وێنەکەت
لەڕەنگـی گۆرانی باخچەیەکی ڕووت دەچـێ
ڕووت ڕووت لە پێکەنین
خاڵی تر لە دڵی ئەو سوێبانەی ،
لەژوانێکـا
پەنجەی بەر ڕوومەتی تریفەیەک نەکەوتووە !
داماوتر لەو کولوە بەفرەی ،
تیسکەکانـی لە کفنـی شەختە دەئاڵێنـێ و
کزەبا یاری بەسەرو پرچــی دەکـا !!
لە ڕەنگی ئەو سەحەرەی
هەموو ڕۆژێک
بەر زیکری مۆسیقایەکی شین دەکەوێ !!
وەرە لای من بنوو
با پارچەیەک سێبەرت بۆ ڕاخەم !
کوا من لەدەستم دێ
شوێن پێی گزنگ
لە پەرداخی شکاوی ماچێکدا بشارمەوە ؟!
کەشەوانە ،
بەشەرمەوە دەست دەبا بو ئەگریجەی گیـا و
گمەی لای جوانیت لێ دەکەوێتە خوار !!
جارێکی تریش گوتوومە :
بەکۆڵانی شیعردا نایەمەوە !
ئەو دڵەی من عاقڵ نابێ !
ڕاهاتووە کە شیعرێ بەدزیەوە
دەخاتە ناو گیرفانی تۆزێک باران کوفردەکات !
کە ملوانکەی زەنگیانەی یادەکانی لەدەست دەپسێ
کوفر دەکات !!
کوا بریار بوو لای ئێمە عەتر پیر بێ ؟
بەفر پیر تر ،
باران نەیەتەوە ماڵ ؟!
تۆ جارێک ،
لە ئیمان و لە خۆت و لە (با)ت پرسیوە ؟
کە وەیشومە ،
چی لە هێشوەکانی منداڵی و
لە ئەگریجـەی قەسیدەیەکـی کۆن دەکات ؟!!