامی پشکنین دەرکەوت. ڕانێکی لەبنی شکاوە، حەوز و سێ پراستووش دەرزی داوە. ژنەکەیان لە گێچ و لەفاف پێچا.

ئەویش، هەر دەیگووت:

"دەیفڕۆشم، لەکۆڵ خۆمی دەکەمەوە. ئەوە بە من ناکرێ. ئەمڕۆ ژنم هەرزەلی و سبەی من هەرزەلم، دووسبەی بووکم هەرزەلی!!"

یەکەم هەرزەلین، خانووە جوانەکەی کردە هەڕاج.

٣٠/ ٤ / ٢٠٢٠ ڕواندز

٭ هەرزەلین: بە ئاخاوتنی ڕواندزێ، واتا خلیسکان.