ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چ گریانێكە گریان دادم نادا

بەدیار هەڵوەرینی تۆو سەمیمی خونچەكانەوە ڕاوەستاوم

ئەم ستەمە بۆچی لەڕۆح دەكەن

بۆ لەجەنگی ئارەزووە پیسەكانی وحشەتدا تیشكەكانی لەت دەكەن

ئەو گاڵتەو تڕۆكردنە چیە سروشت دەخەنە چاڵەوە

گریانێكی بەكوڵ بۆ ماتەمبوونی ئاسمان

بۆ سەربڕینی جوانەمەرگبوونی وێنەكان

وێنەیەكی ڕەش و سپی

لە ڕێگەی ئازارێكدا كەوتبوو

لە پەنای جەنگێكدا مردبوو

هێڵێكی ڕەش هەموومان لە ڕوحماندا 

بەدیار هاتنی تاریكیەوە دانیشتووین

چ گریانێكی بەجۆش

خەریكە سەفەرم تووڕەدەكەم وهاتنەوەم بە ساردوسڕی ژیان دەسپێرم

هێندە ترساوم لەتێكی مەرگ هەمیشە بەشانمەوە

هێندە دڵتەنگم مانیفستۆی گریانێكم هەڵگرتووەو لە ڕەنگم جیانابێتەوە

ئاخر بەكوێدا ئەو ماچانە بنوسمەوە

كە(هێمن)ی مەزن پێی دگوتن ماچی خودای

ئێستا كێ خودایەو شەومان ڕۆشن بكاتەوە

كێ ئاسمانی لەدڵدایەوە بە شینی ڕوبارەكان ئاشتمان كاتەوە

كێ خودایە تا سەدەیەكی دی ئەو نائومێدیەمان لەكۆڵ بكاتەوە

گریانێك لە ڕەگی ڕوحم ئاڵاوە خەریكە پەنجەرە دەلەرزێنێ و شەكەتی بە ئەسپی كەحێل دەدات

ئاخر 

ئەو ژیانە وا ماڵ ئاویی دەكات و ڕۆژانە شیعر پارچە پارچە دەكات

ئێستا 

كێ دەتوانێت پێناسەی وەرزەكان بكات و بەدیار ئاوابوونی خۆرەوە گۆرانیەكی حەزین بڵێ

كەسێك ماوە خاڵبەندی بۆ ڕیتمەكانی سروودە هەڵچووەكانی ناخم بكات

ئەو پایزەشم لێگەڕێ چونكە تا ئێستا ئەو چیرۆكەم تەواو نەكردووە كە سەردەمێك دڵم ئاچوغ ئاچوغ بەسەر مینی ژوانەكاندا دەپەڕیەوە

ئەو مەوسیمەشم لێگەڕێ با چەند ڕستەیەكی غەریبم فەرامۆش كردووە با بیانهێنمەوە

لە دەنگی ئازاری دایكەكاندا بەهەزاران شیعر هەیە لێمگەڕێ وەك گۆرانی مەزن دەڵێ بیانخەمە ناوچوارچێوەی هەڵبەستەوە

ئەو پایزەش 

وەك پایزەكانی زوو بمبەرەوە ناو ڕۆمانسیەت و بەدیار بارانێكی بەخووڕ با گۆرانی بڵێم

كێ دەتوانێت 

جەنگی گەڕانەوەی جوانیەكان بكات

كێ دەتوانێت نەورۆزێكی گەنجیەتیم بۆ بێنێتەوە

كێ دەتوانێت قاقای ڕۆژە سوورەكان بنوسێت و بۆ ئاوێزە بیانخوێنێتەوە

گریانێك ئەوكی گرتووم 

بۆ خودایەك دەگەڕێم

بۆ مەراسیمێكی ڕەنگكردنی خەونەكان دەگەڕێم

ئەوەتا لە بن دەستی خۆم هەست بەوەرینی پەنجە ولەكار كەوتنی سات ساتی ژێكانی دەنگم دەكەم

ناتوانم هاواربكەم و كابوسك هەناسەی گرتووم

كێ خودایە

ئەو مەملەكەتە وێران نەكات و سرووتەكانی ڕێگا بڵێتەوە

بەكر ئاڵەیی

٢٣/١٢/٢٠٢٠