ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کە باران دەبێتە کەمانچـە ژەن ..

لێم نزیک بە ..

تاکو باران وەکو ژنێک دەبێتە کەمانچە ژەن 

پەنجەکانی نەسیم تەڕ کە،

چڵێ لە گۆرانیەکانی جاران 

لە ئینجانەی پەمەیی مەغریبێک دا بچێنەو

با شەنگەبی ،

کراسەکەی خۆی هەڵکا بۆ سەما 

تاکو حەوشەکەمانی لە ئێوارەدا بۆ ڕاخەم !!

فێرم بکا ..

چۆن دەستەکانم پڕکەم لە ئەستێرە 

ئەو دەمەی ،

کە پەرداخێک هەتاو 

لەو دیو پەنجەرەیەکەوە مەست دەبێ بەشیبای عەتری

سنەوبەرێکی چاوکاڵ !

فێرم بکا ،

ئەو دەمەی هیچ بەیانیەک لە دێڕەکانی ماچـا

خۆکوشتنم بیر نەچێتەوە !!!

لێم نزیک بە !

ئەو سەفەرە پیردەبێت 

هەتا لە مردن دێمەوە !!

هێندەی گەنج بونی پێکەنینێک لەوێ نابم 

شەممەیەک خۆت بگۆڕە پێکەوە دەچینە ماڵی ئـاو 

دەچینە دوکانەکانی پێکەنین ،

تۆ کراسێک لە ڕەنگی ئێوارە لەبەر کەو

منیش کراسێک لەڕەنگی تەم !!

لەوێ کە چوینە ماڵی عەتــر

بالە درزی باخچەیەکەوە لێمان بڕوانێ هەتاو 

تا وەرەس دەبێ 

باڵە فڕە بکا ، باڵە ناسکەکانی بەفر !!

سەیرە هەرچەند بەگەڕەکی شیعرا دەڕۆم ،

ناگەمەتۆ !

چاوەکانم لای سێبەری گەوزینی هەورێک جێ دێڵم و

دەستەکانم بەڕوناکیدا هەڵدەواسم 

هەر بۆ ئەوەی ،

لەودیو گەڕەکی گریانەوە 

لای چەقۆکانی سەربڕینی بادە 

سێبەر لەکانی نەبڕێت !!

تاکو ڕاکردنی ڕوبار،

بەشەکەتی بەڕێگاکانی ئەو سروەیەدا دێنمەوە 

خۆم لەحەرفەکانی ڕۆمانی سووردا وون دەبم !!!

لەنوسینی شیعرێکی پەمەیی دا

تۆ نازانی ،

ئازار چەند ڕەنگی هەیە ؟!

تا پێناسەی شێتیەتی خۆم لەگەڕەکی خنکانا دەهێنمەوە

بۆ دڵدانەوەی ئەڤینێک ،

بەسەر قیامەتی قافیەکانی پردی سیڕاتا ڕەت دەبم 

لەپشت هەموو نوختەیەک و فاریزەیەکی بێ گوناها ،

لەپێش چاوت ،

لە سێبەری درەختەکانی یەقیندا

لەسەد جێگا شەهید دەبم !!!

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭