ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شەكەت بووم هێندە خەمی جهان بەشانم هەڵگرم

هێندە نەخشەی جهان بنوسمەوە

هێندە ناوی وڵاتان ئەزبەر بكەم

هێندە سنوورەكان بەزۆر بپارێزم

كەچی رۆژێك جهان منی هەڵنەگرت و لەنەخشەیەكیدا جێگەی نەكردمەوە

شوێنك نەبوو بۆ حەوانەوەم و سنوورێك نەبوو بمپارێزێ

لەوەتەی هەم خەو بەم خەزانەوە دەبینم

حەزم لێیە بەسكی برسییەوە گۆرانییەك بڵێم

شیعری تیا نەبێت

حەزم لێیە مەڕەكان گورگان خواردوو بوون..

ئەو كاتەی گوند كاول بێت

حەزم لێیە كچە قەیرەكان شوو نەكەن و

هەمیشە خەو بە كوڕانی غوربەتەوە ببینن

حەزم لێیە رەنگەكان تێكەڵ بكەم .

كاتێك شەڕ رێگە لە پەلكەزێڕینە دەگرێ

حەزم لێیە پێبكەنم.

كاتێك ریزی پیاوانی ماتەم گێڕ لەبەردەم رەشماڵەكاندا رەش دەچنەوە

حەزم لێیە كاتێك رابكەم.

ئەوكاتەی ئێوە ماندووبوون و هەرتك ئەژنۆی شكاندوون

حەزی من حەزێكی سەپێنراوە

حەزم لێیە ئێواران درەنگ بڕۆمەوە.

تاكو نانەواخانەكە نەمینێ و هەست بكەم هەموو دونیا برسییە

حەزم لێیە هەموو رۆژێك بچمە دەم روباڕی نزیك گوندەكەمان .

تاكو لەخنكان تێبگەم

حەزم لەهەموو شتێكی كۆنە

لە پایسكیلێك كە پایدانەكەی شكاوە و درەنگ دەمگەێنێتە مەكتەب

حەزم لەو كچەیە كە لەخۆڕا خۆشمدەویست و ئەو بێئاگا بوو لەو سۆزە

حەزم لە چایخانەی نزیك ئەو دارستانەیە كە سێبەری دارەكانی بۆ خاوەنەكەی نەبوو

ئەو چاخانەیەی لە قسەی وشك زیاتر شتێك هیچی لێ فێرنەبووم

حەزم لەو جۆرە ئازادیەیە ئەگەر هەموان سەرخۆش نەبووینایە بڕوامان پێی نەبوو

حەزم لە پیاسەی شەوانە بە هەناسەی كۆن كە زیندەوەر لەترسی ترس بەخەبەر نەبوون

حەزم لەو سینەمایەیە كە روناكی نەدەما. ئیدی تاریكی بۆنی ژیانی خەیاڵاوی لێدەهات و گەنجەكان خۆیان راحەت دەكرد

حەزم لە سواری ئەو كەرانەیە . وەختێك خۆم لە خوێندن دەدزییەوە و هاوڕێكانم پێدەكەنین

حەزم لە هەموو شتێكی قۆڕە  

بەڵام لەترسی تۆ ناوێرم