ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەوەی ھات و شکاندمی

ئەوەی ھات و وەراندمی

دایکم نەبێ

ئەوەی توانی بۆی کردم

بۆ باقیەکەی

یا ئەوەتا بۆم دەگریا

یا خۆ نزای بۆ دەکردم

بەڵام ئەتۆ

لەو ڕۆژەوەی

لەگەڵما ھاتیە بن یەک میچ

لەو ڕۆژەوی پێت سەلماندم

ئێمەی پیاو

بەبێ ئێوە ھەر ھیچین و

نابین بە ھیچ

وا دەچێتە بیست و سێ ساڵ

بەبێ دوعا ، بەبێ گریان

ھەر خەریکی ساڕێژی زامەکانمی

ھەر خەریکی کۆکردنی پارچەکانمی

وەك چێكردنی وێنەی پەزاڵ

تا ھەنووکە

لە باوەشی ھیچ کەسێکا

نەگریاوم

بەس لە ئامێزی دڵنیایت

دەگریم دەژیم پێدەکەنم

لە ئامێزی پڕ لە ھەستت

تامی بوونی خۆشیم کردوەو

ئاوازی بە جۆش دەژەنم

ئێستاکە تۆ

بووی بە ھەواو ئاو و زەویم

ئێستاکە تۆ

بووی بە بالای بەرزو نەویم

تکا دەکەم ، لێمی مەگرە

کە جار جارە

پارچەیەکم نادۆزییەوە

یا دەیدۆزی و جێی خۆی ناگرێ

ئەوە خڵتەی ئازارێکی دەیان ساڵە

من دەیچێژم

دەبتە ھەڵچونێکی بەسۆز

ناچارم بە تۆی دارێژم

———————————

پەزڵ( puzzle) ووشەیەکی ئێنگلیزییە دروستکردنی وێنەیە بە پارچەی بچووک بچووک