ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پێشكەشە بە (عەلی عاشق) کە عیشق زیاتر لە پەنجا ساڵ بە دۆڵ و کێوەکانی هەڵگەڕاند ...تا دوا چرکەساتی هەناسەدان ، پێداگریی لەسەر یاخیبوون و وەفاداری بۆ مەعشوقە ونبووەکەی نیشان دا .. روحی شاد و ئارام ، سەبووریش بۆ عاشقان ...

وەك فریشتەكانی خەیاڵ

بەسەر تیشكەكانی خۆرەوە ئەڕوا 

چاوە كریستاڵەكانی پڕن لە ئایەتەكانی عیشق 

بە مشتێ روناكییەوە، كۆڵانی دڵە تەنگ وتاریكەكان ئەبڕێ‌

وەك گەڕیدەیەكی شارەزا

بە نێو باو و بۆراندا رائەكا

پەنجەكانی گوڵهاوێژن

دڵی ،لەسەر ریتمی شنەبای قەراخ دەریاكان لێئەدا

لە هیچ شوێنێ‌ ئۆقرە ناگرێ‌ 

ئەو دێ‌ , بێ‌ ئەوەی پێمان بڵێ‌

دێ‌ و لە تەك وێرانیی ماڵی دڵەكان

هەوارێك لە تیشك چێئەكا 

بە خێر بێی ئەی نیگا پڕ لە نوورەكەی ئاسمان

بەخێر بێی...

ئێرە میحرابی زیكرو خەڵوەتی یارانی زەردەشتە

لێرە مەعبودەكانت كرنۆش بۆ تاریكی نابەن

هۆ خانمە یاخیبووەكەی مەداری خۆر 

پێم بڵێ‌ ، چۆن گەیشتیتە ئێرە ؟

ئێرە زێدی لەگۆڕنانی ئیماندارانی عیشقە

پێم بڵێ چۆن توانیت لەم سەر زەمینی سەراب و پرسەدا

عیشق بدۆزیتەوە ؟

من كوڕی مانگێكی گیراو بووم

لە پەنای خۆرو زەویدا گیرسابوومەوە

لەوێ گەڕیدەكانی عیشق زۆر بە دوامدا ئەگەڕان 

من ون ببووم ، لە نێو تاریكیدا نقوم ببووم

بە كەس نەئەدۆزرامەوە

كە تۆ هاتی .......

لە نێو كەلاوەی ئەوینەكانی دڵمدا

تەلاری ئەوینێكی دیكەت نەخشاند

تۆ، بە فووێك سیمای مانگت لێ‌ سەندمەوە

جەستەمت لە تیشكی خۆر ئاڵاند

هۆ قەقنەسی شاخە پڕ لە نوورەكانی نەمریی

تۆ چیت دابوو لە سەفەرەكانی مەحاڵ و

كێوە عاسێكانی ئەوین ؟

چیت دابوو لەو گەڕانە سەرمەدییە

بە نێو روناكییەكانی ئاسمان و

تاریكییەكانی سەر زەمین ؟

(تۆ بەر لەوەی دەرگای ماڵی ئەوین بكەیتەوە

بەر لەوەی تیشكی نیگاكانت رۆبچنە نێو چاوی من

من دەمێك بوو لە مەداری وەهمی رۆحەكاندا ئەسوڕامەوە

دەمێك بوو گوێم لەسەدایەكی دوور دوور ئەگرت

كە لە نێو باو وبۆرانەوە ، بە ئاستەم پێم ئەگەیشت)

من ئەگەرچی لە تیشكەكانی خۆرەوە

ئایەتەكانی عیشقم پێ‌ گەیشتوون

بەڵام چاوەكانی تۆ نەبوان 

نەمئەتوانی ئەزبەریان كەم

هۆ خاتوونی خۆرزادەكەم

دەزانی بە هاتنی تۆ 

زەمەن ، لە وەرزەكان دابڕا

بەفر ، كێوەكانی جێهێشت

بە باڵای ئاسماندا هەڵگەڕا ؟

دەزانی ....

توڕەیی تۆفان 

هەڵكردنی زریان 

هەڵچوونی شەپۆل و

شۆڕشی كینەكان

كپ كپ بوون ...بێدەنگ...نەمان

خانمی خۆر

كە لە دەرگای باخەكانی دڵمت دا

هەرچی گوڵ و

گەڵا هەبوو ، هەڵوەری

چی درەختی ئەوین هەبوو

شۆڕ بوونەوە بۆ ژێر زەوی

(كە تۆ هاتی خاتوونەكەم ، مۆری خەندەیەكی سیحراوی و بۆنی شەڕابی هەناسەو ، بڕێك لە پەلكە زێڕینەی چاوو بارانەكانی ماچت پێ‌ بەخشیم)

كە تۆ هاتی

رۆحم لە نێو كێوە بەفرێكدا ئەیناڵاند

سەرم لە بەستەڵەكی عیشقدا عاسێ‌ ببوو

گەر تۆ نەبوای

من تەنیا رابردوو بووم

نە ئێستام هەبوو نە داهاتوو !

ئەی خانمی لە تیشك خولقاو

چۆن توانیت بەو پەنجە نەرمانەت

بەستەڵەكی رۆحم

لەكێوی جەستەم ، جیا كەیتەوە ؟

چۆن توانیت لە نێو ئاپورای دەنگ و رەنگەكان

نیشانم كەیت ، بمناسیەوە ؟

چۆن پێتكرا ،لە ساتە وەختێكی كەمدا

ئاسمان بێنیتە سەر زەوی

زەویش بۆ ئاسمان بەیتەوە ؟

بە خێر بێی بە خێر ....

ئێستا سینەم پڕە لە تۆ 

پڕە لە تیشك ، لە نوری تۆ

من ئێستا كۆرپەیەكم لە نێو لەپی دەستت 

دڵم بۆتە دڵی تۆ

خاتوونەكەم ، رۆحێك لە مەداری خۆیدا هاتۆتە دەر

دەخولێتەوە بە دەوری تۆ

من ئێستا بەسەر تیشكەكانی خۆرەوە ئەڕۆم

چاوە كریستاڵەكانم پڕن لە ئایەتەكانی تۆ

وەك فریشتەكانی خەیاڵ 

بە نێو هەورو ئەستێرەكاندا رائەكەم

رائەكەم بە دوای تۆ

خانمەكەم 

را..ئەكەم و رائەکەم

لە دووریتدا هێندە دوورم ، ناگەم بە تۆ

نا ..گە..م ..بە .. تۆ

No description available.