ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەک هەنگوین هاتی

کەچی باخەکەمت

بە تامی ژاڵە سەوزکرد

لە گوڵاوپڕژێنی گزنگدا

تاریکی، لە شەرمەزاریی خۆیدا تلایەوە

منیش وەک سوورەچنارێکی عاشق

لەبری گەڵاڕێزان

سەرانسەری وەرزێکی تەمەنم

بە فرمێسک نووسییەوە

***

لە خەڵوەتی ژماردنی

پلیکانەی ساڵەکانی زیکری وەفادا

تۆ شەوچراغی من بووی

لە ( کوڵبەی ئەحزان ) ی ژواری ئەویندا

تین و تاوی ژیلەمۆی وەجاغی من بووی

***

دڵم ئاوێنەیەکی ڕوون بوو

بەشکاندنی ، ون نەبووی و

وێنەکانت بوون بەهەزار

حەزم باخێکی ڕەنگاڵەیی بوو

بە سووتاندن ، وشک نەبوو

هەموو شتێکم .. هەموو ژیانم

بوو بە یادگار

***

تۆ

زایەڵەی هەست و سۆزێکی

ژین بەبێ تۆ کەلاوەیە

خەندەت کەڤاڵی خۆشنوودی و

ڕووحی زیندووی

داستانێکی جاویدانی و هۆنراوەیە

ئەی خەمی شیرینی من ..

-----------------------------------

* کوڵبەی ئەحزان : کونجی خەمان .

* ژوار : ئازا و ژان تەمووزی ٢٠٢٠