ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

چاو لە زمانی کوردیدا، لە ڕووی -ئیتمۆلۆژییەوە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە سەرەتای دروستبوونەوە هەیە . چاوگ- لە ڕێزمانی-زمانی کوردیدا دایکی هەموو وشەکانە. چاوگ، سەرچاوە، چاوگە، لە سروشت ولە پێکهاتەی زمانەوانیدا، ڕۆڵێکی گرنگ لە ژیانی ئینسانەکاندا دەگێڕن. ، لە زمانی عەرەبیشدا " عەین -چاو" بە مانای "کانی، ئەسڵ، ئۆرگیناڵ" دێت. لە زمانی ئیدیۆم وڕۆژانەشدا، چاو بە فراوانی بوونی هەیە. " سەر چاو" رۆژانە و هەرکە سە دەیان جار بەکاریدەهێنێت، چاوەکەمی ، وەک نیشاندانی ڕێزو خۆشەویستی، وەک قەدردانی " بەچاوان"، وەک سوێند خواردن " بەچاوی تۆ" وەک وەفا وسۆز" دەک چاوم کوێر بێت" ، وەک دیاری و لێبوردەیی " چاوی تۆ خۆش" ، وەک شکاندن " چاوی بشکێنە"، وەک ڕوو بەڕووکردنەوە و سەلماندن" پەنجەم کردە چاوی"، وەک بوغرایی یان پلەی توڕەبون " چاوی سور بووە"، وەک پەشیمانبونەوە و شەرم و بێدەنگی "چاوی داخست" ، وەک هەوڵی بەراوردکاری ولاسایکردنەوە" چاوی لەو کرد" و وەک شایەدیی" بەچاوی خۆی بینی" وەک شاردنەوەی ڕوداوێک " چاوی لێپۆشی" . وەک شکاندنی شکۆ' چاوی دەشکێنم"، یان بەدرۆ خستنەوەی ووتەیەک " با چاوم بەچاوی بکەوێت" چاوە نواڕی و ئاوی چاوم داهات" زۆر ئارامم گرت: ، لە چاوی تۆ وە، یانی ڕەئی ..چاوی ڕێز ، لە چاوی پیس بەدوور بێت، خۆڵکردنە چاو، چاوگێڕانەوە، .چاوێکت لێبێت، چاوی لەسەر ماڵ، چاوبرسی، چاوتیر، لەبەرجاوت بیت،.چاودەکاتەوە،چاوی دەبێتەوە، " چاوی گەل، چاوی کورد،..چاوی ناوەوە، لەبەرچاونەگرین،..ئاماژەی چاو لیداگرت کە بیکات.چاوی جەللاد، بەچاوی بەزییەوە، چاوی فەلسەفی، چاوی دایک ، ڕەشبینی،لەچاوم نابڕیت، لەبەر چاوم لاچۆ، چاوی سور بوە. ئەم سیحرە چیە لە چاودا. دەتوانین لەو بارەوە یەک دانە کتێبی بەئەندازەی فەرهەنگەکەی عەینی فەراهیدی بنوسین. " معجم العین./وکیپیدیا". 

کاریگەری چاو تەنها لە وەزیفە فیزیکییکەی مرۆڤدا، " کردەوەی بینین" دا قەتیس ناکریت. رەهەندێکی کۆمەڵایەتی وکلتوری فراوانی وەرگرتووە. هەستی چاو، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سروشت ولەگەڵ کۆمەڵگا و لەگەڵ مێشکی تاکەکان ودەزگای بیرکردنەوە و ئەمباری زانیارییەکانی بە ستووە . چاوی مەست وخوماری، چاوی ڕەش وقەترانی ، چاوژێرپیاڵەیی ، چاو قەرسیلی ونەرم .چاوی شین وماری و گوشکەیی ، چاوە بایۆلۆژییەکانن و زەوق و جوانیەکانی کات و دەمە مێزووییەکانی سەرنجەکانمان بۆ دەنوێنن. وەک دەلێن ، چاو پەنجەرەی رۆحە، زمانی چاو درۆ ناکات. 

وەک زانستە ئەنثرۆپۆلۆژیی وئارکۆلۆژییەکانیش سەلماندوویانە ، مێژۆپۆتامیا سەر زەمینی خوڵقانی یەکەمین شارستانیەتی ئینسانیەتە. یەکەمین داهێنانی زمانی نوسینە، یەکەمین داستان ویەکەمین ئیمپراتۆریەتە. وڵاتی نێوان دوو ئاوان، سەرەتای کۆبونەوەی مرۆڤە کۆچەرییەکان بووە لە دەوری کشتوکاڵ وپاشان ماڵیکردنی ئاژەڵ و کۆبونەوەیان لە دەوری یەکترو دامەزراندنی لادێی گەورە.شارستانیەتی پێکەوە ژیان، سەرەتای گۆ کردنی زمان و تێڕوانینی قوڵ ویاسای رێکخستنی کۆمەڵگا ، لەکارو زەواج و سەروەت وپەیوەندییە روحیەکانی بەرهەمهێنا. . نیگارە کۆنەکان پێش داستانی گەلگامش، خودی گەلگامش و هاودەم ودوای ئەویش ئەو مێژووە دەگێڕنەوە کە مرۆڤە سەرەتاییەکانی ئەو دەم تیا ژیاون. 

نیگار بەرهەمی وێنەیەکە چاو گرتویەتی." هونەری چاویی" بەڵام چاو تەنها کەرەستەی بایولۆژی وێنەگرتن نیە" لانی کەم لای نیگارکێشەکان" ، دونیابینی هەیە، تەئەمولاتی هەیە، تاقیکردنەوەی هەیە، جوڵەی وکات وبزاوتنی هەیە و بە هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری مانا وروح دەبەخشێت. نیگار شیعرێکە چاو نوسیویەتی، داستانێکە نیگارکێش، بە ڕەنگ وتۆنی ڕوناکی و هێڵەکان وخاڵەکان وفیگورەکانی دەینوخشێنێت. چاوم دیوە پڕ پڕ ئاگر بوە، لێونلێو لە جامی میهر بووە، پڕنزاو پارانەوە بووە. چاوم دیوە گەشتنامەی ژیان بووە.. چاوم دیوە رۆحێکی ناسک و سەدان مۆمی تیا داگیرساوە. هەر یەکچاو بووە، تەنها یەکچاو، بەڵام سەربردەیی شکانی تیشکی ئومید و چارەنوسی بەدبەختی وکڵوڵی ئاوارەیی و دەربەدەری وڵاتانی گێڕاوەتەوە. چاوم دیوە، مۆنی ونامۆیی ونەفرەت وبێزاری دونیای هەڵگرتووە، قین وشەڕانگێزی لێدەباری، بەڵێ چاو، ڕاستگۆترین زمانی شوناسی ناوەوەیە، رۆحی ئینسانە. وە نیگاکانی روح یان دەبەخشێت ویان دەسینێت، ئەم چاوانەم لە بازاڕ، لە کوچەو کۆڵانەکان، لە نێو تابلۆکان دا سەرنجی ڕاکێشاوم. 

چاو بە درێژایی مێژووی پۆرتریەت، گرنگترین بەشی داگیرکردووە. چاو دکیومنتەیشنی کەسایەتی و مۆرکی ڕاستەوخۆی جیهانبینی نیگارکێشی بەرجەستەکردۆتەوە. نیگارزمانێکی جیهانی کاریگەرتر لە مۆسیقا بووە، کێشە گەورەکانی ئینسانیەت، نەمری، بەختەوەری، ئازادی ویەکسانی، لە چاوی پۆرتریتەکاندا دەخوێنینەوە. 

ئەو دەمانەی ئینسانەکان زۆر نزیکتر لە سروشتێکی پەتی و لەگیانەوەران ژیاون، وێنەی ئەوانیان بە دیقەتەوە کێشاوە، ئەو دەمانەی ئینسانەکان خۆیان وەک تێکەلەیەک لەبوونی خودایی وئینسانی و تامەزرویی نەمری بوون، نیگاری هاوبەشی خۆیان کێشاوە، ئەو دەمانەی پآشاکان وجەنگەکان، یان کارەساتەکان پانتاییەکی گەورەیان لە ژیانی مرۆڤایەتی داگیرکردووە، نیگارکێشەکان، بەرهەمەکانیان دەربڕی ئەو دەورەیەن. کاتێکیش نیگارکێش، دەیەوێت وێنەیەکی تر، ئینسانێکی فەرامۆش کراو، چاوێکی ناڕازی، ژنێکی باوەڕبەخۆ وئازاد، پەنابەرێکی نزیک سەنتەری شار، وێنە بکێشێ، ئەو کەسانە دەدوینێ و دەیگوازێتەوە بۆ دوانیای جوانی نەمرییەوە، کەلە کلتووری نیگار کێشی ئەمڕۆدا فەرامۆشکراون. خوڵقاندنی " نیگار"، خوڵقاندنی بەرهەمێکە و دەچێتە ناو دەتستوەردان لە ئیشەکانی "خوا". لێرەوە هونەرە چاوییەکان "نیگار، پەیکەر، شانۆ.." دەچنە خانەی قەدەخەکانەوە. ڕەونەقی دەورانی شارستانیەتی کۆن، ڕەونەقی نیگار کێشی بووە. سەردەمانی بوژانەوەی دەیەی چلەکان وپەنچاکانی " عێراق"، نیگار پانتاییەکی گەورە لە روحی خەڵک پەیدا دەکات. سەردەمی جەنگ و کۆنەپەرستی و زاڵبونی ئاینی سیاسی، چاو وڕۆح و نیگار ، دەبێت ون بن .

 

کۆتایی ئۆگوستی ٢٠٢٠