ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پیاوە تاقانەکەی دڵم

ئەو ئێوارەیەی ژوان

پێش هاتنی تۆ

لەسەر گەڵای دارەکان

بۆم نووسی 

ئێوارەت باش

یەک هەناسەی تۆ

هەزاران جار لە نیشتیمان

خۆشەویسترە

پیاوە تاقانەکەی دڵم

لەوساتەوە من

کاتژمێری تەمەنم

لەسەر تەوقیتی عەشقت

ڕێک خستوە

لەگەڵ هەر چرکەیەک

ژمارەیەک لە خۆشەویستیت

لەدڵم زێدەتر دەکات

پیاوە تاقانەکەی دڵم

ئاخر عەشقت

تابڵۆیەکی باهادارە

لەسەر سینگی هەولێرەکەم 

هەڵواسیوە

هیچ نیگار کێشێک نەیتوانیوە

وەک ئێمە پەی بەتەلیسمەکانی شێتی ببات

لەهێلکاری دەروازەیەکمان کێشا

تا سنووری دڵ

لەتۆخکردنەوەی ڕەنگەکان

لێوەکانمان هۆگری یەکرد

لە دوماهی تابڵۆکە 

قەتارە پەنجەکانت 

گەردانەی عەشقێکیان چنیەوە

تا لەسەر کێوی سینە

هیلاکی و بتەکێنی

پیاوە تاقانەکەی دڵم

ئەوەی لەدەستمابوو

نامەیەک بو بۆ خۆر

تا دوای ئاوابونی خۆی

پەیامێک لای ئاسمان

بۆ مانگ و ئەستێرەکان

جێبێلێ

شار ئەمشەو نیازی 

بەڕووناکی ئێوە نیە

کە ڕۆشنایی نیگاکانت 

بو بەچڵ چرای شەوی 

پیاوە تاقانەکەی دڵم

ئێستا هەموو رۆژانێک

تێر بۆنی پەنجەکانم دەکەم

دوای ئەوەی لە چاوشارکێی ئەوین

بۆ چەند ساتێ

لەنێو داوی قژت ون بو

ئیتر جگە لەو هەموو

بەرامەیەک

هەر لەلای من نامۆیە

قەت ئاشنای نابم

پیاوە تاقانەکەی دڵم

لەهەر چوار وەرزەکەی ساڵ

تەنیا پایز بێئومێدی

دەخاتە بەرپێی گەڵان

تا ئازاری وەرین بچێژن

وەلێ من بەگوڵی کرسەکەم

گوڵستانێکم لەبەر پێتا

سەوزکرد

تا ئەرخەوانی ماچەکانت

لەسەر جەستەی ژنێتیما

ڕەنگی سوورتربو

پیاوە تاقانەکەی دڵم

بۆ پێناسەی بونت

نەچوومەوە سەر حەرفەکانی

مێژوو و

نەگەڕان بەکۆڵانەکانی ڕاڤە کردن

نەخوێندنەوەی قەسیدەیەکی

ئاڵۆدەبون

لەیەکەم شەڕی نیگاکان

خاکی دڵم بەتۆ بەخشی

یەقین بوم پاشایەتی لەو حەرشە

بەهەموو یاساکان

تەنیا مافی تۆیە

پیاوە تاقانەکەی دڵم

شار سوچێکی دابەئێمە

منیش دڵکی پڕ لە عەشق

تۆش هۆگربوون

ئیتر کۆڵانەکانی وەڕس بونمان

ونکرد

ئێستا هەر نزا بۆ بەرەکەتی

تەمەنی تۆ دەکەم

کەبەهەناسەکانی تۆ

منیش هەناسە دەدەم

پیاوە تاقانەکەی دڵم