ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەدەمەوێت 

لە سروتی ئێوارەیەکی گەنم ڕەنگەوە 

شیعرێکت لە پەنجەکەم ..

تاڤگەم زەمەنی فڕین دەنوسێتەوەو 

کۆترێکی شین ،

ماڵ بەماڵی بریـن دەگەڕێت !! 

نەسیم هەنیسکەکانی لە قەراغ پاکیزەیی ڕوبار دادەنێ و

بەتەنیشت پیربوونی قەسیدەیەک 

کراسی گیـا ،

بە پەنجەکانی جریوە هەڵدەداتەوە !!

خۆدەزانم !

ئەوانەی لای تۆ ڕێگە نادەن 

دوا ئایەتی ئیمـان ،

لەسەفحەی یەئسی خۆما بنوسم و

خۆم لە شعوری تاڤگەیەک بشۆم ! 

ڕێگە نادەن 

چرایەک بمباتەوە پیاسە ،

پیاسەی کۆڵانی ئەو شیعرانەی 

بەڕومەتــی ماچێکـەوە خلیسکابون !

خۆدەزانم !

مەغریبی ئەو سەفەرە 

هەڵدێرانە لە سیپانی مەراقێکــی تـر !!

دەزانم ڕێگـە نادەن !

بەشی باخچەیەک لەماچ ،

شەنگیت لە تەماشام بچۆڕێتەوە !! 

گۆرانی ،

چەند لەدەرگای شەرمنی مەغریبێکەوە دەوەستێت 

من هەر لەشانەکردنی پرچی ڕوبار نابمەوە .

ڕۆژێک نیە دووریت ،

مەمکی ئەو هەمو پرسارانە نەگوشێت 

ئەو هەمو شکانە ،

لەبەر ئاوێنەی بێ ئۆقرەیتدا لەبەر نەکات 

کەچـی من وەڵامێکــی سپـی لەپەنجە ناکەم !!! 

هەناسەکانم هەڵدەدەمە بەر دەرگا نوستوەکان 

تا ڕێحـانە لەشەرحـی بۆندا نەگــری !! 

تا ئیمان لە بریقەی ڕستەکانی ئاودا نەمرێت !

گەر من نەبم !

کێ فانۆسی ئەو ئازارە ،

لەسەر ڕەفەی ڕوح دادەنــێ ؟؟

کێ پێش خۆی شیعر لەخەو هەڵدەستێنــێ ؟!

مشتێک ڕوناکــی،

لەسەمای شمشاڵێکـی پاساریدا دەشارێتەوە ؟ 

دەزانـی !

کەلەگەڵ یەکەم نامەتا خەوتـم 

هەر بۆئەوەی کچێنـی ڕستەکانت بە وەفا بڵێم 

هەر بۆئەوەی ،

سەحەرێک لە مەستیدا عەتر بیبات !!

بیرم چو لەنامەیەک بۆت بنوسم 

بەباران بڵێ بیری نەچـێ ،

وەک هەمو پایزانــی تر دەست و خەتی عیشوە 

لە پێکەنینی هەرمێیەکدا تۆخ کاتەوەو

پێی بڵـــێ :

پێڵاوە تەڕەکانی ،

لەسەر سەکۆی ماڵەکەی ئێمە دابنــێ !!!!

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭