ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەریم حیسامی سیاسەتمەدار و وەرگێڕو و نووسەری کوردستانی رۆژھەڵات لە بیرەوەریەکانی چەند نامەیەکی «عەزیز محەمەد »ی بڵاو کردۆتەوە . لێرە ھەوڵ دەدەم چەند قسەیەک لەسەر نامەکەی لاپەڕە ٢١٢٦ بکەم ..کە لە کۆتایی ١٩٨٧ بۆی ناردوە .

لەم نامەیە بۆمان دەردەکەوێ کە کۆچکردو «عەزیز محەمەد» چەند زمان پاراو و دەست ڕەنگین بووە لە نووسین، ھێندەش مرۆ دۆست و ھاوڕێ دۆست و بێ غەل و غەش بوە.ئەوەتا لەسەرەتای نامەکەیا دەڵێ:«ئەگەر مرۆ دۆستێکی نزیکی دۆزییەوە وەکو تۆی بەڕێز، بەبێ پەردە قسەی لەگەڵ بکا و بەبێ ھیچ مەترسیەک، ئەوا خێری خودێییە».

وە ئەوشمان بۆ دەردەکەوێ کە کۆچکردو خوێنەرێکی جدی و ھۆشیار بووە، باسی گۆڤاری «سەردەم» دەکا کە بەردەوام دەیخوێنێتەوەو تێبینیشی لەسەر ھەیە، لای وایە ھەموو ژمارەکانی گۆڤارەکە لەیەک ئاست نینە، داواش دەکات بێبەشی نەکەن لە گۆڤارەکەیان. ئەوتا لە نامەکە دەڵێ :«دەزانم خۆت و کاک د.جەمشید بە ھەموو تواناتان ھەوڵ دەدەن ـ گۆڤارەکەتان شوێنی شیاوی خۆی بکاتەوەـ بەڵام جاری وا ھەیە پیاو ئاوی لەدو بێڵی ناڕوا». 

دەربارەی گۆڤاری «ھەتاو»ی «گیوی موکریانی»یش کە کاتێ لە بەندیخانە بووە و بۆی ناردوە، لە دوای بەربوونی لە چاوپێکەوتنێکا بە مامۆستا گیو دەڵێ :« مامۆستا ھەتاوەکەت کزە»، ئەویش وەڵامی دەداتەوە دەڵێ:«ئەو گەرمایەی کە ھەیەتی تەنھا ھی خۆمە کەسی تر تینی نەداوەتێ». بۆیە پەشیمان دەبێتەوە لەوەی بەمامۆستا دەڵێ.

دەربارە بیرەوەریەکانیشی ھەم ستایشی دەکات و ھەم ڕەخنەی ئەوەشی لێدەگرێ کە زیاد لە پێویست باسی خۆی دەکات. دەربارەی چەند وشەو دەستەواژەیەکیش ڕای خۆی بۆ بەیان دەکات . 

ڕەخنەی ئەوەشی لێدەگرێ کە ھۆکار چیە ڕەزازیان تۆراندوەو شیعرەکانیان بڵاو نەکرۆتەوە، ئەوتا سەبارەت بە ڕەزازی دەڵێ :« ڕەزازی ھەر تەنھا گۆرانیبێژ نیە شاعیریشە، چۆنتان دڵ شکاندوە، بۆ قیڕتان بەلاچاوی ھێستری شێخەڵڵاوە ناوە، چما چەند ڕەزازیمان ھەیە، ھەتا ئاوا ڕەفتاری لەگەڵ بکەن».

سەبارەت بە کتێبی د.جەمشید، لەسەر ژیانی نەمر «جەمال حەیدەری» خۆزگەی ئەوە دەخوازێ کە بەئەنجام بگەیەنرێ، ئاخر ئەوە ئاشکرا دەکات نەمر «جەمال حەیدەری» ئاشنای ڕێگای شیوعیە کردوەو مامۆستا «مەلا شەریفی ڕەنگ رەژانی»یش بەرەو حیزبی بردوە.

کاتێ «کەریم حیسامی» لە نامەیەکی پێشووتر ڕەخنە لە «عەزیز محەمەد» و چەند کەسێکی تر دەگرێ، لەو نامەیە بەسینگێکی فراوان ڕەخنەکە قەبول دەکات و دەڵێ: « بە بەشی خۆم ڕازیم بەڵام بە مەرجێک نەگاتە تۆران» ئاخر پێشتر ئەوە لە مامۆستاکەی «مەلا شەریفی ڕەنگ رێژانی» فێر بوە کە بەڕخنە نەتۆرێ و دەڵێ : «کاتێ لە ساڵی ١٩٤٧ مامۆستا وای ھەست کردبوو من لێی تۆراوم ئەوەی بۆ نووسیم ـ بتۆرێ و من نەتۆراوم، بشگۆڕێیت من نەگۆڕاوم، بشم کوژن لەت لەتم کەن، ھەر ئەوەم من ھەتا ماوم ـ».

دەربارەی ڕۆمانی «شار»ی «حوسێن عارف»یش دەڵێ:«لێتان ناشارمەوە زۆرم بەدڵ بوو».

لەبارەی خۆشەویستی خۆی بۆ نیشتمان دەڵێ:« ڕەنگە کە ئەم چەند دێڕەت پێ ئەگا ـ ئەگەر خوا بکا پێت بگا ـ من گەیشتبمەوە مەفتەن، گەیشتبمەوە ئەو خاکە پیرۆزەی کە ئەبێ چۆکدەم و کڕنوشی بۆ ببەم».

لە کۆتاییدا نەمەکەیدا دەڵێ :« ببورە ئەگەر غەڵەت و پەڵەتێکی زۆرم کردبێ، یان نەمتوانیبێ ڕەچاوی شێوە و ڕێزمانی کوردی بکەم، یان خەتەکەم لەرزۆک بێ، ئەڵێن پیاو ئەگەر بەگەورەیی فێری پڵاو خواردن بێ پاروی لەبۆ لوتی دەبا». ئەوەش نیشانەی ئەوپەڕی سادەیی و بێ فیزی ئەو سەرکردەیە نیشان دەدات و پێی شەرم نیە کە دەڵێ بەگەورەیی فێری نووسین و خوێندنەوە بووە ..