ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەر پێنج و دوو ڕۆژی ترە و

بە هەورازی نیو سەدەی دیکەی تەمەندا هەڵدەگەڕێم

نیو سەدەی ماندوێتی، بێ ئەوەی کارێکم بۆ خۆم کردبێت

پەنجا ساڵ، کە سێ چارەگی زیاتری خەو و خەم و خێو بووە

لەناوەوەمدا بۆ زۆر شت ژیام، خۆم نەبێت

دەزانم تێگەیشتن لەمە سەختە و باوەڕکردنیش قورس، بەڵام:

ڕۆژێک دێت دەمرم و

بە چاوی خۆتان دەیبینن چۆن سەرم بووەتە هێلانەی مەلێکی تەرەکراو

دڵم ئینجانەی گوڵێکی بابردەڵە

چاوم کانیی ماسیێکی لە قولاپ ڕزگاربوو

سنگم پەنای دەوەنێکی لە (با) تۆقیو

ناولەپم ڕاوکەی پەپووسێمانکە

ڕۆژێک دێت دەمرم و

بە چاوی خۆتان دەیبینن، تەمەنی پەپوولە لە مندا درێژ بووەتەوە

چریکەی بولبول لە قورگی مندا زایەڵەی دێت

خونچە لە پێدەشتی سنگمدا شکۆفە دەکەن

مانگ لە گلێنەکانمدا خەرمانەی بەستووە

بۆنی خۆر لە کونەلووتەکانم دەڕژێت

ڕۆژێک دێت دەمرم و بەچاوی خۆتان دەیبینن

سێبەری بێهوودەیی پەنابەرێک بەنێوچاومەوەیە و

کۆڵی ئازاری سەرگەردانێک بە پشتمەوە

شانەکانم عارەبانەی خەمی بێوەژنێک ڕادەکێشن و

دەستەکانم گریانی سەرخۆشێک ژیر دەکەنەوە

قاچەکانم بوونەتە گۆچانی دەستی پیرەمێردێکی دەستگێڕ و

باوەشیشم نوای منداڵێکی ڕەنگپەڕیو

پەنجەکانم ئاوازی غەمگینیی بێنەوایەک دەژەنن و

نۆتەی گۆرانیی غەریبێک لە دەممدا باڵ دەگرێت

ڕۆژێک دێ دەمرم و دۆش دادەمێنن

کە بە چاوی خۆتان دەیبینن لە ناوەوەی مندا

سێبەر و هەتاو

هەور و ساماڵ

شەو و ڕۆژ

چۆن دەستەملانن

ڕۆژێک دێ دەمرم و دەحەپەسێن، کە بە چاوی خۆتان دەیبینن

قسە و بێدەنگیی

گۆرانی و گریان

پێکەنین و تووڕەیی

چۆن لەناومدا ئاشت بوونەتەوە

ڕۆژێک دێ دەمرم و لەو ڕازە تێدەگەن، کە چۆن

بێدەنگیی لەناوەوەی مندا زمانی پژا

سێبەر لە ناوەوەی مندا پێی گرت

هەتاو لەناوەوەی مندا شاگەشکە بوو

ڕووبار لە ناوەوەی مندا خوڕەی پشکووت

ئاورینگ لە کورەی ناخمدا پرووشەی کرد

ئاونگ لە چاوی مندا ڕێی ڕژانی دیتەوە

ڕۆژێک دێت دەمرم و بێدەنگییم دێتە قسە و

خۆم نەبێت، هەمووان لەناو مندا دەدۆزنەوە و تێدەگەن

ژیان بەوە جوانە کارێک نەبێت بۆ خۆت بیکەیت

بوون، بە سەرقاڵبوون بە خۆتەوە، بێ بەهایە

ڕێک پێچەوانەی خەریکبوون بە دەرەوەی خۆت لە ناوەوەتدا

کە هاوسەنگیت بۆ  دەگەڕێنێتەوە و

بەهایەکی دیکە بە بوون دەدات و

بۆشایێکی قووڵ و ڕووبەرێکی فراوان،

لە یادەوەریی دنیا و دەوروبەرتدا پڕ دەکاتەوە!