ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێگای كوردستان

لەكارێكی نوێ‌ و جیاوازدا شێوەكاری بەتوانا هەندرێن خۆشناو لە ژێر ناونیشانی( كەسایەتییە كوردیەكان لە پۆرترێتدا) بە ستایل و شێوازی(پۆپ ئارتی ئەندەنوسیایی) 25 تابلۆ نمایش دەكا( رێگای كوردستان) بە دەرفەتی زانی و ئەم هونەرمەندەی بەقسەهێنا:

-- ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین پێشانگای شێوه‌كارییه‌ له‌ كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ش، كه‌ كاره‌ نمایشكراوه‌كان به‌ ستایل و شێوازی پۆپ ئارتی ئه‌ندونیسیایی كرابێت. ئه‌م ستایله‌ له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ له‌ ئه‌ندونیسیا سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

- پێشانگاکە لە ژێر ناوی (کەسایەتییە کوردییەکان لە پۆرترێتدا)، بریتیه‌ لە (25) تابلۆی پۆرترێتی رەنگاوڕەنگ، پۆرترێتەکانیش هی کەسایەتییە رۆشنبیر و نووسەر و شاعیر و هونەرمەندانی کورد بوون. 

- من لە ساڵی 2010 ەوە لە رێی چەند هونەرمەندێکی ئەندونیسیا ئاشنای ئەم ستایلەبووم و لە ساڵی 2013 ه‌وه‌ دانە دانە کارەکانم لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاودەکردەوە.

- پێوه‌ری هه‌ڵبژاردنی كه‌سایه‌تییه‌كانیش ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ندێكیان كۆچیان كردووه‌ و ساڵانێکی زۆر لە بواری خۆیان خزمەتیان کردووە و جێ پەنجەیان دیارە، وەکو یادکردنێک و پێزانینێک بۆ ئەو خزمەتە گەورەیەیان حەزم کردووە منیش له‌ رێی هونه‌ره‌وه‌ خزمەتیان بکەم، هەندێکیشیان مامۆستامانن و بە تەمەن گەورەن، و هەتا لە ژیاندا ماون حەزمکرد خزمەتی ئەوانیش بکەم و سوپاس و رێزلێنانی خۆمیان پێبگه‌یه‌نم و دڵیان خۆش بکەم، و هەندێکیشیان کە ئەم شێوازە نوێیەیان بەدڵ بووە، و بە سایەی برادەرایەتییه‌وه‌ خۆیان داوایان لێکردووم کە بەم ستایلە هونەرییە پۆرترێتیان بۆ بکێشم، منیش دڵم نەشکاندوون و وه‌كو دیارییه‌ك پۆرترێته‌كانیانم پێشكه‌ش كردووه‌.

- لە بەرنامەشمدایه‌ و ته‌مه‌ن ماوه‌ بدات و توانمان هه‌بێت، پۆرترێت بەم شێوازە هونەرییە نوێیە بۆ هەموو کەسایەتییە دیارەکانی کورد بکێشم، بەتایبەتی ئەوانەی کە له‌لایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی راگەیاندنەوە پشتگوێ خراون، وەکو رێزلێنانێک پۆرترێت بۆ ئەوانیش بکێشم.