ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شیڤان شێرزاد

 

یەکێک لە ئامانجە ھەرە گەورەکانی حکومەتی ھەرێم و کابینەی نوێ ڕەخساندنی ھەلی کارە بۆ گەنجان، بەڵام قەیرانە سەختە داراییەکەی ھەرێم ڕێگر بوو لەبەردەم دامەزراندنی دەرچووان، بۆ پشتگیریی و دروستکردنی ئومێد لە دڵی گەنجان و پشتیوانی کردن لە حکوومەت، بەشێک لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ئەو ئەرکەیان خستووەتە ملی خۆیان و بەڵێنیان داوە کە وشەی ڕەشبینی لە دڵی گەنجاندا ڕەش بکەنەوە، بەتایبەت کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاری وەک (ھاوس وەتەر)، کە کار لەسەر پاک ڕاگرتنی ژینگەی کوردستان دەدات، ھاوکات بە ڕێگەی ئامێرێکی ئاو پاککەرەوە گرنگی بە تەندروستی ھاونیشتمانیان دەدات، (کاوە کەمال)، کە خاوەندارییەتی ئەو کۆمپانیایە دەکات و دەڵێت: ئامانجی ئێمە ڕەخساندنی زۆرترین ھەلی کارە بۆ ئەو گەنجانەی کە ناتوانن لە کەرتی گشتی دا سوودمەند ببن و بێ ھیوایی لە دڵیان دا بسڕمەوە و داھێنانی خۆیان لەگەڵ ئێمەدا دەتوانن پێشکەش بکەن، وەک ئەوەی کە بە داتایەکی تایبەت لەبەردەستە و 83 کوڕ و کچ لە ھاوس وەتەر سەرمەشقی کارن و جگە لە مووچە پشکیشیان ھەیە لە کارەکەیاندا، کە ئەمەش زەمینەسازییەکی گەورەیە بۆ ئەوەی گەنج بتوانێت لەسەر پایەکانی خۆی بوەستێت و خزمەت بەو نیشتمانە بکات.

  • ھاوس وەتەر چۆن دروست بوو؟

بە مەبەستی ڕەخساندنی ھەلی کار و دەستگرتنی گەنجان و دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکان و ھاوکاری و پاڵپشتی لە حکوومەتی کوردستان، بیرۆکەی ئەو کۆمپانیایەم گەڵاڵە کرد و لە 10/1/2016 بە فەرمی لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی مۆڵەتم پێدرا و دەستم کرد بە کارکردن و ئێستاش 83 کارمەندی کچ و کوڕ لە لای مندا بە پڕۆژەکانیانەوە سەرگەرمی کارکردنن و جگە لە مووچەش دەتوانن بە کارمەیی خۆیان ڕێژەیەکی تایبەت بەدەست بێنن، ئەمەش بەپێی ئاستی شارەزایی و جوگرافیای کارکردنیان، ھاوکات سەرپشک کراون لەوەی پڕۆژەکانیان لەگەڵ کارەکەی مندا تێکەڵ بکەن.

  • دروشمی ئێوە بۆ کارکردن و سەرکەوتن لە ژیان چیە؟

دروشمی ئێمە ئەوەیە ھاوس وەتەر (ماڵێک بۆ ھەمووان) بێ گوێدانە ڕەنگ و ناوچە و ناوچەگەریی دەستی گەنجان دەگرێت و بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونیان دەبات و لە داھاتووشدا دەبن بە خاوەن کار و پڕۆژەی تایبەتی خۆیان.

  • ئەولەویەتی کارەکەی ئێوە چیە؟

خزمەتکردنە بە کەرتی تەندروستی و ژینگەی و پاراستنی ھاونیشتمانیان لە ڕووی تەندروستیەوە، بەجۆرێک کاڵاکانمان کوالێتیەکی بەرزیان ھەیە لە پاک ڕاگرتنی ئاو و ئاوەڕۆ، ھاوکات ڕێگرە لە پیسبوونی ژینگە، پەیامەکەشمان ڕوونە کە بریتیە لە خزمەتی کوردستانی خۆمان.

  • لە ڕووی تەندروستیەوە حکوومەت تا چەند ھاوکاربووە لەبەردەم کارەکانتان؟

سوپاس بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە پشتوانیەکی گەورە لە کارەکانمان دەکات، ھاوکات سوپاسی دەزگا ئەمنیەکانی ئەو شارە دەکەین، کە زۆر بە وردی چاودێری سەقامگیریی ھەولێر دەکەن، وەزارەتی تەندروستیش بەردەوام پشتیوانی ئێمەیە لە پڕۆژە و کارەکاندا، چونکە لەوە تێگەیشتوون ئامێرەکانی ئێمە لە ئەمڕۆدا پێویستیەکە بۆ کەرتی تەندروستی و دەبێت لە ھەندێک شوێن دابنرێت تا بتوانین ڕێگربین لە پیسنەبوونی ئاو و ئاوەڕۆکان و بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریای مەترسیدار، چونکە لە ھەندێک شوێندا پێکھاتەی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم لە نێو خاکەکەیاندا ڕێژەیەکی زۆری تۆمارکردووە، لەم حاڵەتەشدا ئاوی ئەو شوێنە زیان بە تەندروستی دانیشتوانی ناوچەکە دەھێنێت و ئێمەش دەتوانین لە ڕێگەی ئامێرەکانمان کۆنتڕۆڵی پیسی ئاو بکەین لەو ناوچەیەدا، ھەندێکجاریش ئەو نەخۆشانەی کێشەی گورچیلەیان ھەیە وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی کۆمپانیاکەی ئێمەیان دەکەن تا بتوانین ئامێرێکی پاکڕاگرتنی ئاویان بۆ دابین بکەین و لە مەترسیەکانی تێکچوونی گورچیلە و ئازارەکانی ڕزگاریان بێت.

  • ئامێرەکانتان بە خەڵکی ھەژار دەکڕێت؟

بەڵێ، نرخەکان لای ئێمە زۆر گونجاون، تەواوی خزمەتگوزارییەکان و بەستنی ئامێرەکەش لە ئەستۆی ئێمەدایە بەبێ بەرامبەر، نرخی ھەر ئامێرێکیش لە 150 دۆلارەوە دەست پێدەکات، جگە لەمەش داشکانی تایبەتمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و دەزگا ئەمنیەکان و خانەوادەی شەھیدان کردووە و بەردەوامیش دیاری تایبەتمان بۆ خوێندنکاران و قوتابخانەکان و شوێنە ئاینیەکان و چەندین جاریش ئاوی پاکمان بۆ سەنگەری پێشمەرگە ناردووە.

  • بچووکی و گەورەیی ئەو ئامێرانە چ جیاوازییەکیان؟

بچووکی قەبارەی ئامێرەکە بەپێی بچووکی ماڵەکاندا دروست کراوە، بە جۆرێک کە ھەندێک خێزانی بچووک یان دوو تا سێ کەس پێویستیان بە ئامێرێکی بچووکە بۆ ئەوەی بتوانن 50 تا 70 لیتر ئاوی پاکیان ھەبێت بۆ خواردنەوە، بەڵام خێزانێکی گەورە کە لە حەوت کەس یان زیاتر پێکھاتووە پێویستیان بە ئامێری گەورەیە و ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا خزمەتگوزارییەکانمان بۆ بەستنی بۆڕی و ئامێرەکە بە خۆڕایی دابین دەکەین.

  • بۆچی زیاتر پشت بە تواناکانی گەنج دەبەستن؟

ئەو ھێزە جوانەی لە گەنجاندا ھەیە، بەداخەوە کە شاراوەیە و نەتوانراوە سوودی لێوەرگیرێت من ھەوڵمداوە کە بوێری و زانستی نوێیان لێرە بە پڕۆژەکانیانەوە سوودیان لێوەرگیرێت، بەتایبەت ئەوانەی کە زانکۆ و پەیمانگایان تەواوکردووە، من ھەوڵمداوە سوود لەو توانایانە وەرگرم، چونکە ئێستا حکوومەت توانای دامەزراندنیان نیە، بەش بەحاڵی خۆشم سوپاسی تەواوی کارمەندەکانم دەکەم، کە دڵسۆزانە کار دەکەن بۆ پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکی نوێ لە ڕێگەی تەکنەلۆژیایەکی سەردەم.

  • تیمەکانی ئێوە بەسەر چەند گرووپێک دابەشبوون، ئەمەیان بۆچی؟

پەیامی ئێمە گەیاندنی خزمەتگوزارییە بەسەر تەواوی ناوچەکانی وەک سلێمانی و ھەولێر و بەردەڕەش و گشت شار و ناوچە و دێھاتەکان، کە ئێستا 6 گرووپی پڕۆفیشناڵ کاردەکەن لەگەڵ ئێمە و چاودێری تەندروستی ھاوڵاتیانیش بە ئەرکێکی خۆمان دەزانین و بەشداردەبین لە پێشکەوتنی کوردستان بە تەکنەلۆژیا و ڕەواندنەوەی خەمۆکی و بەدەست گەیشتنی کاڵاکان بە کەمترین نرخ و سوود وەرگرتن لە پێویستیەکانی ژیان بە کوالێتیەکی بەرز، ھەروەھا تاقیگەی تایبەتمان ھەیە بۆ پشکنینی ئاوی خواردنەوە.

  • ھاوکاری ھونەرمەندان بۆچی دەگەڕێنیەوە؟

خۆم بە کوڕی ئەو شارە دەزانم، خۆم بە کوردستانیەکی دڵسۆز دەزانم و لەو خاکەشدا گەشەم کردووە و سەرمایەکەشم لەو خاکە دەستکەوتووە، بۆیە دەبێت بەشداربم لە تاڵی و سوێری ئەو کوردستانە، کە دەبنین ھونەرمەندێکی گەورە ڕۆژانێک خزمەتی ئەو شارەی کردووە، ئێستاش پێویستی بە ھاوکاری و پشتیوانی ئێمەیە ناکرێت بێ ئومێدی بکەین و دەبێت لەو قۆناغە سەختەدا دەستی بگرین و ئومێدێکی لە دڵدا دروست بکەینەوە و بەشداربین لە خەمەکانیان، ھەر کاتێکیش پێویستی بە کارکردن بێت من ئامادەم لە کۆمپانیاکەی خۆمدا دایبمەزرێنم، لەو سۆنگەوەش ھاوکارییەکی زۆرم پێشکەشی ھونەرمەندان کردووەو ئەمەش ئەرکێکی سەر شانمە، جیاوازیش لە ھیچ ناوچەیەکدا ناکەم، چونکە ھونەر ناسنامەی ھەموو نەتەوەیەکە و بەبێ ھونەریش کلتوورمان ناناسێندرێت و ناتوانین گوزارشت لە بوونی خۆمان بکەین، داواش لە سەرجەم سەرمایەداران دەکەم پشتیوانی لە کار و پڕۆژەکانی ھونەرمەندانی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە داھێنانی خۆیاندا نەوەستن و سستی لە بواری ھونەردا نەبیندرێت.