ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەبیرم نایا خۆم لەبیربێت 

یان ژنێكم ناسیبێ‌ وەكو تۆ هێندە حەز بكات ماڵێكی هەبێ‌ 

لەوێوە تێگەیشتم كە هەموو شتێك پێچەوانەیە 

هەموو شتێك لەدژی ئەویتر لەدایك دەبێت 

تۆ لەدژی من هاتووی و منیش لەدژی تۆ 

بەدەست خۆم نییە / حەزدەكەم لەگەڵ خۆمدا تەنها بم 

چونكە دیارنییە/ دەریا كەی ئاراستەی خۆی دەگۆڕێ‌ 

عیشقیش كەی لەجەنگ تەواو دەبێ‌ 

تەنها ئەوكاتە نەبێ‌ كەمردن قسەدەكا 

ئەوكاتەی كەژیان خامۆش دەبێت و دەنگی تەقە و ئاژاوە نامێنێ‌ 

ئەوكاتە بیری شەڕ دەكەم/ بیری گریانی ژنەكەم 

ئەمە دوا دێڕی گۆرانیەكی ناچارییە بۆ خانمەكەم 

زۆرم گوت خانم لێم گەڕێ‌ با نەیەم بۆ شار/ با نەبم بەشەریكت/ نەبم بەو پاڵەوانەی كەهێشتا سێبەرە و تۆ خەوی پێوە دەبینی/ بانەبم بە پارچەیەك لەكوڕانی سەر شەقامەكان/ لەبری ماچ جنێوت پێبدەم.. 

من دەمزانی دواتر كابوسێك لەبەرگی تۆدا دێت و پێمدەڵێ‌ 

بەهیچ نابی ... تۆ قەت بەهیچ نابی 

خانم من نەمگوت با بۆ یەكتر نەبین و پێكەوە لەدەرگای ماڵێكەوە نەچینە ژوورێ‌ 

توخوا نەمگوت با پێكەوە نەبین/ نەبادە بەختم وەكو كاغەز بخەیتە نێودەستی مناڵێك و هەرخۆت پێی بڵێی بیدڕێنە 

ئەوكات منیش لەخۆمەوە دەستپێدەكەم كەلەداخی سەربەستی تۆ و زیندانیكردنی عیشق 

پیرۆزی دابڕان بخەمە شیعرەوە

پێمگوتی خانم / زۆرم پێگوتی وابڕوات من ناتوانم چیرۆكی خۆم و تۆ بنوسمەوە 

من بەر لەخۆم / كەسێكی تری وەكو تۆ هاتبوو سۆراغی كردبووم و دابڕاین لەیەكتر

ئەو ئێستاكەش بەنێو كوچەی شاردا بۆئەو كاغەزە دەگەڕێ كەبەدەستی مناڵێك دڕا 

هەر ئەوكاتە خانم/ لەجیاتی من گوتبوت لەسەربەستی مەگەڕێ‌ 

جگە لەگێلێتی جوانیشت لێدەدزێ‌ 

تۆ بووی بەقوربانی سەربەستی / منیش گوایە شۆڕشگێڕم 

بەسەر ئەسپێكی لەڕەوە دەمگوت 

ئازادی .... ئازادی 

ئەم دەنگە گەرووی تاكو بازاڕ بەرزبووەوە 

تائەو جێگەیەی خانمەكەم لەبەردەم زێڕەنگەرەكان بینی/ قاقا پێدەكەنی 

ئێستاكە لەشێتخانەی 

خانم من بەهۆی تۆوە هەژار كەوتم/ تۆش بەهۆی منەوە دەوڵەمەند بووی 

من بیرم نایە كەی رۆیشتووم / تۆ بیرت دێت كەی دەستت لەهەویر بەرداوە بۆ شەڕی پیاو 

ناچارم بڵێم لەوەتەی تۆ لەنێو دۆزەخدا كەوتووی

من درۆدەكەم .. !

درۆدەكەم و دابڕاوم لەئەوینی بێدەنگیت/ لەشوكرانەییت لەسەر تاشەبەرد/ لەچەماوەییت كەداپیرت بەوەرەسە بۆی جێهێشتووی 

تەنها لەو بارە قورسە دانەبڕام كەبەسەر شانمەوە بوو

ئێستا سەرباریشی هاتە سەر/ كە تۆی 

خانم خەتا لەتۆ بوو كەچۆڵاییت لێكردم بەحەشاماتی كۆتایی ژیان 

خەتای تۆ بوو كەبەتەنها بویت بەمێگەلێك لە ژن 

هەریەكێكت لەقولكەیەك راگرتبو و سێرەیان لەمەرگ گرتبوو/ لەپانتاییەكی دیكەی ئاسمان بۆ ژیان دەگەڕان/ لوتبەرز وەكو شەیتان/ كەهاتنەوە خوارێ‌/ هێشتا ژن بوون. 

تۆ ئێستاش باوەڕ بەمن ناكەی و دەبینم بەپێیەكانی من رێدەكەی 

پەنجەی من رادەوەشێنی و شەق لەسێبەری خۆت هەڵدەدەی 

هەرجارەی لەلایەك سەردەردێنی 

كەپێتدەگوتم كەی نوێژ دەكەی/ سەرم بۆ دەچەمانیەوە 

كەدەعوەتی مۆم داگیرسان و تەراتیلی دێرت دەكردم/ سوپاسی مەریەمم دەكرد

وەختێكیش بەسەر پشتی گایەكەوەیە دەهاتی/ پێتخوشبوو بەجلێكی هیندیەوە نمایش بكەی و پێكەوە حەشر بكرێین 

ئێستا دەمەوێ‌ بڕۆم و پێم رێدا ناگرێ‌ بۆنی عەتری بەجێماوی تۆ نەكەم 

من ناچارم بەدرۆش بێت / هەر لێرەبم وەكو داهۆڵ 

هەر بەناچاریش لەپشت پەیكەری ئەبو عەللای مەعەرییەوە وەكو دارێكی وشك هەڵاتوو

چاو لەتۆ بكەم و خەیاڵم لەبیابانی بێسنووردا بەجێبێڵم 

خانم بڕوانە تەنیشتی خۆت/ بڕوانە ئەوبەری خۆت/ بڕوانە سێبەری خۆت 

چۆن دەبی بەخۆت و دەگۆڕێیت 

تەماشاكە و بزانە بۆچی/ ژنێكی نەزۆك كتێبێكی بەرگ سەوزی لەمێردەكەی دزیوە/ بۆچی بەستیانێك دەیگۆڕێتەوە 

بۆچی ژنێك بەڕووتی بەنێو جامخانەكانی بازاڕدا پیاسە دەكات / تف لەكابرای كوتاڵ فرۆش دەكا 

بۆچی ژنیكی تر لنگە نەعلێك لەوێنەی مێردەكەی دەگرێت و هەر خۆشی بەدیاریەوە دەگری 

ژنێكی تر لەسەر چەند پارچە زێڕێك لەگەڵ مێردەكەی شەڕیەتی و پیرێژنێكیش بەتەنیشتیانەوە لەگەڵ پیرەمێردێك بەژیان پێدەكەنن 

بزانە بۆچی ژنێكی تر لەقینی پیاوە دەنگ بەرزەكەی / بەرد بەبا دەكا 

ئێ‌ ی بۆ ژنێكی تری خان و مان 

(راوەستاوە لەو بانە/ دەستی لەكەمەردانا/ هەر دەڵێی كچە سوڵتانە) 

بۆچی ژنێكی تر دەبینم پرچی سپی دەهۆنێتەوە بۆ دەنگی پێی پیاوێك

بۆچی ژنێكی تر بەسەماكردنەوە تەماشای كوشتنی براكەی دەكا

بۆچی ژنێكی تر خۆی دەسوتێنێ‌ و جلەكانی بۆ یادەوەری حەشار دەدات 

ئەی خێرە ژنێكی تر بۆسەربەستی دەیەوێ‌ خۆی بدات بەدەم ئاودا 

تۆش لەبری من ناوی هەموویان دەنوسی و ناوی خۆت بیر دەچێتەوە

ئەمانە ژنەكانن / ئەوەش منم لەگەڵ پیاوە خەسیوەكان دیارنیم 

ئێێیی خانم 

من خەیاڵ گرتوومی و پێموایە لەمێژە لێرە نیم 

سەرخۆشم بەژن و خەریكم دەفتەرەكەی بەرباخەڵم دەسوتێنم / تۆش هەر لەخەیاڵی رووت كردنی سینەتی 

مەستم بەژن و خەریكم سەعاتەكەی دەستم دەشكێنم / تۆش هەر لەبیری گەڕانەوەی زەمەنی 

خوویەكی خراپە كەوەكو چارلی چاپڵن فێری كاتژمێر شكاندنت كردم

تۆش وەكو ئەوانی تر/ لەبری ئەوەی جۆش دابمێنی / پێم پێدەكەنی 

سی ساڵی رەبەقە خانم 

سی ساڵی رەبەق/ ناوی رۆژەكانی هەفتەت لەبیرم بردۆتەوە / جگە لەناوی خۆت

نەتهێشت ناوێك بدۆزرمەوە بەقەد ناوی ژیانی سەر زەوی زەحمەت بێ‌ 

هێندەت گەورە كردم خەریكم ژمارەی ساڵەكان لەغروریدا دەسڕمەوە 

دەمەوێ‌ بەخەیاڵ بچمەوە بۆ سەمەرقەند

تەمەنیشم هێندەی مەوداكانی ئێرەو سەمەرقەند بڕ ناكات 

لەوەش نەگبەتی تر ئەوەیە جورئەت ناكەم لەسەر لافیتەیەك بنوسم 

ئازادیم بەژن گۆڕیەوە و تۆش بەماڵ 

خانمەكەم بڕوانە 

كە لەدوورەوە تەماشای تۆ دەكەم و تف لەو كتێبە دەكەم كەباسی ئادەم دەكا/ لەسەری نوسراوە ژن / چیرۆكی هابیل و قابیلم بۆ مەگێڕەوە 

نازانم بۆچی كەباس دێتە سەر نهێنیەكانی فیرعەون و یوسف/ تۆ تەنها چیرۆكی زوڵەیخام وەبیر دەهێنیتەوە 

نازانم لەكەیەوە توشی ئەو نەخۆشیە بووم كەناوی ژن ە 

من دەزانم ئەم قسانە سەرم دەخوا 

دونیام لێبووەتە چەرمی چۆلەكە و پەردەیەكی شاشی تەنكم لێبووەتە دیواری چین 

رەهەندی حەرفێكم لێبووە بەدەیان فرسەخ و هەرچەند دووربی هەر نزیكمی 

خۆزگە وەها نابووم 

نەخۆم و نەتۆشم نەناسیبا 

ئێستا ناوێرم بچمە هیچ مەجلیسێكەوە 

نەبادە پێم بڵێی تۆ نوێژ بۆ راسپۆتینەكان دەكەی 

من پێشتر وانەبووم تا تۆ نەهاتی 

بەرلەوەی لەرۆژنامەكاندا كاریكاتێری خۆم ببینم 

بەدیار كۆڵەمستانێوە دۆشدامابووم و پڕ بەگەرووم دەمقیژاند 

بژی ئازادی .......... 

لەبیری ئەوەدام بۆچی هەمیشە پێتدەگوتم گێلە و نەمدەزانی بۆ 

ئەی خودا چەند غەریبم 

تازە خەریكم لەباوكم یاخی بم 

وەك ئەو مناڵانەی لەمەكتەب یاخی دەبن و دەفتەرەكانیان دەدڕێنن

تازە خەریكم یادەوەرییەكانم بنووسمەوە و بیدەمە رۆژنامەیەك و بمكات بەپاڵەوانی مانشێت

تازە خەریكم گومان لەزمانی خۆم دەكەم 

غەریبم / غەریبتر لەتۆ خانم 

كەمێك بگەڕێوە/ بزانە چۆن بووم بەخواپەرست و نەشمدەزانی روو لەكام مەعبەد بكەم 

چۆن بووم بەعاشق / نەمدەزانی بەیانی باش لەتۆ بكەم كەتەنها سێبەرەكەتم دیبوو 

خۆم زیندانی كردبوو/ دەرگاكانم بەو پەنجەرانە دەگۆڕیەوە كەهەناسەی ژوورەكەمی ناگۆڕی 

بووم بەو تەیرە عاجباتیەی كە لەجیاتی لەقلەقەكەی ناوشار نەدەچووە سەر منارەی مزگەوت

هەموو ئەو غایلانەم كرد و نەمزانی خانم/ ژن سركە/ یان لەتاقی بەرزدا عاسی بووە

نەمدەزانی بۆ دانابڕێم لەم مەفتەنە شڵۆقاوە 

وەك رێبوارێكی تینوو لەبیاباندا 

درەنگ بیرم كردەوە / داوای قومێك ئاو بكەم 

لەو رۆژەوەی چارەنووسی خۆم دایە دەست تۆ

زەندەقم چووە لەوەی خەیاڵم بڕوا و چەكدارێكی بێ‌ شوناس داوای شوناسم لێبكا و پێم نەبێ‌ 

كەسێك پرسیاری بوون بكا و جوابم پێنەبێ‌ 

هەواڵی رۆژنامەیەك بخوێنمەوە و لەتەنیشتیەوە وێنەی چەقۆ و دەمانچە و شقارتە كێشرابێ‌ 

ترس قەناعەتی تەواوی بەقەدەر پێهێناوم كە من و تۆ دوو شتی جیاكراوەین/ هەر دەبێ‌ جوداشبین 

ناوێرم لەقەراخ شار كەمێك بەتەنهابم/ تۆ لەوێی 

كەجەنجاڵی شار دەبینم / وەكو پاڵەوانەكانی كافكا خۆم لێدەبێتە جانەوەر 

پێموابوو لەسەدەی سێهەمی بەر لەدایكبوونی نیشتیمانم 

لەوەتەی تۆ لێرەی و من بەپێوەم 

جاربەجار خەیاڵم بۆ خۆكوشتن دەچێت 

ترسم هەیە كودێتام لێبكەی 

ترسم هەیە داوەتی شێوەزارەكان بكەی/ بێن بۆ فەرهودكردنی كتێبخانەكەم 

دەترسم بمخافڵێنی بەنیازی تیماركردنی هەر وشەیەك/ حەرفێكم پێبكوژی 

دەترسم ناوێكی خۆش بۆشیعرێكی لیریكی هەڵبژێرم / بەخیانەت بۆم بنوسی 

لەخەویشدا ناوێرم لەسەر كورسی دانیشم 

لەترسی ئەوەی پاسپۆرتەكەم بدەی بەموسافیرێكی گێل 

بەخەیاڵیش بیر لەموڵك ناكەمەوە/ نەبادا وەكو مالیك و لملوكەكان لەمەنفا واوەترم ببەی 

دەترسم بەشیعری نوێ‌ گۆرانی بڵێم 

نەبادا وەك پاتە لەپێكان مۆڕەم لێبكەی

ناچمە ئەو وێستگانەی كەقافڵەی پێدا تێپەڕدەبێت 

یادەورییەكانم لەحەوت كون دەشارمەوە و شكستی نیشتیمانیش دەدەمە دەست كچێكی قەیرەی كارقایم 

ئەو نهێنی مانەوەی خۆی شاردۆتەوە و تف و نەفرەت لەشوو دەكا 

كەواتە خانم دەتوانی منیش بشاریتەوە 

مەترسە تازە پیاوەكەی جاران نیم 

شەرتم كردووە چیتر بەهەڵە تەماشای سینگی نیشتیمان نەكەم 

بەرپەرچی مەلاكان نەدەمەوە و قسە لەقسەی قەشەكانیش نەكەم 

بەتەنها بیر لەنەخشەیەكی نوێ‌ بكەمەوە كەجێگەی خۆمی تیاببێتەوە و بەس 

بیر لەچیرۆكێك نەكەمەوە كەمناڵەكانمی تێدا ببنە پاڵەوان و بەشەمەندەفەر سەفەربكەن 

تەماشای پەنجەرەی هیچ باڵەخانەیەك نەكەم 

بۆ ئەوەی كڵاوەكەم نەكەوێ‌ 

لەپەنای ئەو دیوارانەش راناوەستم كە پاسەوانەكانی نیشتیمان بەدەم گۆرانی گوتنەوە 

وەنەوزیان گرتووە

چونكە دەزانم ئەوان خەویان بۆخۆیانە و بێداریشیان بۆ من 

من هەر لێرە دەبم خانم / هەر لێرەم .... 

تیمان بەدەم گۆرانی گوتنەوە 

وەنەوزیان گرتووە

چونكە دەزانم ئەوان خەویان بۆخۆیانە و بێداریشیان بۆ من 

من هەر لێرە دەبم خانم / هەر لێرەم ....