ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

.....

دەستییان لە ژیانم هەڵبڕی

ڕۆژم بەبێ ڕووناکیی هەنگاوی حەپەسا

شەوم بەبێ خەو زەندەقی تاریکی ڕژا

لە هەینێوە...

تارمایی مرۆڤێکی کورتەبنە لە سێبەرم هەڵاتووە.

ددانی پێدادەنێم، 

من نەمتوانی ڕابکەمە دەرەوەی تۆ و

پارچەکانی ئەو پیاوە کۆبکەمەوە 

کە بیرەوەریی تاڵ پەرتی کردوون.

دەبوایە پێکەنینم ڕوخسارتی کردبوایە بە گوڵ

دەبوایە ڕۆژگارت بە پیاسەی دڵتەڕ ئاوەدان بکەم

پەیڤەکانت ئەوەندە لە دڵمدا شیرین بوون

حەزم دەکرد پێکەنینت لە گوێمدا بچێنم.

لە چەقی خۆمدا دانیشتم

کۆڵانەکانی شارم لەبەر پێیەکانم خڕکردنەوە

ئەو هەموو بەیانییە کازیوەی لێ دەڕژا

ئەو هەموو نیوەڕۆیە دەستی ماندوو چیڕۆکی ژیانی دەنووسییەوە

ئەو هەموو ئێوارەییە شۆستەکانی بە پێیەکانت مۆر دەکرد

کە ئەو بەیانییە و 

نیوەڕۆیە و 

ئێوارەیە تێپەڕین و

شەو بەرپێی ڕەش کردم

پەنجەی پەشیمانیم خستە بن بلۆکێک.

دەستت لەو ڕۆژەم هەڵگرت و

شەوم بووە جەهەننەمێکی یەککەسی

فەرامۆشی ئەو ئێوارەیەی تۆی کردە تەم و

بایی شەوشادێک زمانی بریندارم نە تەقی

ئەو هەموو تاریکییە لە پێشم ڕژا 

کەوتمە ناو گۆڕی بێ تەرمی خۆم 

ئێستانەکینیش...

جگە لە ڕەشایی چاوانی تۆ، کەس نازانی قەبری من لە کوێیە؟