ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

منداڵەکەی دەمی پەیڤگەلی شانازی لێ دەباری

هەر دەیگوت و دەیگوتەوە

گوللەکان تەواوبوون و سەربازەکان تەواو نەبوون

جەنگەکان کۆتایییان هات و باوکم کۆتایی نەهات

باوکم بە گیرفانێکی پڕ لە شانازی و شکۆ گەڕایەوە.

ئێمە برسی بووین

بەیانییان بەنانی ڕەقمان دەگوت حەلوا

نیوەڕۆیان بەباینجانی سووکراوەمان دەگوت گۆشت قاز

ئێواران لە جیاتی شەکر قەسپمان بە چای دەخواردەوە.

ئێوارە بوو، بەر لەوەی خۆر تەواو ڕووی زەرد بێت

وەک جنۆکە بەدیار کەوت

وەک شێت خۆی کرد بە ماڵەوە

حەپەساین کە دەمی کردەوە و 

چەند قسەیەکی وەک شەکرۆکە بە ژووردا بڵاوکردەوە

هەموان دەیانگوت باوکت شەهید بووە

سەری بڵندی وەک دارچنار لە ژێر خاکدا بەرز بەرز دەبێت 

من و برا و خوشکەکانم قاقا پێکەنین

تەنیا دایکم گریا.

وەک بێچووی سەرگەردان هێلانەی ونبوومان دۆزییەوە

خۆمان لە گەرمایی باوەشی پڕ سۆز هەڵسوی

باوکم چونکە دەستی بەتاڵ بوو، پەیڤی شیرینی بەسەرماندا دەبەشییەوە

باسی سەرکەوتنەکانی شەڕێکی دۆڕاوی دەکرد

دایکم دەنگی گریانی تێکەڵی هەورەکان بوو

هەناسەی ساردی چووە حەوتەمین تەبەقەی ئاسمان

دایکم هەواڵی کوژرانی باوکمی بەتاڵی چێشت بوو

لە دڵیدا قەبرێکی قووڵی بۆ لێدا بوو

باوکم لە سەرەتای جەنگەوە لەلای کوژرابوو

لەتەک هەمان قەبر، ئەڤینی ئەویشی ناشت بوو

ئەو بۆ ئەوەی بژی باوکمی لە بیر کرد

ئەو بۆ ئەوەی باوکم لە بیر بکات، ئەڤینەکەی فەرامۆش کرد

ئەو بۆ ئەوەی ئەڤینی باوکم فەرامۆش بکات، شکۆی ئێمەشی شکاند.

باوکم کە زانی شکۆ و شانازی ماڵەوەی دۆڕاندووە

باوکم کە زانی ژنەکەی ئەڤینی ئەوی لە گۆڕناوە

باوکم کە زانی دایکم شەوان لە ژوورێکی دیکەدا دەخەوێت

دەنگی نەما و بەسەر ئەژنۆکانیدا ڕما

وردوخاش بوو

ئەوکات بینیم باوکم بە ڕاستی مرد.

....

سەرچاوە: 

برینەکان گۆرانیمان پێدەڵێن

چاپی یەکەم

2017

بە هەندێک دەستکارییەوە، بۆ جاری یەکەمە بڵاوی دەکەمەوە