ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

سەرخۆشەكان لە سەلالەی ترێن

كە دەكەون وەكو ڕەزەكان دەژاكێن

وەك پەیمانە وردوخاش دەبن 

2

بەڵام هاملێت كە دەكەوێ‌

كەون دەبێ‌ بە تەمتومان

دانیمارك وردوخاش دەبێ‌

هەموو زەینێ‌ دەچێتەوە باخی گومان 

3

شووشەی عەتریش كە دەكەوێ‌ سەما دەكا

لە پژانیا ئازادی خۆی دەست دەكەوێ‌ 

4

كە نەوڕەسێ‌ بەسەر لێواری دەریاكان

قووڵی ئاسمان باڵی دەگرێت و دەكەوێ‌

دەریا بچووك دەبێتەوە

شەپۆل لە ڕۆحیا دەخەوێ‌ 

5

شالیر كەوت، شكسبیر هەڵیگرتەوە 

6

كەوتنی فەیلەسووفەكان وەك كەوتنی ئاگر وایە

كە داگیرسێن یەكەم جار خۆیان دەسووتێنن

كە خامۆش بوون

دونیا لەنێو پرسیاری قووڵ دەخنكێنن 

7

دڵنیام هەموو دەكەوین

هێندێ‌ بەرەو لوتكە دەچێ‌

هێندێ‌ لە بنار ون دەبێ‌

هێندێ‌ دەبن بە فریشتە

هێندێ‌ شەیتان 

8

كاتێ‌ كە وشە دەكەوێ‌

بەناو ڕستەكان وەردەبێ‌

كەون لە گۆ دەكەوێ‌ 

9

نالی كە لە غوربەتی باباندا كۆستی كەوت

بەڵام ئێستاش لەسەر پێی خۆیدا وەستاوە

دەستێكی لە ناو جوانیدا مەلە دەكات

دەستێكیشی لە تای بەلاغەت چەماوە

10

مەلت دیوە قەتار قەتار ئاسمان دەبڕێ

ئەوانیش ڕۆژێ‌ دەكەون

هەندێ‌ لەناو قەفەسی دڵی ئینساندا

هێندێ‌ لە ناو باخی ئاسمان 

11

دیستۆفیسكی كەوتە به‌ر چەقۆی شەیتانان

ڕاسكولینكۆف ڕاستی كردەوە

كە كەوتە ناو فریشتەكان

ئیڤان كردیەوە بە شەیتان 

12 

كەدەریا دەكەوێ‌

شەپۆلێكی دەبێ‌ بە تەمبووری بیابان

شەپۆلێكی دەبێ‌ بە خوێنی درەخت

دەریا لەئەزەلەوە كەوتووە

بۆیە هەمیشەله‌ چه‌شنى لافاو هەڵدەسێتەوە 

13

كە تۆ دەكەوی

ڕەنگە هەندێكت ببێ‌ بە كوپەی شەراب

هەندێكیشت شووشە عەتری ژنی پاشا

یا زینی سەر پشتی ئەسپێ‌

یا گوڵدانێ‌ لە باخی سێرك 

14

تابلۆكان دەكەون

تەواوی فانكۆخەكان

لەگەڵ تەرمی خۆیان دەبەن

هەندێكیان ڕەنگەكان

هەندێ‌ كەون

هەندێ‌ دیمەن، هەندێ‌ خەون 

17

كە ئاوێنەكان دەكەون

پارچەیەكیان دەبێ‌ بە مانگ لەناو ئاودا

پارچەیەكیش دەبێ‌ بە نوور

بەڵام هەمیشە پارچه‌يه‌كى هەر دەمێنێ‌

تا مرۆف دڵی ڕەشی خۆی تیا ببینێ‌ 

18

بەڵام تۆ ئەی فریادڕەسی من كە دەكەویت

دەبی بە ڕستێ‌ زەنگیانەی

بەرگەردنی كچە جوانەكانی بابل

دڵت دەبێ‌ بە كوانووی ئەوین

دەستەكانت قاپێ‌ میهر 

19

كە منیش دەكەوم

ڕەنگە ببم بە شەربەی ئاوی بناران

یا كاسەی دەستی ئاشقێ‌

ڕەنگە ببم بە زنجیری پێی سپارتاكۆس

یا كووپەكەی پڕ ئاگری ئولۆمپیاد 

20

بەڵام كە ئاشق دەكەوێ‌

جوانی لە قۆزاخەی دڵ دەمرێ‌

كەوتنی ئاشق دونیا چۆل دەكا

هەموو شتێ‌ لە ماتەمدا ڕادەمینێ‌

كە ئاشقەكان دەكەون

دونیا هەر تامی نامینێ‌ 

21

خواكان ئەوانیش دەكەون

دونیا ساف ساف هەڵدەگەڕێ‌

زەوی چۆل دەبێ‌ لە ترسان

چی مرۆڤە تێكگیر دەبێ‌

بۆ دروست كردنەوە شەیتان

22

بەڵام كە شاعیر دەكەوێ‌ بۆ ئەبەد هەڵناسێتەوە

كەوتنی شاعیرو درەخت وەك یەك وایە

چونكە شاعیر تاقانەی سەلالەی خوایە 

23

سەرەنجام هەموو دەكەوین

كەوتن گریان و ڕمانە

كەوتن دوا ئاوڕی ئینسانە

هەریەكەو كەوتنی خۆی هەیە