ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەدەم خەوەکوتکەوە

منداڵێک

خۆی بە پشتەوەی گالیسکەیەکی باڵدار

باڵدار باڵدار هەڵواسیوە

حەزی لێیە بەبێ پارە

پەنیر لە سەرمانگ بکڕێت

بەرلەوە، زۆری پرسیوە

سۆراغی کولێرەیەکی سینگ بە کونجی

لە سەگێکی برسی

پرسیوە

حەز دەکات وەک پاڵەوان دەرکەوێت

جگەرەیەک بۆ باوکی بە گڕی خۆر پێبکات و

لەسەر مەریخیش بگەڕێت

بەدوای تاڵەمووە سپییەکانی پیربوونی

خەونەکان

بە کاریتەی ئاسماندا شۆڕ دەکاتەوە و

دەیەوێت ڕووخسەت لە هەورەکان وەرگرێت و

لەوێوەڕا

میز بە نیشتمانەکەیدا بکات.

هەرزەکارێک

بە دووڕوویی ژیان سەرخۆش

ڕۆمانێک و زیاتریش

 بۆ نووسەری تاقانەی ئاسمان دەنووسێت

ئەو کتێبەکانی ئەوی لەسەر زەوی خوێندۆتەوە و

دەیەوێت چیڕۆکی شاراوەی زەویش

بۆ ئەو بگێڕێتەوە.

پەنجەرەیەک

ڕوخساری ئاسمانی کۆکردۆتەوە

خەیاڵی پیاوێک

لەم نێوانەدا دزراوە

سەبەتەیەک فەریکەشیعر

لەلای پێڵاوەکان خۆر لێیان دەدات

ئاسمان گازاندەکان وەک هێلکە دەتروکێنێت

لەسەر دیرۆکی بەرد تەرمەکان بەجێدەهێڵێت و

کەسێک زیندوو نییە

خوێنیان بنووسێتەوە

ئکیبۆڕدەکەم بەجێدەهێڵم

با پەیڤەکان پشوو بدەن

ئەم شیعرە پێویستە ماچ بکەم.

دوای ئەم کەرتبوونەی خۆمان، فاریزەیەک بۆ هەموویان دادەنێین!

خۆر هەر لێیدایت و

 ڕەنگی بردی

ماچەکانت پیربوون و

حەسرەتی سێوێکی سوور

دڵی ڕزیو کردی

ماچەکانت وەک چوکلێت بۆ ژووانێک هەڵگرتوون

تەزووی یەکەمین شەرمی ماچت

لە بن گەردەنت شاردۆتەوە

لە یادەوەریی ژنێکدا،

کە نییە!

لەبەردەم پەنجەرە

چاوت لە ئاسماندا

بڕیوە و

نوقم بووی لەو خەیاڵە،

مەلە دەکەیت.

پیاوێکی پیر

بەدوای سێبەری خەونەکان

خەونەکانی ڕادەکات

بەسەر کابووسێکدا بەردەبێتەوە

ئەو خەونەکانی لە پیاسەی ناو ئاسماندا وێڵبوون

ترێی ماچەکانی بوونە شەڕاب

شاعیرانە سەرخۆش بوو

شاعیرانە

خەیاڵە ڕووتبوون

 لێ غلۆربوونەوە بنی دونیا.

کورسییەک دەشکێت

خەیاڵەکان لەبەر چاوی ئاسمان دادەوەشێن

شاعیرێک لەسەر کورسی دادەنیشێت

پەیڤی فەرمان

 لە ڕستەکانی دەردەکات

شیعری شکان نانووسێت

شەربەتی بێتامی ئەڤینداری

لە کەنارەکان ناخواتەوە

گوێ لە مشاوەشی گۆرانییەکانی شاشە ناگرێت

هەواڵەکان لە پێ دەکات

خۆی پڕ لە خەیاڵی هەنارێکی سەربەگوڵ دەکات

چیڕۆکە ئەفسانەییەکان بۆ بۆشاییەکانی دەگێڕێتەوە

بە پاڵەوانی ئەودیوی وێنەکانی خۆی دادەنێت

وێنەکانی بێدەنگ دەدوێن

وشەکانی بە قسەوە گوێ دەگرن.

کورسییەک

لە بن قوونی شاعیرێکی تەوەزەل

یاخی دەبێت

دارستان

دارەکانی دەباتەوە

دارستان.

بەر لەوەی بە پاسەپۆرتەوە ببینرێت

دوورگەکان ڕاودەکات

لەسەر پشت سەیری سەیرکردنی ئاسمان دەکات

بەباڵی هەورێکەوە سەفەری دەبێ

بلیتی باغەکانی پشتی دونیا دەبڕێت و

هەموو سەفەرەکان لەناو پێڵاوەکانیدا بەجێدەهێڵێت

دڵی لێرە بۆگەنی دەبێت

چاوی لە ئەنگوستەچاو کزتر دادەگیرسێنێت

ڕوخساری دەسپێرێت بە پاییزێکی تووڕە

وردە پەپوولەی مردن لەسەر ڕۆحی دەنیشن

ترپەکان کۆچ دەکەن

خانەی جەستەی چۆڵ

هەنگاوەکان پەککەوتە دەبن و

پەلەپەلی ژیان بەناو ڕۆژێکدا بەردەبێتەوە

مەوداکانی زەمەنی کەرت کەرت دەبێت

پیاسەکانی ئێوارەی لێ دەڕژێت

ئێوارەی ڕۆژەکانی پڕ دەبن

لە کورسیی شکاو.

ئەوەی لەم شیعرەدا دیارە،

منداڵێک بوو

ئێستانەکینێ خۆیەتی شاعیرەکەیە

بە خوێنی ڕژاوی خۆی سەرخۆش بووە

دەستنووسەکانی ئەو ژیانە نەفرەتییەی کۆ دەکاتەوە و

چیڕۆکی مردنی خۆی لێ بەجێدەمێنێت

شیعری مەرگی خۆی دەنووسێتەوە و

خوێنی ڕژاوی خۆی لێ بەجێدەمێنێت.

تارمایییەک

لەناو دوو بۆشاییدا دەجوڵێت

ڕادەکات،

خەونی شینی لێ بەجێدەمێنێت

ڕادەوەستێت،

خوێنی سووری لێ دەڕژێت

دادەنیشێت،

تروسکایی خەونی ژیانی ڕەش ڕەش دادەگیرسێت

پاڵدەداتەوە،

خۆی لەناو ڕۆمانی ئاسماندا دەخوێنێتەوە.

...