ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پێت گوتم :

هیچ شتێک بەکەس مەڵێ !

تا ماندوویەتیم بەتریفە دەشۆم

تا وەک ژنێک ،

هەتاو بەدیواری زەمەنەوە هەڵدەخەم !!

هیچ ڕستەیەک بەکەس مەڵێ !

لەو ڕستانەی بەسەر کوشتنی خۆیاندا کەوتن

ئەو ڕستانەی ،

پەنجەکانیان تا کفت بوون

بە مەمکی شیعرێکەوە بوونە شەختەو

لێوەکانیان

لەسپێدەی مەغریبەوە

لە گەزۆی ماچ نقوم دەبوون !!

ناهەق نەبووی !

لێرە ژنێک لە ترسانا

جلەکانی لە تەناف دەکاتەوە

نەکا پەنجەکانی ڕەشەبا لە ئایەتێکی دژوێنا

دامێنی کراسەکەی ،

لە پێش چاوی کۆڵانێکا هەڵداتەوە !

نا هەق نەبووی !

پێڵاوە تۆزاویەکانی - بـا -

لە سێبەری درەختەکەی ئەوبەر عیشق پڕ کەی لە ماچ

پڕکەی لە بخوری ترسی ژنێک

لە میحرابی ناپیاوێـکا

تەماشایەک بە پێوە ڕابوەستێ و

دەستەکانی بە تاریکــی بشوا !!

ناهەق نەبووی !

من و خنکانی ئاو

لە دێڕی سەفەرێکی تفتـا

پێکەوە نەخەیتە ڕستەوە !

چونکە لێرەی جەنگەڵستان

هەربینە چەقۆ

لە هەتاوی ژنێکـا خنکـا

هەربینە ٭ دوعا٭ یەکی تر

لە دواین پێکی شێتێـکـا تـکــا !!

وەرە تاسەر،

ئەو هەموو فوە لە فانۆسی شیعر نابێ

تا پایز لەنوێژی شیعرێک بۆوە

بەرچنەی ماچە سپیەکانمان لەڕۆخی برین لێ بەجێـمـا

گۆرانیەکانمان پڕ کرد لە شەراب

پڕمان کرد لە نەشئەو عەتری باران

ئەوانیش ژوورەکەیان پڕکردین لە جەنازەی شیعرو

لە خرینگەی بازنەی لێک ترازان !!

2020/ 11/ 2