ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەچمە سەر لوتكەی گۆیژەو

شاخی رەنگاورەنگی گۆیژە دەڵێمەوە،

لەلای سەرا....

سروودێك بۆ شێخ مەحمود،

لە سەربانی حەسیب ساڵح

خوایە وەتەن،

لەناو شەعب ئەحمەد شەماڵ

لە شەقامی سالمیش كەریم كابان،

لە توی مەلیك عوسمان عەلی و

لەناو تیپی پێشڕەویشدا

شانۆی چەخماخە دەبینم.

**

حەزم لێیە.......

لە لۆقنتەیەكی ئەم شارە

لەجیات شەكر

یەك دوو كفتەی سابونکەران بشكێنم

لەجیات سیاسەت

لەجیات نوقورچ لەیەك گرتن

ئاوی نۆكاوێكی پڕ ئێسك هەڵقوڕێنم.

**

زۆر حەزدەكەم بەجلی كوردی

بچمەوە وێ‌ و

كەسێ‌ بەمن نەڵێ‌ گوندی

بەتوانج پێمنەڵێن خێڵەكی و

هەرگیز نابیتە ئەفەندی.

**

چیبكەم ئێجگار حەزم لێیە

بچمەوە شاری سلێمانی

شاری بێكەس و گۆران

ئی قانع و پیرەمێرد

ئی نالی و شیعرو جوانی

**

حەزم لێیە بچمەوە وێ‌....

بۆ هەمیشە

قڵیشانەوەی بازاڕ و

مانگرتن و

مرۆڤی پڕچەك نەبینم

بچمەوە وێ‌.....

هەر لە شەقامی ئۆرزی

یەك دوو خاتوونی ناسكۆڵەو

جوان ببینم.