ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

و: عەبولكەریم شوانی

هۆ خەڵكینە .... هۆ خەڵكینە

بوم بەسوڵتانتان 

پاش گومرایی 

بتەكانتان بشكێنن و وەرن من بپەرستن

هەمو كاتێك من دەرناكەوم 

بۆیە لەسەر شۆستەكانی چاوەروانیا 

دابنیشن تا بمبینن

مناڵەكانتان بێ‌ نان جێبێڵن

ژنەكانتان بێ‌ پیاو جێبێڵن

دوامكەون و سوپاسگوزاری خوا بن

كەمنی ناردوە تا مێژو بنوسمەوە

مێژو بەبێ‌ من نانوسرێتەوە

لەجوانیا من یوسفم

خوا قژێكی زێڕینی وەك قژی من و 

ناوچەوانێكی پێغەبەرانەی تری دروست نەكردوە 

چاو دارستانێكی زەیتون و بادەمە

هەمیشە نوێژ بكەن و نزا بكەن تاخوا چاوەكانم بپارێزێ‌

***

هۆ خەڵكینە .... هۆ خەڵكینە

من مەجنونی لەیلام

ژنەكانتان بنێرن تا لەمن ئاوس بن

پیاوەكانتان بنێرن تا دەستخۆشیم لێ‌ بكەن

شەرەفمەندییە گەنمی جەستەی من بڕنن

شەرەقمەندییە بادەم و هەنجیری من بڕنن 

شەرەفمەندییە بە من بچن

من روداوێكم هەزاران سەدەیە روی نەداوە

هۆو خەڵكینە ...

من یەكەم، دادپەروەرم،جوانترم لەناو هەمو دەسەڵاتدارانا 

من لەشەوی تاریكا مانگی چواردەم و سپیاتی یاسەمینم

من داهێنەری یەكەمین سێدارەم و چاكترین نێردراوم

هەركاتێك بیر لەدەستبەرداریی دەسەڵات ئەكەمەوە

ویژدانم رێم پێ‌ نادا 

ئەبێ‌ كێ‌ حوكمی ئەم كەسە چاكانە بكا ؟

كێ‌ چارەسەری بەڵەك و شەل و كوێر بكا ؟

كێ‌ ئیسكی مردوان زیندو بكاتەوە ؟

ئەی ئەبێ‌ كێ‌ روناكی مانگیان لەپاڵتۆكەیەوە پێشاندا ؟

ئەی ئەبێ‌ كێ‌ باران بۆخەڵكی ببارێنێ‌ ؟

ئەی ئەبێ‌ كێ‌ نەوەد جەڵدەیان لێدا ؟

ئەی ئەبێ‌ كێ‌ زۆریان لێیكا وەك مانگا بژین،

وەك مانگا بمرن ؟

هەرچەن بیر لەو كارە ئەكەمەوە، كەجێتانبێڵم

وەك گەواڵە هەور فرمێسك بەچاوما دێتە خوارێ‌

پشت بەخوا بڕیارمدا هەرلەئیستاوە تا رۆژی قیامەت سوارتان بم

***

هۆ خەڵكینە .... هۆ خەڵكینە

ئێوە هەر وەكو كۆیلەو وڵاخەكانم موڵكی منن

وەك مافوری كۆشكەكەم بەسەرتانا ئەرۆم

لەهەڵسانا سوجدەم بۆبەرن، لەدانیشتنا سوجدەم بۆبەرن

ئەی نەبو رۆژێكیان ئێوەم لەناو ئەوراقی باپیرانما دیتەوە !

نەكەن هیچ كتابێك بخوێننەوە ،

من لەباتیتان ئەی خوێنمەوە !

نەكەن هیچ وتارێك بنوسن،

من لەباتیتان ئەینوسمەوە !

نەكەن بەدزییەوە گوێ‌ لە ( فەیروز) بگرن

من نێتی ئێوە ئەزانم !

نەكەن لای من شیعر بخوێننەوە، 

ئەوە شەیتانی مەلعونە !

نەكەن بی پرسی من بچنە گۆڕەوە،

ئەوە لای ئێمە تاوانێكی گەورەیە !

كاتێك كەمن قسەتان بۆ ئەكەم هەمو بێ‌ دەنگ بن

قورئانی پیرۆزە قسەكانی من !

***

هۆو خەڵكینە .... هۆو خەڵكینە

من ( مەهدی ) ئێوەم و چاوەرانم بن 

خوینم لەدڵیكی گوشادەوە قوڵپ ئەدا بمخۆنەوە

هەرچی سرودێك مناڵا بۆنیشتمان ئەیڵێ رایگرن

من بوم بەنیشتمان

من تەنیاو نەمرم لەنێو سەرجەمی مەخلوقاتا

من وام لەیادینەی سێو و نای و شینكە گۆرانیا

وێنەی من لەمەیدانەكانا بەرز كەنەوە

بەهەوری وشە دامپۆشن

منداڵترین ژنم بۆداخوازی كەن

چونكە من پیر نابم

جەستەم پیر نابێ‌

زیندانەكانم پیر نابن

دەستگاكانی داپڵۆسینی مەملەكەتەكەم پیر نابن

هۆ خەڵكینە .... هۆو خەڵكینە

هۆ خەڵكینە ..... من ( حەجاج ) م

دەمامكەكەم لادەم ئەمناسنەوە

من جەنگیز خانم

هاتوم بەنێزە و سەگ و زیندانەكانمەوە 

هۆو خەڵكینە ... بە ستەمی من دڵگران مەبن

من ئەتان كوژم تا نەم كوژن

لەسێدارەتان ئەدەم تا لەسێدارەم نەدەن

من لە گۆڕی بەكۆمەڵا ئەتاننێژم تا نەم نێژن

هۆ خەڵكینە ... هۆ خەڵكینە ...

ئەو رۆژنامانەی وەك قەحپە لەشەقامەكانا كەوتون و

باسی منی تیایە بۆم بكڕن

وەرەقەی سەوزی وەك گیای بەهار بریسكەدارم بۆبكڕن

لەگەڵ مەرەكەب و چاپخانەیا

لەم سەردەمەیا هەمو شتێك ئەكڕدرێ‌،

تەنانەت پەنجەكانیش 

میوەی فیكرم بۆبكڕن لەپێشم داینێن

شاعیرێكم بۆ لێنێن 

با لەنێو قاپەكانی بەردەمما بێت

من بێ‌ سەوادم ... من بێ‌ سەوادم

من لەئاست: ئەوی شاعیرەكان ئەیڵێن گرێم هەیە

شاعیرانم بۆبكڕن بەجوانییەكەما هەڵدەن

بمكەن بەئەستێرەی هەمو بەرگێ‌

هەرگیز ئەستێرەكانی سەماو شانۆ لەمن جوانتر نین

ئەوی نافرۆشرێ بۆم بكڕن لەزەوی بێ یا لەئاسمان

دارستانێكی مێشی هەنگوینم بۆبكڕن 

لە گەڵ یەك (پاوەن) ژنا 

من ئەوی بمەوێ‌ بەدراوی بەهێز ئەیكڕم

دیوانەكەی (بەشار بن بورد) و

لێوەكانی موتەنەی و سرودەكانی لەبید ئەكڕم

ئەو ملیۆنانەی كە لەبەیتولمالی موسڵمانایە 

میراتی كۆنی باوكمە

زێڕ بەرن لەكتێبەكانا بنوسن،

كە ئەم سەردەمە سەردەمی هارون ئەلڕشیدە

هۆ جەماوەری وڵاتەكەم ...

هۆ جەماوەری گەلانی عەرەب

من روحێكی پاكیزەم و هاتوم لەتۆزی جاهیلیەت) 

پاكتان كەمەوە

دەنگم لەكاسێتا تۆمار كەن

دەنگی من وەك نافورەی ئەندەلوس نەزمی سەوزە 

وەك ( جۆكەندە ) وێنەم بگرن دەم بەخەندە 

بێ وەی وەك روخساری (مەجدلیە)

كاتێك وەك سێو ملی رەعیەت ئەپەڕێنم وێنەم بگرن

كاتێ‌ بەدان پەلاماری شیعر ئەدەم وێنەم بگرن

خوێنی ئەلف وبێ‌ ئەمژم

بەسەنگینی و شكۆمەندی و دار دەستی سەربازییەوە وێنەم بگرن

كاتێ راوی كەڵە كێوی یا ئاسك ئەكەم وێنەم بگرن

كاتێ‌ بە شان بۆ ئارامگەی ئەبدی ئەتان بەم وێنەم بگرن

هۆ جەماوەری گەلانی عەرەب 

هۆ خەڵكینە ... هۆوخەڵكینە 

كاتێ‌ كەخەون ئەبینن 

من پەرپرسی خەونەكانتانم

من بەرپرسی هەمو نانێكم كەئەیخۆن

دەستگای ئەمنی كۆشكەكەم هەواڵی چۆلەكەكان و 

هەواڵی گوڵە گەنمەكان و 

هەواڵی هەرچی رو ئەدا لەناو زگی ژنی دوگیانا

بۆم دێنێ‌

هۆ خەڵكینە ... هۆ خەڵكینە

من لەناو كۆشكەكەما نەفی كراوم

نەخۆر نەئەستێرە نەگوڵی ژاڵا ئەبینم

لەوەتی مناڵیمەوە لەدەستەڵاتام 

پیاوانی سێرك دەوریان داوم

یەكێ‌ نای لێ‌ ئەدا ، یەكێ‌ تەپڵ

یەكێ‌ شاڵ پاك ئەكاتەوە یەكێ‌ نەعل

لەوەتی مناڵیمەوە لەدەستەڵاتام

راوێژكاری كۆشك پێی نەوتوم نا

وەزیرەكان هەرگیز لەروما نەیانوتوە نا

هیچ كام لەژنەكانی سەرجێی شەو نەی وتوە نا

ئەوان وایان فێركردم كەخۆم وەك خواوەند ببینم

لەبەلەكۆنەكەوە خەڵك وك خاك و خۆڵ ببینم 

لێم ببورن ... لێم ببورن

ئەگەر ببم بەهۆلاكۆیەكی نوێ‌

هیچ كاتێك كەسم نەكوشتوە تەنها لەبەر كوشتن

بەڵكو هەر بۆ خۆشی ئەتانكوژم

 

پەراوێزی وەرگێڕ:

ابو گیب المتنبی: 915 – 965 یەكێكە لەگەورە شاعیرانی عرەب لەكندە لەشاری كوفە لەدایك بوە، لەرێگای گەڕانەوەی لەوڵاتی فارسەوە بۆ بەغداد ئەكوژرێ‌ .

جوكوندا: تابلۆ بەناوبانگەكەی لیۆناردۆ دافنیشنییە، ئەوترێ‌ كەئەوە وێنەی ژنیّكە لەفلۆرنسا بەناوی (مۆنالیزا).

مریم المجدلیە: ( ماجدلینا ، ماجدۆلین) یەكێكە لەكەسایەتییە دیارەكانی سەردەمی(العهد الجدید) بەدیارترین قوتابی یسوع عیسی ناوی هاتوە لەناو ژنانداو نازناوی (قٍدّیس= ملاك= فریشتە) ی پێ بەخشراوە، هەمو ساڵێك لە 22 تەمموزدا یادی ئەكرێتەوە .

بشار بن بورد: بەهمەن كوڕی ئازەر كند: 714 – 784 لەبەسرە لەدایك بوە و لەبەغداد ئەكوژرێ‌ بەتۆمەتی مولحد و زەندیق سەرەڕای ئەوەی نابینا بوە، بەڵام شاعیرێكی پایە بەرز بوە لە شیعری غەزەل، پیاهەڵداندا، شانازی كردوە بەوەی كە مەجوسی یە.