ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەرێگای خۆم ھەوڵمدا (خۆم )بم!؟

وەک سەرخۆشێک لە کۆلانەکان بزر بووم و دەرگای ماڵی خۆمان نەدەدۆزیەوە 

لەھەر دەرگایەکم دەدا

نەدەکراوە

لەسەر ھەر شۆستەیک دەخەوتم

دەریان دەکردم

لەم شارە گەورەیە بێ شوێن بووم

ھەندێک جار دەرگاکەم دەدۆزیەوە

بەڵام لە ترسی پۆلیسەکان نەدەچوومە ماڵەوە

لەم ماڵ بۆ ئەم ماڵ 

بێ شوێن 

بێ کات 

ھەر دەسوڕامەوە

ھەر رۆژەی دەبووم بە حزبێک 

ھەر شەوەی دینێکم دەگۆڕی 

نەمدەزانی چ قەومێکم

داماو 

غەریب 

سەر لێشێواو

منداڵێک بووم و لە ناوەندی قەرباڵغی شار

دایکم بزر کردبوو

پر بە دەنگم ھاوارم دەکرد 

دەگریام 

ناوی خۆم نەدەزانی 

کەس دەستی نەگرتمەوە

باڵندەیەک بووم لەسەر ھیچ تەلێک 

جێگام نەدەبۆوە

کۆترێک بووم نەمدەزانی تەقلە لێبدەم

وەک گورگێکی پیر و بێ دەسەڵات 

چاوەرێی دەستی ئەوانی تر بووم 

وەک پشیلەیەکی تەمبەڵ

لەسەر زبڵدان دەژیام 

من ھیچ نەبووم 

نەمدازانی چیم 

چی دەکەم

لەسەر دیواری ئاودەستەکان 

دەمنووسی گیڤارا

ھیتلەر

قەزافی 

سەدام

ئاپۆ

ماو

لینین

فانکۆخ

بیکاسۆ

ئەردەلان بەکر

فەرھاد زیرەک

ئیسماعیل سەردەشتی

قەت رۆژەک نەمزانی ناوی خۆم بنووسم

قەت رۆژەک خۆم لا گرنگ نەبوو 

یەک ئاواز بووم 

سەدان گۆرانیان لێ دروست کردم

لە زیندانەکان قاپیان پێ دەشووشتم

دەرۆزەی جگەرەم دەکرد

قورئانم دەخوێند 

بیرم لە 

خودا و 

سەرۆک و

باوک و

ئاغا دەکردەوە 

قەت رۆژەک نەمزانی بیر لە خۆم بکەمەوە

وەک کاتژمێرێکی کۆن و ماندوو 

رۆژێک پێش دەکەوتم 

سەدان رۆژ بە پاش دەکەوتم 

چۆلەکەیەکی بەستەزمان و بێ باڵ بووم

لەژێر سواندەی خەلکی

لەترسی باران خۆم نەدەجولاند

ئەوەندە ترسا بووم 

بێ بارانیش ھەر لەوێ بیرم لە تەربوون دەکردەوە

لەگەل خۆم بەشەر دەھاتم 

شەو و رۆژ قسەم لەگەل خۆم دەکرد

لە سەد پارچە زیاتر بووم

پەرت پەرت بووم 

ھەر جارێک ھەولی خۆ کۆکردنەوەم دەدا

دەکەوتم و دەبوومەوە ھەزار پارچە

خۆم حەوالەی خودا دەکرد 

وەرنەدەگیرام 

وەک سەگێکی بە وەفا 

دەبوومە پاسەوانی دەرگای سەرۆک

پارچە پارچەیان دەکرم 

پارچەیەکم دەکەتە سەر زبلدانەکان

لە کوێ ھاتووم ؟

پارچەیەکم دەکەوتە حەوشەی مالی پاشا

بۆ کوێ دەچم ؟

پارچەیەکم دەکەوتە سەربانی مەلایەک

ھەر وا دەبم ؟

پارچەیەکم دەکەوتە سەر کتابان

گەورەتر دەبم؟

بەداخەوە

لەخۆم دەدا 

بۆخۆم دەگریام

ماندوو دەبووم 

دەستم لەخۆم بەردەدا 

دووبارە دەستم پێدەکردەوە

ھەندێک جار دەبووم بە قاچاغچی 

گۆشتی ناسکم بۆ ماسییەکان دەبرد

لەھاتنەوەم لە ئستەمبۆل 

پارەکانم دەخستە ناو سوخمەی ژنە جوانەکان

بێزار دەبووم دەھاتمەوە کاول بوەکەی خۆم

ھەندێک جار بۆ چەند مانگێک 

لەمزگەوت دەخەوتم و 

گوناھەکانی خۆم دەژمارد

ھەندێک جار دەبووم بە سەربازو 

قەوانم کۆدەکردەوە

شەھید دەبووم و زیندوو دەبوومەوە

دەھاتمەوە ناوشار مانشێتی ھەوالەکانم دەخوێندەوە 

ھەر لەوێ دووبارە شەھید دەبوومەوە

ھەندێک جار لە ناو بازار سواڵم دەکرد 

تەماشای ژنانم دەکرد

دزیم دەکرد 

دەگیرام 

دەتوامەوە

ھەندێک جار بۆینباخێکم دەبەست و 

عەسران لە کۆری شاعیرە درۆزنەکان دادەنیشتم و 

لە بایغارێ خەو دەیبردمەوە

شەوانیش لەگەل نووسەرە سەرخۆشەکان 

تا بەیانی بیرمان لەوە دەکردەوە 

سبەی بە چ وتارێک دلی سەرۆک خۆش بکەین

ھەندێک جار بە سەرخۆشی بیرم لەخۆم دەکردەوە 

شەوێک لە ناکاو بریارمدا خۆم بم 

بەلام بەرێگای خۆم

ھەموو دینەکانم لە پال یەک ریز کرد

ھەموو حزبەکانم کوژاندەوە 

ھەموو شارم خاپور کرد 

ھەموو خەلکم لەپێش چاوی خۆم رەش کرد 

ئەوەی لە دلم بوو سریمەوە 

گوناھەکانم فرێدا 

جوان خۆم شووشت 

چوومە بەر ئاوێنەو 

بۆ یەکەم جار خۆم دواند 

سەیری خۆم دەکەم 

ھەزار پارچەم

ھەزار کەسم 

ھەزار دینم 

ھەزار حزبم

ئای خودا چۆن خۆم کۆکەمەوە 

چۆن ئەم ھەموو پارچەیە لێکبدەمەوە 

دووبارە

ماندوو 

غەریب

داماو

دەستم لەخۆم بەردا

چوومەوە ناو قەرەبالغی و

بۆ ئەبەد شوێن بزر بووم 

بۆ ئەبەد کوژامەوە