ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تۆ ئەی ئەوەی دەوروپشتت لەمەعبەدەكان چۆڵترە 

وێنەیەكی خۆتم بەرێ‌ 

لەناو لەپی مندا بورجەكەی خۆت بخوێنەوە 

دەنا وەك كاغەزی نامە فرۆشراوەكان دەژاكێ‌ ی 

تۆ دەقت ناشكێ‌ 

هەروا قیت بووی 

خۆ گێژەڵۆكە نەیهێنابووی 

پیاسەكان 

تۆیان لە ئەرشیفی پێش نوسینی چیرۆكی سێو دۆزییەوە 

ئەوكاتانەی خەریكی گەڕانەوەی زەمەن بوین 

جێیان هێشتی 

وەك ئەو منداڵانەی لە كەشتیە نوقم بووەكاندا 

دەم و چاویان هەڵكۆڵاوە 

كە گەورەش بوون 

لە پشتی سەرەوە دەڕوانن 

هەی جێماوتر لە مەحشەری سەمەرقەندییەكان 

پێم گوتی تۆ دەقت ناشكێ‌ 

هەروا قیت بووی 

بۆ یەكەمجار ماچ لە لێوی تۆوە لەدایك بوو 

بۆیە ویستیان بە بەردە كلۆرەكانی مۆزەخانە 

كێشانەت كەن 

گریمانەكانت گڵۆڵە كرد و لە پەنا دیوارەكان توڕت هەڵدا 

لە پرسەكانیشدا پەنجەكانت لەجیاتی مۆم دەسوتاند

كە مەلەكان هەڵفڕین و كۆچیان كرد 

بە ماسیگرەكان ئاشنا بووی 

ئەمجارەیان نەك هەر پەنجەت 

خۆشت سوتاند ... 

16/10/ 1997 

برایەتی ئەدەب و هونەر