ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

- سەختی ژیان لە حەز و خوولیاکانم بۆ وەرزش بێبەشی کردم

- کوردستان سەروەتێکی گەورەیە و ناتوانین قەرزی ئەو خۆشەویستیە بدەینەوە!

دیمانە: شیڤان شێرزاد

لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و قەیرانە سەختەکەى داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەشێک لە سەرمایەداران و پیاوانی خاوەنکار، ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لە پشتیوانی کردن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆر و کاری مرۆیی و دەست گرتنی وەرزشوانان و ھونەرمەندان ھاتنە پێشەوە، ھاوکات دەیان پڕۆژەی خێرخوازیی ڕاگەیاندرا، لەو نێوەندەشدا (ھیوا نەجاڕ) خاوەنی کۆمپانیای (نیاز ھەژاری) و سەرۆکی ڕێکخراوی پشتیوانی پێشمەرگە و سەرۆکی یانەی بەحرکەیە و یەکێکە سەرمایەدارەکانی ھەولێر و لە ماوەی شەڕی داعش و کەرەنتینە و قەیرانی سەختی دارایی دا دەیان پڕۆژەی جوانی پێشکەش کرد، لەم ئاخاوتنەشی دا بە ڕوونی باس لە ژیانی تایبەتی خۆی دەکات و دەشڵێت: من بە ھەژاری پەروەدە بووم و جوانیەکانی کوردستان و بەرز ڕاگرتنی دڵی ئەو پایتەختە و پشتیوانی کردن لە ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی و قوربانییەکانی پێشمەرگە ئەرکی ئێمەیە. 

• بیرۆکەی سیمبولی پێشمەرگە چۆن لە دایک بوو؟

ئەو ڕۆژانەی کاروانی خەباتی پێشمەرگە گواسترایەوە بۆ تۆمارکردنی داستانێکی نوێ لە شەڕی چەتەکانی داعش و لە پێناو مانەوەی کوردستان پێشمەرگە قارەمانەکانی قوربانیان بە ڕۆح و خوێنی سووری خۆیاندا، بیرۆکەی (سیمبولی شەھیدان)ـم گەڵاڵە کرد و لەو نێوەدەشدا زۆرترین ھاوکاریمان پێشکەش بە ڕۆحی ئەو شەھیدانە کرد، کە لە پێناو ئاڵای کوردستان و ئەو نیشتمانەدا خوێنیان لێدەچۆڕا، ئەگەرچی ئەوانەی ئێمە کردمان بۆ پێشمەرگە ناگات بە دڵۆپێک خوێنی ئەوان، بەڵام ڕێزگرتن لەو قوربانیدانە بوو بە مایەی تۆمارکردنی داستانێکی نوێ لە خەباتی پێشمەرگەدا، چونکە پێشمەرگە سیمبولی بەرخودان و ناسنامەی گەلەکەمانە و لە تەواوی جیھانیش پێمان دەگوترێت ئێوە خەڵکی وڵاتی پێشمەرگەن.

• بۆچی کاری مرۆیی بووە بە ناونیشانی تۆ؟

ئەوەیان دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی، کە من تەمەنی ھەرزەکاریی و منداڵی خۆم نەبینی، لە ھەموو حەز و ئارەزووەکانی منداڵی بێبەش بووم، ئەمەش بەھۆی قورساییەکانی ژیان، بەتایبەت ئەو ڕۆژانەی کە ھێشتا تەمەنم 6 ساڵان بوو کەوتمە دوایی کەسابەت و نانی حەڵاڵ و ھیچ کەسابەتێکیش نەما نەیکەم، بەڵام خەونم بۆ ژیان و گەیشت بە کاری تایبەت بەخۆم زۆر بوو، لەو نێوەندەشدا ھەمیشە دروشمێکم ھەبوو، کە ئەویش ئەوەبوو، لە ئێستاوە ماندووبە بۆ ئەوەی لە پیری دا بحەسێیەوە، ئیتر ئەو ھەژارییەی چەشتم سەدان وانەی فێرکردم لە ژیان و بڕیاریشمدا، کە سەرمایەکەم تەنیا بە ھی خۆم نەزانم و لەبەر خۆمەوە بڵێم، ئەوە ماڵی خودایە و دەبێت بەشێکی لێ ببەخشمەوە و دەستی ئەوانە بگرم کە چاویان لە ھاوکارییەکانی ئێمەیە.

• نیاز ھەژاری لەچیەوە دروست بوو؟

ناوی ئەو کۆمپانیایە، لە پشتیوانی و دەستگرتنی ھەژاران و پێگەیاندنی نەوەیەکی تەندروست دروست بوو، چونکە خۆم بەو ھەژارییە پەروەردەبووم، ئێستاش بە ماڵی ھەموو چین و توێژەکانی دەزانم و دەرگاشم بۆ ھەموو ئەوانە کراوەیە، کە دەیانەوێ خزمەتێک بە کوردستانی ئازیز بکەن.

• بۆچی ھێندە عاشقی بە بواری وەرزش، لە کاتێکدا وەرزشوان نیت؟

من حەز و ئارەزووەکانم بوون بە قوربانی کارکردن و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ژیان، لەو چوارچێوەیەشدا بێبەش بووم لە حەزەکانم بۆ وەرزش و یاری تۆپی پێ، بۆیە کە گەیشتمە تەمەنێکیش بڕیارمدا وەک بازرگانێکی ھەولێر پشتیوانی لە ھەموو وەرزشوانانی کوردستان بکەم و ئێستاش خاوەنی تیپی وەرزشی (بەحرکە)ـم، ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەو تیپە ئاستی لە بەرزبوونەوەدایە، چونکە تا ڕادەیەکی باش دەتوانم ھاوکارییان بکەم لە دابین کردنی پێداویستیە وەرزشیەکانیان، جگە لەوەش خاوەنی دوو فێرگەی پێگەیاندنی وەرزشوانانم، کە یەکێکیان فێرگەی بچووکە و ئەوەی تریان فێرگەیەکی گەورەیە و تا ئێستاش ھاوکاری چەندین وەرزشوانمان کردووەو ئێستا لە یانەکانی ھەولێر و زێرەڤانی و ھەندرێن و چەند یانەیەکی تر یاری دەکەن، ئەمەش بۆ من سەربەرزییە، کە توانیوومە چەند یاریزانێکی پیشەگەر پێشکەش بە وەرزشی کوردستان بکەم.

• لە سەردەمی کۆڕۆنادا چ زیانێکتان لێکەوت و چیتان بۆ خەڵکی ھەژار کرد؟

بە دیکۆمێنت لامانە و بەشێک لە میدیاکان و خەڵکی کوردستانیش گواھیدەری کار و پڕۆژەکانی ئێمەن لە بواری مرۆیی دا، کە چۆن بەشداربووین لە ھاوکاری کردنی خەڵکی کوردستان و گەیاندنی خۆراک و پێداویستی تایبەت، کە ئەمە ئەرکێکە لە پێناو خۆشەویستی خۆمان بۆ کوردستان و ئەو ناوچەیەی کە لە پێناوی دەژین، ھاوکات پشتیوانیە لەو حکوومەتەی کە ئەمڕۆ ئەو سەقامگیرییەی بۆ ئێمە دروستکردووە بە ئازادی کاری بازرگانی و وەرزشی و ھونەری تێدا دەکەین، گەر بێینە سەر زیانەکانیشمان لە سەردەمی کۆڕۆنادا دەڵێم، نەک تەنیا من زەرەرمەندبووم، تەواوی جیھان لەو ڤایرۆسەدا زیانی لێکەوت، بەڵام ھەموو ئەو زیانانە ناتوانێت ساردمان بکاتەوە لە ھاوکاری خەڵک و پشتیوانی لە حکوومەتی خۆمان.

• جیاوازی بەرھەکانی ئێوە لەگەڵ وڵاتاندا چیە؟

کارگەکانی ئێمە بە تەواوەتی خۆماڵین لە نوێترین جۆری مۆبیلیاتن و لە ڕووی کوالێتیەوەش لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و ڕکابەرایەتی وڵاتان دەکات و ئێمەش ھەوڵمانداوە لە بواری دروستکردنی مۆبیلیاتدا سەرمایە بۆ حکوومەت و وڵاتی خۆمان بگێڕینەوە و لە جیاتی ھاوردە کردنیان لە وڵاتانی دراوسێ، پشت بە بەرھەمە خۆماڵیەکانی خۆمان ببەستین، چونکە ئێمە ئەزموونێکی بەرچاومان لەو بوارەدا ھەیە، تا ئێستاش حکوومەت پشتیوانیەکی زۆر لە کارەکانی ئێمە دەکات و بووەتە ھاندەرێکی باش بۆ پێشکەش کردنی کاڵا ناوازەکانمان.

• بەپێی ئەو ئەزموونەی کە لە ژیان ھەتانە چۆن گەنجان دێننە پێشەوە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن کاری خۆیان؟

بەداخەوە، کە دەڵێم، لەو سەردەمەدا گەنجەکانمان خەونیان نیە و نایانەوێ ببن بە خاوەن کاری خۆیان و دەیانەوێ نان بە ئاسانی پەیدا بکەن، کە ئەمەش مەحاڵە، من ھەمیشە دەمەوێت ھاوکاربم بۆ ئەو گەنجانەی کە دەیانەوێت بە پڕۆژەکانیان خزمەت بەو کوردستانە بکەن، کە ئەرکی ھەموومانە و قورسایی خۆشەویستی نیشتمان لەسەر من و حکوومەتیش دا کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە ھەموولایەک وڵات جوانتر بکەین و بەرگێکی جوان لەبەر ئەو نیشتمانە ئازیزە بکەین.

• کوردستان و ئاڵاکەی لای تۆ چی دەگەیەنن؟

کوردستان لای من سەروەتێکی خوداییە و ھەرچی بۆ بکەین، ھێشتا ناتوانین قەرزی خۆشەویستیەکەی بدەینەوە، ئاڵاکەشمان شانازیەکی گەورەیە لە پێناوی دا بەرگێکی سپی لەبەر دەکەین بۆ ئەوەی ھەمیشە لە ڕووی دوژمناندا بشەکێتەوە.