ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

"-نا، ئه‌وینداری كوڕو كچان ده‌زانی كه‌ی ده‌بێته‌ به‌ند و به‌یت وحه‌یران ولاوك؟ كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ناو چیڕۆك و داستان و سه‌ر زاران و پشتاو پشت ده‌گێڕدرێته‌وه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌؟"

"+كه‌ی؟"

"-ئه‌و ده‌مه‌ی بۆ یه‌كتر نابن، خۆ ئه‌گه‌ر سیامه‌ند و خه‌جێ بۆ یه‌كتر بان، ئێستا له‌ چ جێ ناویان نه‌بوو،....."

ئه‌وه‌ گفتو گۆی نێوان هه‌ردو ئه‌ویندار (كه‌ریم و ستی) ی هه‌ڵاتووی ده‌ستی زوڵمی ئاغا و سته‌می دواكه‌وتوویی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، له‌ شه‌وێكی ئه‌نگوسته‌ چاو، له‌ گۆڕستانی شێخه‌ڵا له‌ پاڵ گۆڕی (حه‌سه‌ن و مریه‌م)، "ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌وین خوێنیان رژاو ماڵیان بۆته‌ ئه‌م گۆڕستانه‌"، بوو. ئاخر له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌، له‌ ته‌واوی دونیا، قه‌ده‌ری ئه‌وینداران وابوه‌ له‌ پیناو ئه‌وینێكی پاك و بێگه‌رد گیانیان به‌ده‌ست كه‌سانی دوور له‌ به‌زه‌یی و سۆزی ئه‌ویندارانه‌ له‌ خوێن گه‌وزاوه‌ و لێنه‌گه‌ڕاون ئه‌وینداران به‌ مه‌رامی خۆیان بگه‌ن. بۆیه‌ له‌ سه‌رده‌مانێك ناوی ئه‌و ئه‌ویندارانه‌ كه‌وتۆته‌ ناو به‌ند و بالۆره‌و حه‌یران لاوك، ئه‌وه‌تا له‌و سه‌رده‌مه‌ش (كه‌ریم كاكه‌) ئه‌و ئه‌ویندارانه‌ له‌ له‌ رێگای رۆمانه‌وه‌، زیندویان ده‌كاته‌وه‌و نه‌مریان پێ ده‌به‌خشێ.

(كه‌ریم كاكه‌) سه‌ربرده‌ی ئه‌م دوو ئه‌وینداره‌، كه‌ سه‌رده‌مانێك له‌ سه‌ر زاران بوو، هێنده‌ به‌ لێزانی و سه‌لیقه‌ییه‌وه‌ ده‌كاته‌ رۆمان، چه‌شنی ئه‌حمه‌دی خانی بۆ مه‌م وزین، به‌رگێكی نه‌مری به‌به‌ر كردوه‌. 

له‌م ڕۆمانه‌ نووسه‌ر گێڕه‌ره‌وه‌ و هه‌موو شتزانن نیه‌، به‌ڵكو كاره‌كته‌ره‌كان به‌شدارن له‌ گێڕانه‌وه‌ی چیڕۆكه‌كه‌ به‌ نموونه‌ (ژنه‌ی خه‌وناوی و ستی و كه‌ریم وژنه‌ی نیگار كێش و مه‌لای داستان و...) هه‌ر یه‌ك به‌ گوێره‌ی ده‌ورو كاریگه‌ریه‌كه‌ی له‌ چیڕۆكه‌كه.‌ كه‌ ئه‌مه‌ش ته‌كنیكێ شیاوه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م چیڕۆكه‌و خزمه‌تێكی باشی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی كردوه‌ .

كات ی رۆمانه‌كه،‌ ساڵانی چله‌كان تا شه‌سته‌كانه‌. ئه‌وه‌تا له‌به‌شی دووه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 14 له‌سه‌ر زاری كاره‌كته‌رێك ده‌ڵێ: (حه‌ره‌س قه‌ومی به‌و ناوه‌ وه‌ربوونه‌، كه‌سیان نه‌هێشت) ئه‌وه‌ش ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ دایكی (كه‌ریم) چۆته‌ ساڵه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ دایكی (ستی) "كه‌ به‌ ژنه‌ی خه‌وناوی ناوی له‌ رۆمانه‌كه‌ هاتووه‌" چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن مه‌رگی ئاغاو نۆكه‌ره‌كانی به‌ چاوی خۆیان ببین."كه‌ ده‌ستیان سووره‌ به‌خوێنی دوو ئه‌وینداره‌كه‌". شاگه‌شكه‌ ده‌بن به‌ هه‌واڵی كوژرانی ئاغا به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ داده‌نیشن و چایه‌ی به‌شه‌كر نۆش ده‌كه‌ن، ئه‌و چایه‌ و شه‌كره‌ی دایكی ستی بۆ رۆژێكی ئاوا هه‌ڵی گرتبوو.

شوێنیش ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێرو چیای قه‌ره‌چووغ و ده‌شتی كه‌ندێناوه‌ و قه‌ڵاو باژێڕی هه‌ولێره‌.

له‌ڕوی زمانه‌وانیشه‌وه‌، به‌ زمانێكی ساده‌ و حه‌یرانی ده‌شتی هه‌ولێر و تێكه‌ڵ به‌ زاری موكریان و كرمانجی بێ گرێ و گۆڵ نووسراوه‌و به‌شه‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون،ئه‌و زمانه‌ سیحراویه‌ خوێنه‌ر بۆ خۆی كه‌مه‌ندكێش ده‌كا. پڕه‌ له‌ ئیدیۆم و وشه‌ی ڕه‌سه‌ن و نوێی ناوچه‌كه‌، به‌مه‌ش ئه‌م وشانه‌ له‌ له‌ناوچون ڕزگار كراون، له‌وانه‌ش به‌ نموونه‌( ره‌باس، رۆژی په‌سڵان، راممه‌ته‌رێنه‌، چۆڕبڕ، زاره‌وزار، باویلكه‌، چێنكه‌، یال، تریواندی، سه‌یار، په‌لیك) و چه‌ندان وشه‌ی تر. ئه‌مه‌ش جوانیه‌كی تری به‌ رۆمانه‌كه‌ به‌خشیوه‌.

(كه‌ریم كاكه‌) له‌م رۆمانه‌ی، ته‌نها دوو كاره‌كته‌ری ئه‌ویندارمان پێناناسێنێ، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵێ خه‌سڵه‌ت و ئاكاری جوانی تاكی كورد له‌وسه‌رده‌ممان پێ ئاشنا بكات له‌ڕێی هه‌ردوو كاره‌كته‌ر. ئه‌ویش سوارچاكی و ئاژه‌ڵ دۆستی و نیشانشكێنی و سه‌ركێشی كچ و كوڕیكورد له‌و‌ سه‌رده‌می. هه‌روه‌ها وه‌فا و داوێنپاكی و ده‌ستپاكی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و قه‌بولكردنی غه‌یره‌ دین و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان تێپه‌ڕاندن و قه‌بولكردنی خوشكی هاوڕێیه‌كی به‌ئایین جوو به‌ خوشكی خۆی و شین و واوه‌یلای كچه‌ جوه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌رمی كه‌ریم جوانترین نموونه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئایینه‌كانه‌ له‌و سه‌رده‌می له‌نێو كۆمه‌ڵگای كورده‌واری.

ئه‌م شاكاره‌ نوێیه‌ی (كه‌ریم كاكه‌) زۆر هه‌ڵده‌گرێ، ئه‌ركی ره‌خنه‌گران و نووسه‌رانه‌ به‌ وردی له‌ باره‌یه‌وه‌ بدوێن و لێكۆڵینه‌وه‌ی جدی له‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م ئه‌وینی ‌كه‌ریم و ستی و هه‌میش رۆمانه‌كه‌ زیاتر و زیاتر به‌ خوێنه‌ران بناسێنن. خوێنه‌ران و كوردیش ئه‌بێ شانازی به‌ داهێنه‌رو پاشای گێڕانه‌وه‌و رۆمان نووسی گه‌وره‌ (كه‌ریم كاكه‌)وه‌ بكه‌ن.