ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕۆژەكانم

ڕۆژەكان هی من بوون 

تیایانا جوانترین پاپۆڕی شیعرم 

ئەخستە بەر شەپۆلی دەریا 

شەمووانی ئەچوومە باخچیلەی ماڵەوە 

لە قوڕی سپی خەیاڵم 

شەرابی سوورم دروست ئەكرد 

یەكشەمووان بەسەر گردەكەی مەحەتە 

گوێم لە دەنگی قیتاری نۆ فارگۆن ئەگرت 

دووشەمووان لە بەرەبەیانەوە 

قاوەم ئەخستە سەر ئاگرو 

تا ئیوارە كتێبخانەكەم پاك ئەكردەوە 

كتێب هەبوو دوای چەندین ساڵ 

سەر لە نوێ‌ بە یەكتر شاد ئەبووینەوە 

هی واش هەبوو یەكەمجاربوو كە ئەمبینی 

بە ساردی سڵاوێكی لێ‌ ئەكردم 

ئەمزانی دڵی شكاوە و چەندین ساڵە 

بێ‌ رەحمانە لە زیندانی ئەو ڕەفانە بەندم كردوون

كۆنە پەڕی زۆرم لە نێو لاپەڕەی كتێبان ئەدۆزییەوە 

گەنجینەی حیكمەتی وجوود بوون 

هێندێكیان نامە بوون فرمێسكیان بەسەردا ڕژابوو 

هێندێكیا شیعریان بەسەرا نووسرابوو 

هەموو ڕۆژەكان هی من بوون 

سێ‌ شەمووان با دەستی ئەگرتم و 

ئەیبردمە دوورترین دارستان 

ماڵی یەكەمین كوكوختی بوو

چوار شەمووان سەرێكی گۆڕستانم ئەداو 

هاوڕێكانم هەموویان لەوێدا لەسەر پشت ڕاكشابوون 

چییان لێ‌ هات؟؟ كەس قسەی كەسی نەئەبڕی و 

هەموویان بە هێمنی 

لە ژێر خۆڵەوە سەیری ئاسمانیان ئەكرد 

چییان لێ‌ هات ؟ بۆ ڕۆیشتن 

ئێستاش هەروا چاوەڕوانم بێنەوە لام 

پێنجشەممان پڕ لە ئێوارەی نارنجی بوون 

ئەو ڕەنگانە منیان ئەبردەوە بۆلای باڕەكان 

بۆ لای ئەو مەلە مل باریكانەی 

لەسەر مێزەكە هەڵئەنیشتن 

ئێستا ڕۆژەكان هی من نین

شەممەكان باخێكی سیس و جۆگەلەی وشك 

دنیا ژەنگی هەڵێناوە 

یەكشەممان ریتمێكی ساردو دەنگی ناسازی لورەیەك 

لە دوورەوە گوێمان ئەسمێ‌

دووشەممان هەر ئەڵێی مرۆڤە 

لە ئاوێنەی شكاو خۆی ئەبینێ‌ 

ڕۆحی هەلا هەلا بووە

سێ‌ شەممان كز كز ئەسووتێن ئێستا نا ئێستا 

ئەكوژێنەوەو ئەچینەوە بۆ تاریكی

چوار شەممان لە سینەمایێ‌ ئەچێ‌ فیلمی لێ‌ سووتابێ‌ 

شاشەو بەختی لێ‌ شكابێ‌ 

پێنج شەموانیش بەیەكەوە دا ئەنیشین 

قسەی گەورە فڕێ‌ ئەدەین 

هێندێ‌ ئەبینە فەیلەسوف، هێندێ‌ قەرەج ، 

هێندێ‌ شەكسپیر، هێندێ‌ باشترین تەباخ 

ئاخ ڕۆژەكان تامیان نەماوە