ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئه‌سپێ لەزیو، لە تەمی چیا

ئه‌سپێ لە پونگ

لە بۆنی پێكی باخۆس و لە تەونی گیا

وەك كچێ‌ لە ئارمووش

ئێستا، تازە دەرگای لێ‌ واڵا كردبێ‌

یا شاعیرێ‌ تازە شیعرێ‌

وەك گوڵەگەنمی بەر باران

لە ناو پەڕی زمانی باڵای كردبێ‌

لە دوورەوە لەناو هەزاران كێوی سپی

بانگی كردم

سواری سەر زینی خۆی كردم

كە بەرەو ڕابردوو دەبۆوە

لەبەرەخۆ گلەو گازاندەی لێ‌ دەكردم

ئەوە چیتە؟ دەڵێی بوویتەوە مناڵ

بۆ نازانی ئایندە گوڵی نایلۆنە

نە ئەوین لەیەخەی خۆی دەدا

نەشیعر بۆ ناو باخچەی ئەبەدی خۆی

ڕێی پێ‌ دەدا؟

تۆ چیت هەیە جگە لە ئەوین و شیعر

تۆ چیت هەیە جگە لە باوەشێ‌ خەون و

لە گۆزەی دڵێكی پڕ میهر

ئایندە ئاگرێكە دوور

ئێستات گەرم ناكاتەوە

تۆ چیت هەیە جگە لە كوپەیێ‌ شەڕاب

دونیات بۆ بچووك كاتەوە

- ئێستا - چییە دیلە دیل

من دەتبەمەوە ڕابردوو

بە هەموو لایەكدا دەچێ‌

قەڵا و شەوق و منارەكانی

سەمای زۆرباو باڕەكانی 

,تۆ چیت داوە لە ئایندە

ڕابردوو ئاخ ڕابردوو تۆپێكی خڕە

ڕابردوو قەڵای شەترەنجە

مەلیك لە كوێ‌ وچان بگرێ‌

بۆوەی تاجی جاویدانی لێ‌ بسەنێ‌

دڵنیابە لەوێ‌ دەمرێ