ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەرە

لە تەکیەی دەروونم

دەفی مەحەبەت بژەنە

و

کۆڕی خەیاڵم

لێوان لێوکە لە زیکری دیدارت

وەره

خاڵیم کەرەوە لەهەرتەقەی تەنیایی

و

حەلاجی ناخم پڕکە لە ویساڵ

وەرە سەر بخەرە سەر

مەچەکی هەناسەکانم

و

گوێ بنێ بە ترپەی دڵی خەمەکانم

وەرە

دیواری فرمێسکەکانم

مەساج کە

و

قاچی ئازارەکانم بشێڵە

وەره

ئاوێتەی مەرەکەبی مەراقم بە

و

لە ئامێزی دەفتەری ڕۆحم بتوێوە

وەرە

لەناو پێخەفی خەونەکانم

پاڵکەرەوە

و

چەرچەفی چاوەڕوانیم

لە پەنجەرەی دووریت بئاڵێنە

وەرە

حەوشەی بێ نازیم

بە بارانی نیگات

تەڕکە

و

یەسنای سۆزت

لەسەر تای تامەزرۆییم بخوێنە