ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە یەکەم ڕۆژی هاوین

قەسدەیەکم نووسی

بەناونیشانی حەرفی ناوت

من تەرکی شنەی کوێستان دەکەم

بایی هەموو تەمەنم

هەناسەکانی گەرمەسێرم

ئاخنی نێو سینە بووە

ئەوە بەرامەی تۆیە

هێندە بە ناخی من شارەزایە

پیاوە دڵ سپیەکەی من.

تۆ هاتی تا قووڵای دڵم

منیش کەناری چاوەکانت

لەم مەراسیمە

دوو نوقڵی ماچمان بەخشییەوە

بۆ شیرینیی لێوەکانمان

کە بە یاسای عەشق

حەڵاڵمان کرد

یەقینم نزاکانم گیرا دەبێت

بۆ بەرەکەتی تەمەنت

پیاوە دڵ سپیەکەی من

قاوەگرەوە نیم

تا لە دێڕی نووشتەیەک

هەنگاوەکانتم بردبێتەوە سەر ڕێچکەی دڵم

قەدەر چاوساغیی بۆ کردم

وتی ژیانی من

تەنیا لە خاکی تۆ سەوز دەبێت

ئەزانێ بۆ تۆ خوڵقاوم

پیاوە دڵ سپیەکەی من.

من ئەو کچەم

جگە لە نساری باڵات

هەموو گەردوونم لا نامۆیە

هەر چرکە ساتێ بڕوا

حەزێکی شێتانەتر لەناخما سەرهەڵدەدا

دوای تاسەشکاندنی مەغریبی شار

هێشتا سووراوەکەم

تامی لێوت دەدا

داوی پرچم هەروا بۆنی هەناسەتی

بەرنەداوە

خاڵەکانی جێ پەنجەت

لەسەر سینەم ڕەنگی ماوە

پیاوە دڵ سپیەکەی من.

عەشقت دڵی پڕکردووم

هەموو ڕەنگە جوانەکانم

لە نیگام هەڵگرتووە

تا پایز تەمەن کورتکەم

لە ساڵنامەی وەرزەکانت

لەسەر باڵی پەپوولەیەک

نامەیەکم نەخشاندووە

تا پەیامێک بگەیەنن

دوای چاوهەڵێنانی هەر خونچەیەک

چرۆیەک بوەرێنن

تا ڕێی هەنگاوەکانت گوڵ ڕێژکەن

پیاوە دڵ سپیەکەی من.

كچێکی عاشقم 

هەوارێکم نیە دەواری دڵت نەبێ

مەرامێکم نیە خۆشەویستیت نەبێ

سەری دەیان شەوی تەمەنم

لەبەردەم ڕۆژ داناوە

هێشتا دڵ گەرمە بۆ

قوربانیدان

ئیتر مەهانەیەک نەماوە بۆ

خاڵیبوونمان لەیەکتر

من تا دوا دلۆپ دەتنۆشم

با بۆ ئەبەد مەست بم بە عەشقی تۆ

پیاوە دڵ سپیەکەی من.

تێبینی/ سوپاس بۆ مامۆستا سەردار نۆڕێ بۆ پێداچونەوەی ئەم دەقە