ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

شیڤان شێرزاد

فیلمی ئەنیمێشنی (خەرەند – الھاویە)، بەرھەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێرە و لە دەرھێنانی (سامی کاکە)ـەیە و بە سپۆنسەری ڕێکخراوی پەروەردەیی فاخیر مێرگەسۆریە، تا ئێستاش زۆرترین بەشداری لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان کردووە و 7 خەڵاتی جۆراوجۆریش بەدەستھێناوە.

لە دواھەمین بەشداربوونیشی لە فێستیڤاڵی (کۆبانێ) بۆ کورتە فیلم و فیلمی ئەنیمێشن توانی ببێتە براوەی خەڵاتی باشترین دەرھێنان.

ئەو بەرھەمەی ھونەرمەند سامی کاکە، ناوەڕۆکەکەی باس لە ئێش و ئازاری خانەوادەیەک دەکات، کە بەھۆی جەنگەوە لە زێدی خۆیان بێبەش دەبن و بە ناچاری سەریان ھەڵدەگرن تا لە دوورگەیەکی ئارام بحەسێنەوە، کەچی دەگەن بە وڵاتێکی سەقامگیر، بەڵام دڵیان ھەر بۆ وڵاتەکەی خۆیان لێدەدا و ئاوڕێکی پڕ لە حوزن لە کوردستان دەدەنەوە.

سامی کاکە، لە ساڵی 1976 لە ھەولێر لە دایک بووە، نزیکەی چارەگە سەدەیەکە لە بواری دەرھێنان کاردەکات و، لە ماوەی ڕابردووشدا خاوەنی چەند بەرھەمێکی جوانە بە ناونیشانی (ئەودیوی تاوان، دارک دەی، تارمایی،Erbil my love، تیرۆر، بۆ یادی ئێوە، ژیان لە گەڕەکێک، سپی سپی، FREE).