ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

 جولیان بیندا (١٨٦٧ - ١٩٥٦) کە ڕۆشنبیر، ڕۆماننووس و بیرمەندێکی فەرەنسایی بوو، داکۆکیکارێکی سەرسەختیش بوو لە لۆگیک و لە بیرکردنەوەی عەقڵانی. بە کاریگەریی کێشەکەی درایفۆس، ئەو ئەفسەرە بێگوناهەی کە ١٨٩٩ تەنیا لە سۆنگەی ئەوەوە کە جوو بوو، بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە فەرەنسا، لە زیندان توندا کرا، جولیان بیندا ڕوانینێکی نوێی لەبارەی ڕۆڵی ڕۆشنبیرەوە هێنایە ئاراوە. بیندا ڕۆڵی ڕۆشنبیری لەوەدا چڕ کردەوە کە دەبێت لایەنی ڕاستی و داد بگرێت، بە چاوپۆشین لەوەی، هەڵبژاردنی سەنگەری ڕاستی و داد، لە بەرژەوەندیی کام چین، فیکر، ئایین، ڕەگەز، یان نەتەوە دەکەوێتەوە.

 جولیان بیندا پێی وابوو، ئەوە بانگەشەکردنە بۆ ڕاسیسزم، ئەگەر بە چاوپۆشین لەوەی لەسەر هەقە یان نا، هەر لایەنی فیکر و ئایین و نەتەوەی خۆمان بگرین و دەیگوت: (ڕۆشنبیر کەسێکی دەگمەنە، هەر لایەنی ڕاستی و داد دەگرێت و لە دژوارترین هەلومەرجیشدا سڵ لە گوتنی هەق ناکاتەوە.) جولیان بیندا لە کتێبەکەیدا کە ناوی لێ ناوە: (ناپاکیی ڕۆشنبیران) و ١٩٢٧ بەشی یەکەمی بڵاو کراوەتەوە، باسی ئەوە دەکات کە ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە، کەسانی دیرۆکبڕن، (وەک چۆن ڕۆکێتی کیشوەربڕ هەیە،) ئیدی هەر لە سوکرات و عیسای مەسیحەوە، تا سپینۆزا و ڤۆڵتێر و ئارنست ڕینان، کەسانێکن ویژدانی مرۆڤایەتی پێک دەهێنن.

 لە ڕوانگەی جولیان بینداوە، ڕۆشنبیر وەک خەڵکی ئاسایی نییە، بایەخ بە سوودی ماددی خۆی نادات، ئەوەندە بە داد و هەقیقەتەوە پێوەستە، تا ئەو ئاستەی وەک لە واقیع دابڕابێت، ئاخر بێ ئەوەی بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە، بوێرانە بە گژ زۆرداریی سیاسی، ستەمی کۆمەڵایەتی، دەمارگیریی ئایینی و  ڕاسیسزمدا دەچێتەوە. لای جولیان بیندا ڕۆشنبیر، نوێنەری دەسەڵاتی مۆراڵی بڵندە، نەک دەمڕاستی دەسەڵاتی سیاسی و ناچێت بە بیانووی داکۆکیکردنەوە لە هەستی نەتەوایەتی و ئایینی، یان لەبەر بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان، دەستبەرداری ڕاستیگوتن و لایەنگرتنی داد و هەق ببێت.

 لای جولیان بیندا، ناپاکیکردنی ڕۆشنبیر بریتییە لەوەی، دەست لە ئازادیی فیکریی خۆی هەڵبگرێت، وابەستەی دەسەڵاتی ویژدان و مۆراڵ نەبێت، لە ترسی سزا، یان لەبەر قازانجی تایبەتی، ڕەدووی زۆرینە بکەوێت، پشت بکاتە داد و هەق و خۆی لە ستەم نەبان بکات، با ستەمەکە، زادەی ڕەوتاری لایەنەکەی خۆیشی بێت. ڕۆشنبیر کەسێکە لەبەردەم مۆراڵی خۆیدا بەرپرسە و ئەوە ویژدانی زیندووی خۆیەتی، هانی دەدات هەست بە بەرپرسیاری بکات، ڕەخنەگرتن بە ئەرکی سەرەکیی خۆی بزانێت و ئازایانە ڕۆڵی ڕەخنەگر ببینێت، بە تایبەتی ئەو سەروەختانەی، ڕەنگە لەسەر ڕەخنەیەک ژیان لە دەست بدات.

 ئەوە عەوامە، ناهۆشیارانە شوێن بەرژەوەندیی تەسکی لایەنەکەی دەکەوێت، ڕۆشنبیر بەو ئەفیوونە بەنگ نابێت، ڕق بڵاو ناکاتەوە، ئاگری شەڕی حیزبی، ئایینی، یان نەتەوەیی خۆش ناکات و ئەگەر لاپەڕەکانی ڕابردوویش هەڵبداتەوە، لە پێناوی هێورکردنەوەی تووڕەیی و هەڵچووندا دەیکات. ئەوە ڕۆشنبیر نییە کە حیزب، ئازادی و مافی بیرکردنەوەی لێ زەوت کردووە، ئاخر ڕۆشنبیر کە خاوەنی پەیامێکی ئینسانییە، بەوە قایل نابێت، لە نێو قەفەزی لایەنێکدا بەند بکرێت. ڕۆشنبیر خۆی بڕیار دەدات، چی دەڵێت و کام هەڵوێست دەنوێنێت. ڕۆشنبیر نە دەستبەرداری شکۆی خۆی دەبێت و نە لە هیچ گەمەیەکی سیاسیدا، ڕۆڵی داش وازی دەکات.

 ڕۆشنبیر کەسێکی بیرکەرەوەیە، بە بیری خۆی، ژیان ڕۆشن دەکاتەوە، ئەو قسانە ناگوێزێتەوە کە چەندان ساڵە دەکرێن و چەندان نەوە گوێی لێیان بووە، ئاخر ڕۆشنبیر فیکری نوێ دێنێتە ئاراوە، قسە سواوەکان پاتە ناکاتەوە. ڕۆشنبیر کەسێکی جیاوازە، هەر بەهرەمەند نییە، هەڵگری پەیامێکی تازەیشە کە دەکەوێتە خانەی داکۆکیکردنەوە لە هەق و لە دادپەروەری. ڕۆشنبیر پرسیاری وا دەورووژێنێت کە دووچاری سەرسامیمان دەکات و لێمان ناگەڕێت لە وەڵامەکەی هەڵێین. ڕۆشنبیر نە بە هیچ هێزێک کەوی دەکرێت، نە دەست لە ڕۆڵی ڕەخنەگرانەی خۆی هەڵدەگرێت، ئەگەر نا لە داهێنان دەکەوێت.

 ڕۆشنبیر بوار نادات ژیان لە جێیەکدا بچەقێت، ئەوە دەڵێت کە خەڵکانی دیکە، لێی بێدەنگ دەبن، ئەوە ئاشکرا دەکات کە کەسانی دیکە دەخوازن بە نهێنی بمێنێتەوە، دڵی بە نیمچەچارەسەر ئاو ناخواتەوە و بە پێچەوانەی ڕێڕەوی  چەمی کولتووری زاڵەوە مەلە دەکات. ڕۆشنبیری ڕاستەقینە نوێنەری هیچ لایەنێک نییە، هەڵگری نامەیەکی گەردوونییە، بە گوتنی هەق و بە لایەنگرتنی داد، بە گژ هێز و ستەمکاریدا دەچێتەوە. ئیشی ڕۆشنبیر بەرەنگاربوونەوەیە، بە فیکری نوێ و ڕۆشن بەرەنگاری هەژموونی دەسەڵاتی زاڵی زاڵم دەبێتەوە.

 ڕۆشنبیر لەبەر تیشکی چرای عەقڵانیبووندا و لە سەنگەری داد و هەقەوە ڕەخنە دەگرێت، هاواری لە ناخی خۆیەوە بڵند دەبێتەوە، زایەڵەی قیژە و نەڕەی ئەم حیزب یان ئەو دەسەڵات نییە. ڕۆشنبیر لەگەڵ واقیعی سەروەردا هەڵناکات و نابێتە یەکێک لە ئەندامانی ئەو گرووپەی ستران بۆ تێڕوانینی باو دەڵێن، بەڵکوو ڕەخنە لە کولتووری زاڵ دەگرێت و ڕەمزەکانی وەبەر ڕێژنەی ڕەخنە دەدات. ڕۆشنبیر نوێنەری گۆڕانە و دژی چەقبەستن، ڕەنگە لە ناچارییەوە، ڕێی مەنفا بگرێتە بەر، بەڵام خۆی لەگەڵ واقیعی تاڵدا ناگونجێنێت.

 ڕۆشنبیر هەوڵ دەدات، دەنگی بگاتە گوێی خەڵک و لەڕێی تێزە تازە و جیاوازەکانییەوە، دیالۆگ بەرهەم بهێنێت. هەرچەندە ساڵانێکی دوورودرێژ ڕۆشنبیر لە فەرەنسا، کەم و زۆر پێوەندیی بە زانکۆی سۆربۆنەوە هەبوو، بەڵام ئەوە مەرج نییە، ڕۆشنبیر ئیللا ئەکادیمیک بێت کە زۆریان کەمتر تێکەڵ بە ژیانی گشتی دەبن. سیاسەتکار و ڕۆشنبیر دانوویان پێکەوە ناکوڵێت، ئاخر ئەمیان زیاتر باسی ڕووکەش و کێشە هەنووکەیییەکان دەکات و ئەویان کرۆکی ژیانی بە لاوە گرنگە و بۆ ئەوەیش دەست نادات، لە کارگەیەکدا ڕۆڵی ئامێرێکی پێ بسپێرن. ئەوە بۆ سیاسەتباز ئاسانە، لە بەڵێنی خۆی پاشگەز ببێتەوە، بەڵام بۆ ڕۆشنبیری ڕاستەقینە کە لە داد و لە هەق لا نادات، نزیکە لە مەحاڵەوە، بتوانێت لە فیکری خۆی کە داهێنانێکی نوێیە، پاشگەز ببێتەوە.

 با لە گەلێک ڕووەوە جیاوازی لە نێوان بیرمەندانیشدا هەبێت، بەڵام نزیکەی هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن، کە ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر، ڕەخنەگرتنە و ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، ڕۆشنبیری ڕەخنەگرە، ڕەخنەگرێکی بوێر و هەقبێژ کە سڵ لەوە ناکاتەوە، هەم ڕەخنە لە خودی خۆی بگرێت و هەم لە نزیکترین لایەنیش لە خۆیەوە. ئەوە هیچ گرنگ نییە، ڕەخنە لەم و لەو، یان لە دوژمنانی فیکریی خۆمان بگرین، ئەوە گرنگە، ڕەخنە لە خۆمان بگرین و چاوپۆشی لە کەسانی نزیکی خۆیشمان نەکەین. لای ئیدوارد سەعید، ناپاکیی ڕۆشنبیر کاتێکە، واز لە ئەرکە سەرەکییەکەی کە ڕەخنەگرتنە، بهێنێت.

 کە باهۆزی پۆپۆلیزم هەڵدەکات، ئیدی سیاسی بێت، یان کولتووری، ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیرە، ڕاشکاوانە لە دژی ئەو شەپۆلە هەڵوێست بنوێنێت. کە عەوام لە نەزانییەوە، ڕەدووی بتێکی سیاسی، یان کولتووری دەکەوێت، ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیرە، ئازایانە دژی لێکدانەوەی باو بوەستێتەوە، بێ ئەوەی سڵ لە ئەنجامی ئەو هەڵوێستە دروست و پێویستەی بکاتەوە. ڕۆشنبیر نە سواری شەپۆلی هەڵچوونی مێگەل دەبێت، نە لە خۆشکردنی ئاگری پۆپۆلیزمدا بەشداری دەکات، بەڵکوو لەبەر تیشکی لۆگیک و عەقڵانیبووندا هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ دەدات و لەبری ئەوەی خەڵک بۆ هەڵچوونی هەرزەکارانە هان بدات، هەوڵی هێورکردنەوەیان دەدات و بەرچاویان ڕۆشن دەکاتەوە.

 ئەوە ئەرکی ڕۆشنبیر نییە، خوتووکەی هەستی عەوام بدات و زیاتر لە گۆمی بۆگەنی جەهلدا نوقمیان بکات. کە گەڕەلاوژەی پۆپۆلیزم، بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی خۆڕسکی ئینساندۆستانە، لە شەقامدا شەپۆل دەدات، ڕۆشنبیر ڕەدووی ئەو قەڵەباڵغییە ناکەوێت و ڕاستییەکانی پشتی پەردە، وەبەر ڕێژنەی ڕووناکی دەدات و دەمامک لە ڕووی هەلپەرستان دادەماڵێت. ڕۆشنبیر کەسێکە مرۆڤدۆست، سواری شەپۆلی ڕەگەزپەرستی نابێت، لە دژی جیاکارییە نەتەوەیی و ئاینییەکان دەبێت، سەنگەری داد و لۆگیک ئاوەدان دەکاتەوە و بابەتیبوون لە دەست نادات.

 ڕۆشنبیری ڕاستەقینە کەسێکە، ڕاستییەکان بە کۆمەڵ بڵێت، نەک لە پێناوی هاڕەی چەپڵەدا، لەو ئاوازە بخوێنێت کە عەوام پەسەندی دەکەن. گوتنی ڕاستی ئاسان نییە و باجی هەیە، بەڵام  خۆ دزینەوە لە گوتنی هەق، بە هەر پاساوێک بێت، دەکەوێتە خانەی ناپاکییەوە. چونکە پۆپۆلیزم، لەسەر سێکوچکەی درۆ و وەهم و گشتاندن ڕۆ نراوە، ڕۆشنبیری ڕاستەقینە، قەت خۆی لە دژایەتیکردنی نادزێتەوە، با ئەو دژایەتیکردنە، بریندارکردنی هەستی عەوامیشی لێ بکەوێتەوە.

 یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕۆشنبیر ئەوەیە، پێداگری لەسەر جیاوازی بکات، ئاخر بەبێ دداننان بە جیاوازیدا، ناگەینە هەواری ئازادی. تەنیا ئەوە بەس نییە، ڕۆشنبیر خاوەنی فیکر بێت، بەڵکوو ئەوە گرنگە، بوێریی ئەوە شک ببات، لە کاتی پێویستدا قسەی دڵی خۆی بکات. ئازادی، ئامانجی ڕۆشنبیرە، بۆیە هەم خۆی ئازادانە ڕەوتار دەکات و ئازادانە دەپەیڤێت، هەم کۆمەڵیش بۆ بە ئازادی پەیڤین و بە ئازادی هەڵسوکەوتکردن هان دەدات. کەمئەندام کەسێک نییە، بەشێکی جەستەی لە کار کەوتبێت، یان ئەندامێکی لەشی لە دەست دابێت، کەسێکە بوێریی بڕیاردان شک نەبات و لێ بگەڕێت کەسانی دیکە لەبری ئەو بیر بکەنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، کەمئەندامی راستەقینە، ئەندامی هەمیشە گوێرایەڵی حیزبە.

 ڕۆشنبیر کەسێکە هەوڵ دەدات عەقڵمان ئازاد بێت، عەقڵمان ئامێرێک نەبێت لە دەستگەیەکدا، عەقڵمان شتێکی تایبەت بێت بە خۆمان، تەنیا خۆمان بەگەڕی بخەین، کەسی دیکە مافی ئەوەی نەبێت لەبری ئێمە بیخاتە گەڕ. لەم گۆشەنیگایەوە بێعەقڵ کەسێکە، عەقڵی ئازاد نەبێت، عەقڵی لای خێڵێک، حیزبێک، یان باوەڕێک دیل بێت، ئاخر ئازادی ئەوەیە عەقڵمان لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بەکار بهێنین، نەک لە قازانجی گرووپێک. ئازادی ئەوەیە لە دەرەوەی پۆل و بە شێوازێکی تایبەت بە خۆمان بخوێنین، نەک وەک تووتی، چییان گوت، بیڵیینەوە، نەک شوێنپێی ئەم و ئەو هەڵبگرین.

 ڕۆشنبیر کەسێکی جیاوازە، ئەوینی بۆ ئازادی، هانی دەدات سڵ لە تێکشکاندنی ڕێسا بەبەردبووە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان نەکاتەوە. ئەوە فریودانی عەوامە، ئەگەر بانگەشە بۆ ڕۆشنگەری بکەین و هیچ ڕۆڵێکیش لە پرۆسەی گۆڕاندا نەگێڕین. کە ڕۆشنبیر لە پێناوی پاراستنی ژیانیدا، لە گوتنی هەق بێدەنگ دەبێت، بەوە تەنیا ناپاکی لە ڕۆڵی خۆی ناکات، بەڵکوو جاڕی مەرگی خۆیشی دەدات. ڕۆشنبیر کەسێکە مل بۆ دەسەڵاتی فیکری زۆربە نەوی ناکات و تەنانەت بێ یەکودوو لە نێوان هەقیقەت و شەریعەتدا، لایەنی یەکەمیان دەگرێت. ئەوەی وای کردووە حەلاج بە نەمریی بمێنێتەوە، ئەوەیە، لە پێناوی پاراستنی ژیانیدا، لە هەڵوێستی فیکریی دروستی خۆی پاشکەز نەبووەوە. لەکن ڕۆشنبیر، هەق لە دەقدا نییە، لە واقیعدایە، ئاخر هەق بە عەقڵ دەرکی پێ دەکرێت، زادەی نەقڵ نییە.

 ڕۆشنبیر نانی خۆی بە لێدان لە ژێی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان دابین ناکات، دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی خۆی، لە قازانجی گۆڕینی واقیع وەگەڕ دەخات. ڕۆشنبیر هەمیشە لایەنی بەها باڵاکان دەگرێت، بە گژ دوژمنانی دادی کۆمەڵایەتیدا دەچێتەوە و سەنگەری هەژاران چۆڵ ناکات. ڕۆشنبیر چونکە لە پێناوی ئازادیدا دەجەنگێت، هەمیشە خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی کە بەرهەمهێنی کۆت و پێوەندن، بە دوور دەگرێت. ئەگەر ڕۆشنبیر دەستی لە هەژاران بەر دا، وازی لە دژایەتیکردنی ستەمکاران هێنا، زوڕنای بۆ حیزب لێدا و کەوتە دووی بەرژەوەندییەکانی خۆی، ئەوە ناپاکیی لە پەیامی خۆی کردووە و وەک هەلپەرستێک ناوی دەچێتە مێژووەوە.

 ئەگەر لە سۆنگەی هەڵەی تاکێکەوە، گرووپێک تۆمەتبار دەکەیت، ئەوە تۆ کەسێکی ڕاسیستی نەک ڕۆشنبیر. کە بێدەسەڵات دەکەوێتە بەر زەبری دەسەڵاتدار، ئەگەر بە ئاشکرا لایەنی یەکەم ناگریت، ئەوە تۆ هەلپەرستیت، نەک ڕۆشنبیر. ئەوە چاوەڕوانکراوە کە دەسەڵاتی ستەمکار، ڕۆڵی ڕۆشنبیر بە هەند وەرنەگرێت و لەڕێی ترساندن و تیرۆرەوە هەوڵی بێدەنگکردنی بدات، بەڵام هەڵبژاردنی بێدەنگی و خۆ بواردن لە ڕسواکردنی ستەمکار، هەڵوێستێکی خۆپەرستانەیە.

 بەدحاڵیبوونێکی کوشندە لەبارەی ڕۆشنبیرەوە هەیە، ئاخر کەسانێکی زۆر بە هەڵە وای بۆ دەچن، ڕۆشنبیر کەسێکە (لە شتێکدا زانایە و شتێک لەبارەی هەموو شتێکیشەوە دەزانێت.) ئەم پێناسەیە گوتنەوەی تێزێکی (جاحیز)ە کە دوازدە سەدەیەک بەر لە هەنووکە کۆچی دوایی کردووە. لەمەیش کارەساتتر ئەوەیە، کەسانی ستووننووس و (شیعر)نووس لە خۆیان وایە ڕۆشنبیرن! بەڵام ئەوپەڕی بەدحاڵیبوون ئەوەیە، چاودێری سیاسی و کادیری حیزبیش خۆیان لە خانەی ڕۆشنبیردا پۆلێن دەکەن. ڕۆشنبیر کە خاوەنی دونیابینییەکی تایبەت بە خۆیەتی و نوێنەری ویژدانی مرۆڤایەتییە، حەیفە سووک سەرنجی بدەین و لە خوتوخۆڕایی و لە هیچی نەبوو، خۆمان لێ ببێت بە ئەو.