ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕاوچیێک گۆرانیی دەڵێت!

وەک خووی هەمیشەییم،

شەوانە بە کۆڵانەکاندا پیاسە دەکەم و

گوێچکە و لووت و چاوەکانم بەیەکەوە دەکەونە ئیش

لە شەودا زۆر نهێنی دەدرەوشێنەوە

زۆر پەنهانی ئاشکرا دەبن

زۆر تاریکیی بریسکە دەدەن

ئەو شەوە بە ڕێکەوت لە ئاوایێکی بناری چیا بووین

کەلاوەیەک، نا، کوخێک سەرنجی بردم

کوخێکی تەنیا،

کە وێدەچوو ماڵی ڕاوچیێک بێت

ڕووناکیێک لە ژوورەوە خۆی لە درزێک دزیوەتەوە و

دەڕژێتە چاوم

نا، وێدەچێت ڕووناکیی بلاجکتۆری سەربازگەکە بێت،

لە کەلێنێکدا خۆی بە ژووردا کردووە و

لە ئاوێنەیەکی نیوەشکاو دەدات و

لە چاوەکانمدا دەبریسکێتەوە

ڕووناکییەکە،

وەک دایسانی ئاگرێکی دووری شوانێکە لە شەوێکی نوتەکدا

وەک تیشکی لایتی کەسێکە، کە بە پارێزەوە بچێتە ژوان

سێبەری تاپڕێک بە لادیوارێکی کوخەکە دەبینم

چەقۆیەک سەرنجم دەبات،

سوور دەچێتەوە لە خوێنی نێچیرەکان

وەک ئەوەی کونجیی سپی بە لێواری سمیتێکەوە بن

وردەئێسکی قاچ، دەست، باڵ، نازانم هی چی و کوێن،

بە ددانەکانی تەڵەیەکەوەن

وەک تیشکی خۆر، کە دڵی بێژنگێک دەبڕێت

یان وەک ئاوێنەیەکی ورد و خاشی بەر هەتاو

دەنک دەنک ڕووناکی،

کە هەر دانەیەکیان بە قەبارەی دەنکێک نیسک،

نا، بە قەد چەشنی قونکی قەوانێک دەبێت

لە گۆشەیەکی تاریکی کوخەکە دەدرەوشێنەوە

بەوەدا تێدەگەم ئەو ناوە پڕە لە گوللەی تاپڕ

کوخەکە، کە ڕەنگی شاخ و موو و پەڕی گرتووە و

خوێن وەک ماک بە هەموو شوێنێکیەوەیەتی و

بۆنی بارووت قانگی داوە

چیڕۆکی کوشتنمان بۆ دەگێڕێتەوە

ئەگەر پەنجەرەکانی بکرێنەوە،

ئەو ناوە پڕ دەبێت لە گۆرانیی کوژراو و

بە چاوەکانت دەبینیت کە،

هەر ئاوازی خنکێنراوی مەلە و ڕەها دەبێت

هەر ڕیتمی سەربڕاوی گیاندارە و باڵ دەگرێت

گوێم هەڵدەخەم، نەوای ئاوازێکی غەمگین

زایەڵەی دەنگێکی بریندار دەژنەوم

توومەز ڕاوچییەکەیە گۆرانیی دەڵێت

وەلێ ئێستاش نەمزانی،

ئاخۆ دڵی خۆی دەداتەوە، یان نێچیرەکانی دەلاوێنێتەوە!